فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی  ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە درێژەی ناڕەزایەتیی سەرشەقامی خەڵکی خەباتکاری ئابادان
سێشەممە ۱۰-۰۳-۱۴۰۱   |  31-05-2022

لە درێژەی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵکی ئابادان و چەندین شاری دیکە دژبە سەرانی سەرمایە و هۆکارەکانی کارەساتی ڕووخانی بورجی مێترۆپۆل، شەوی یەکشەممە ٨ی جۆزەردانی ١٤٠١ خەڵکی خەباتکار ڕێوڕەسمی عەزاداریی دەوڵەتی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ناڕەزایەتییانەیان شێواند و شەقامەکانی شاریان کردە مەیدانی ناڕەزایەتی دژبە حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران. هاوکات خەڵکی خەباتکاری ئەهواز و مەسجد سولەیمان هاتنە سەر شەقامەکان و لەدژی سەرانی حکوومەتی ئیسلامی درووشمیان وتەوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە خۆی هۆکاری سەرەکیی ڕووخانی بینای مێترۆپۆلی ئابادان و کوژران و کەوتنە ژێر ئاواری دەیان کەس لە هاووڵاتییانی ئەم شارە بوو، فریوکارانە ڕۆژێکی ماتەمینی گشتی بۆ قوربانییانی ئەم کارەساتە ڕاگەیاند. ئێوارەی یەکشەممە شارەداریی ڕێژیم لە ئابادانیش بە ئامانجی بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەمشارە، کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندەکانی بە هۆکاری سەرەکیی کارەساتی ڕووخانی بورجی مێترۆپۆل و گیان لەدەستدان و کەوتنە ژێر ئاواری زیاتر لە ٦٠ کەس دەزانن، مەراسیمی عەزاداریی دەوڵەتیی بەڕێوەبرد. بەڵام خەڵکی خەباتکاری ئابادان، بە چەپڵە لێدان و وتنەوەی درووشم دژبە سەرانی حکوومەتی ئیسلامی و بە هێرش بۆسەر دووربینی سەدا و سیمای ڕێژیم، سوخەنڕانیی نوێنەری بەکرێگیراوی مەجلیسی خوبرەگانی ڕێژیم لە خووزستانیان شێواند و کردیانە دیمەنی ڕسوایی حکوومەتی ئیسلامی و دەست و پێوەندەکانی. لە حاڵێکدا کە فەرماندەی هێزی ئینتزامی هەڕەشەی لە خەڵک دەکرد و داماوانە هەوڵی دەدا کە خەڵک لە عەواقێبی وتنەوەی درووشمی ساختارشکێنانە و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بترسێنێ، جەماوەری ناڕازی بە درووشمی “ئێمە ڕۆڵەی جەنگین” وڵامی هەڵیت و پڵیتەکانی ئەم فەرماندە ئینتزامییەیان داوە. هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم کە جلیقەی زەردیان لەبەردا بوو و کڵاوی ئەمنییەتییان بەسەرەوە بوو لە ترسی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک پەشۆکابوون و گازی فرمێکرێژیان هاویشت و تەقەیان کرد و بە بەرد و باتۆم لە گیانی خەڵک بەربوون. لە حاڵێکدا کە خۆپیشاندان و شەڕ و ڕووبەڕوو بوونەوە گەیشتبووە شەقامەکانی دیکەی شاری ئابادان و دەنگی تەقە لە هەموو شوێنێک دەبیسترا، لاوانی بوێر  و ناڕازی بە درووشمی “دیکتاتۆری سپاهی، داعشی ئێمە تۆی” بەرەنگاری هێزی سەرکوتگەر و پڕچەکی ڕێژیم بوونەوە. لە مەسجد سولەیمان و ئەهوازیش لەگەڵ هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکان بۆسەر ڕیزی خەڵکی ناڕازی و تووڕە، شەقامەکانی ئەم شارە بوون بە مەیدانی شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و خەڵک دژبە ڕێژیم درووشمیان وتەوە. شەوی شەممە واتە ٥ ڕۆژ دوای ڕووخانی بینای مێترۆپۆل، خەڵکی ڕاپەڕیو لە باقیی شارەکانی ئێران درووشمی “خامنەیی قاتڵە، ویلایەتی باتڵە”، “مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر”، “فەرماندەی کوللی قوا، ئیستعفا، ئیستعفا” هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی ئابادان نیشان دا.

