فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران: درێژە و پێشڕەویی ئاخێزی مەهسا لە گرەوی چیدایە؟
پێنجشەممە ۰۷-۰۷-۱۴۰۱   |  29-09-2022

شەپۆلی ئەو ناڕەزایەتییانەی کە دژبە قەتڵی حکوومەتیی مەهسا ئەمینی دەستی پێکردووە ئێستا بووەتە ئاخێزێکی سەرانسەری. ئەگەرچی قەتڵی ژینا ئەمینی بۆ هەموو خەڵکی ئێران ناخهەژێن بوو، و تووڕەیی و ناڕەزایەتیی گشتیی لێ کەوتەوە، بەڵام لە هەمان حاڵدا چەخماخەیەک بوو کە باڕووتی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی پەنگخواردووی خەڵکی گەیاندە ئاستی تەقینەوە. گوشاری قورسی گرانی و هەژاری و فەلاکەتی ئابووری، بێ مافیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، توندوتیژی و بێبەشییەک کە بەسەر ژناندا سەپابوو کۆبووەوە و ئاگری تووڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەری گەشاندەوە. ئەم ئاخێزە بەرینە سیاسییە کە قەتڵی ژینا چەخماخەکەی لێ دا، لەڕاستیدا درێژەی ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ە کە بەهۆی سەرکوتی سیستماتیک و بەرین و بەهۆی قەیرانی کۆرۆناوە تووشی وەستانێکی دوورودرێژ ببوو. بەوەشەوە لەو ماوەیەدا مانگرتنی کرێکاری، مانگرتن و ناڕەزایەتیی مامۆستایان و خانەنشینکراوان بە حزووری بەرچاوی ژنان و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی پردێک بوون کە ئاخێزی خەزەڵوەریان بە ئاخێری سەرانسەری ئێستا پەیوەند دا.
دەستگیرکردن و قەتڵی ژینا بەدەستی هێزە سەرکوتگەرەکانی “گەشتی ئیرشاد” دەستبەجێ ناڕەزایەتیی دژبە کوژرانی ئەوی بە بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان، بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و بە بزووتنەوەی پێشڕەویی خوێندکاری پەیوەند دا و حزووری پڕ ڕەنگی بێبەشانی شار بە درووشمی نان کار ئازادی لەم ناڕەزایەتییانەدا و ڕاگەیاندنی پشتیوانی لەلایەن کرێکارانی هەفت تەپە، شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانکاریی نەوت و کرێکارانی شیرکەتی واحید و سێ ڕێکخراوی خانەنشینکراوان و مامۆستایان، بەرەو ئاراستەیەک دەڕوات تا ئەم ئاخێزە سیاسییانە بە بزووتنەوەی کرێکارییەوە پەیوەند بدات. لەم ڕووەوە ژنان، خوێندکاران، و بێبەشانی شار ڕۆڵێکی یەکجار بەرچاویان بووە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم چەند ڕۆژەی شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران. ناڕەزایەتییەکان دژبە قەتڵی حکوومەتیی مەهسا بە فڕێ دان و سووتاندنی ڕووسەرییەکان، خەباتی ژنان دژبە حیجاب و یاسای پڕتووکاوی ئیسلامیی بردووەتە قۆناخێکی تازەوە. بە زەوی دادانی لەچکە و حیجاب لەسەر شەقامەکان و سووتاندنیان، هێرشێکی بەهێزی سیاسی و ئایدیۆلۆژیکە بۆسەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هەرجۆرە پاشەکشەیەکی ڕێژیم لەم بوارەدا کەشوهەوای کۆمەڵگا کراوەتر دەکات. ئەم هێرشە بەهێزە لە هەمان حاڵدا زەربەیەکی کارییە لەو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنی ڕووسەری بەسەر کە دوای کۆتایی کاری دیکتاتۆری دینی ، بەتەمایە حکوومەتێکی مەزهەبیی بورژوایی دیکە لەژێرناوی “کۆماری دیموکراتیکی ئیسلامی” بێنێتە سەر کار. بەشداریی پڕگوڕوتینی جەماوەر لەم ئاخێزەدا بە درووشمی “مەرگ بۆ چەوسێنەر، چ شا بێت و چ ڕێبەر”، نیشانی دا کە ئۆپۆزیسیۆنی خوازیاری دەسەڵاتی پاشایەتی هیچ پێگەیەکی لەناو ژنانی ستەملێکراو، کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێبەشانی کۆمەڵگەدا نییە. ئەگەر میدیا ئیمپریالیستییەکان ئەم دوو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن گەورە دەنوێنن، تەنیا بەو دەلێلەیە کە دەسەڵاتە گەورەکانی سەرمایەداری وەک ئامرازی گوشار بە ئامانجی سات و سەودا لەگەڵ ڕێژیمی ئسیلامی کەڵکیان لێ وەردەگرن. لە هەمان حاڵدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گوشارەکان بە لێدانی تۆمەتی بێ بنەمای وەک دەست و پێوەندی دەرەکی و هەوڵدان دژبە ئەمنییەتی میللی، چالاکانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و ژنانی خستووەتە ژێر گوشارەوە.