لافاوی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک کاتێک کەوتە ڕێ کە هەمان ڕۆژی یەکەمی ڕووخانی مێترۆپۆل مەعلووم بۆوە کە شارەزایان سەبارەت بە ڕەچاونەکرانی بنەما ئیمەنییەکان لە درووستکردنی ئەم بورجەدا پێشتر هوشداریان دابوو. لە هەمان ڕۆژی ئەوەڵی ڕووخانی ئەم بورجەوە بۆ خەڵک ڕوون بوو کە زۆرێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە گەندەڵیی بەرینی ناو پەروەندەی سازکردنی بورجی مێترۆپۆل ئاگادارن و تێیدا دەستیان هەبووە. خەڵکی ئابادان بە ئەزموون بۆیان دەرکەوت کە ئەوە ئەوانن کە بە لەدەستدانی ئازیزانیان تاوانی بەرتیلخۆری و گەندەڵیی ناو پێکهێناتەی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران دەدەن.

ئێستا بۆ خەڵک ڕوون بووەتەوە کە نە کارەساتی ڕووخانی بورجی مێترۆپۆل و قوربانی بوونی خەڵک لەناو ئەم نیزامەدا ڕووداوێکی دەگمەنە و نە سەرکوتگەرییەکانی ڕێژیم دژبە جەماوەرێک کە کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری سەرەکیی ئەم کارەسات و جەنایەتانە دەزانن، بابەتێکی نوێیە. کارەساتی ڕووخانی بورجی مێترۆپۆل و سەرکوتی ناڕەزایەتیی خەڵک دژبەم جەنایەتە ئاشکرایە، وەبیرهێنەرەوەی بەردانەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی بە مووشەکی سپای پاسداران، وەبیرهێنەرەوەی کوشتاری زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لە ناڕازیانی خەزەڵوەری ٩٨، وەبیرهێنەرەوەی ساڵانە ٢٣ هەزار کوشتە بە ڕووداوی هاتوچۆ لەئاکامی بێکەفایەتیی کارگێڕانی ڕێژیم لە کۆنتڕۆڵی ترافیک، وەبیرهێنەرەوەی قوربانییانی سیاسەتی دژە ژینگەیی ڕێژیم، وەبیرهێنەرەوەی قوربانییانی هەموو ڕۆژێی شوێنی نائەمنی کار، وەبیرهێنەرەوەی وەبەر گولـلەدانی هەموو ڕۆژێی کۆڵبەران و سووختبەران و گەلێک جەنایاتی هاوشێوەیە. حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران ئەگەر پێشەنگی سزای ئێعدامە لەئاستی جیهاندا و خۆی ڕۆژ و سەعات و ساتی مەرگی ئینسانەکان دیاری دەکات و بە ئاشکرا و بە نهێنی، تەنافی مەرگ لە گەردنیان دەکات، لەلایەکی دیکەوە بێجگەلە ئەم قەتڵە دەوڵەتی و ڕێکخراوانە، بەجۆرێک بەرامبەر بە سڵامت  و ژینگەی هاووڵاتییانی ئێران نابەرپرسە و بەجۆرێک شوێنی کار و ژیانی خەڵک و بەتایبەت کرێکارانی نائەمن کردووە کە هەر گۆشەیەک لە شوێنی کار و ژیانی خەڵک، بووەتە بەستێنێکی گونجاو بۆ سەرهەڵدانی هەرجۆرە کارەساتێکی دڵتەزێن.

بەڵام ڕێژیمێک کە بێجگەلە مانەوەی دەسەڵاتەکەی بیر لە شتێکی تر ناکاتەوە، ڕێژیمێک کە کارەسات بەدوای کارەساتدا دەخوڵقێنێت و بە شەپۆلی ڕەشبگیرییەکان فەزای سەرکوتی توندتر کردووەتەوە، ڕژێمێک کە بە چەند بەرابەر کردنی نرخی نان و کاڵا سەرەکییەکانی ڕۆژانەی خەڵک ژیانیانی دژوار و تاڵ  کردووە، ڕژێمێک کە کار و ژیانی خەڵک نائەمن، ژینگەیان وێران، ڕێگاکان مەرگبار و ئینسانەکان تووشی مەرگی پێشوەخت دەکات، وەها ڕێژیمێک تەنها بە خەباتی یەکگرتووانە دەڕووخێت. هاوپشتیی خەڵکی ئابادان لەگەڵ بریندارەکان و بنەماڵەی گیان بەختکردووانی کارەساتی ڕووخانی بینای مێترۆپۆل و ناڕەزایەتیی خەڵکی خەباتکاری باقیی شارەکانی ئێران لە ناڕەزایەتی دژبە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم کارەساتە، نیشانەی هاودەردی و هاوپشتیی شکۆداری جەماوەرییە بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئیسلامی و گەندەڵیی سەرمایەداران. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی گیان بەخکردووانی ئەم کارەساتە و هەموو خەڵکی ئێران دەکات و ڕێز لەم هاوپشتییە شکۆدارە دەگرێت.

بڕووخێ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٩ی جۆزەردانی ١٤٠١

٣٠ی مەی ٢٠٢٢