ئەم ئاخێزە کە یەک حەفتەیە درێژەی هەیە هەروەک ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ کاریگەرییەکی ماندگاری لەسەر ڕەوتی هەلومەرجی سیاسی و باروودۆخی خەباتی چینایەتی لە ئێران دادەنێت. بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن و بەم ئیعتبارە بزووتنەوەی خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەچێتە قۆناغێکی تازەوە. هەروەها هاوسەنگیی هێزی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی پێشڕەوی ناڕەزایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە قازانجی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان دەگۆڕێت. و هەروەک ئاخێزەکانی پێشوو هێزێکی تازە بە بزووتنەوەی مانگرتنی کرێکاران و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دەبەخشێت و ڕووحیەی تەعەروزی و تەهاجومی بە ناڕەزایەتییەکان دەدات. ئاخێزی مەهسا ئەگەرچی گوڕوتین و هیوایەکی مەزنی لە کۆمەڵگەدا پێک هێناوە، بەڵام درێژە و پێشڕەوییەکەی لە گرەوی سەرانسەریتر بوونەوە، جەماوەریتر بوونەوە و هاتنە مەیدانی چینی کرێکار لە ئاستی کۆمەڵایەتی و سەرانسەریدایە. هەر ئەندازە ئەم ئاخێزە سەرانسەریتر بێتەوە و پارێزگا و شاری زیاتر لە خۆ بگرێت، دەتوانێ لە چڕبوونەوەی هێزی سەرکوتگەری دوژمن لە ناوەندە سەرەکییەکانی ئەم خەباتە ڕێگری بکات. جەماوەریتر بوونەوەی ئەم ئاخێزە مانعی ئەوە دەبێت کە هێزە سەرکوتگەرەکان بتوانن ڕێزی ناڕازییان پڕژوبڵاو بکەن و ئەم ناڕەزایەتییانە بەرەو شەڕ و تێکهەڵچوونی سەرشەقام بەرن. ئەگەر لە تاران و شارە گەورەکانی تری ئێران، خەڵک لە ئاستی دەیان و سەدان هەزار کەسیدا بڕژێنە سەر شەقامەکان، دوژمن توانای بەرەنگاربوونەوەی نابێت. ئەگەر چینی کرێکار کە بێگومان دڵی لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتییانە لێ دەدات، بە مانگرتنی سەرانسەریی بێتە مەیدان و ماشێنی سەرکوتی ڕێژیم زەمینگیر بکات، دەتوانێ درێژە و پێشڕەویی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە زەمانەت بکات.
لە حاڵێکدا کە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە زیاتر لە هەشتا شاری ئێران هاتوونەتە سەر شەقام و دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامییان بردووەتە ژێر پرسیارەوە و لە حاڵی ناڕەزایەتی و شەڕ و تێکهەڵچووندان لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکان، پێویستە بۆ سەقامگیرکردنی هەر پێشڕەوییەک سەنگەرەکانمان قایمتر بکەین. سەنگەرەکانی ئێمە شەقام، کارخانە و سازماندان و ڕێکخستنە. بۆ پێکهێنانی کۆمیتە و شۆرای گەڕەکەکان، بۆ پێکهێنانی شۆراکانی کارخاهنە و ناوەندە سەنعەتی خزمەتگوزارییەکان نابێ هیچ دەرفەتێک لەدەست بدەین. چینی کرێکاری ئێران لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەزاران مانگرتن و ناڕەزایەتیی چکۆلە و گەورەی تەجروبە کردووە. لە جەرگەی ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییانەدا نەسلێک لە چالاکان و ڕێبەرانی کرێکاری پەروەردە بوون و هاتوونەتە مەیدان کە زۆربەیان تەجروبەی سازماندان و ڕێبەریی مانگرتن، تەجروبەی بەرپاکردنی مەجمەعی عموومی کرێکاری، کۆبوونەوەی نوێنەرانی کرێکاران، پێکهێنانی کۆمیتەی مانگرتن و دەخاڵەتدانی کرێکاران لە بڕیاردانیان هەیە. ئەم تەجروبە و ئەزموونانە نیشانی دەدات کە ماتریالی ئینسانی و کادری ڕێکخەر کە بە ئاراستەی شۆرایی و ئیدەی دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی کرێکاران لە بڕیارداندا بارهاتوون، لەناو بزووتنەوەی کرێکاریی ئێراندا بوونی هەیە. بە پشت بەستن بەم ئەزموون و کادرە لێهاتووانە، بۆ پێکهێنانی شۆراکان لە کارخانە و ناوەندەکانی خزمەتگوزاری، لە مەدرسە و زانکۆ و گەڕەکەکان، پێویستە قۆڵمان هەڵماڵین.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران داوا لە هەموو خەڵکی خەباتکاری ئێران، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دەکات کە یەکپارچە و یەکگرتووانە بۆ کۆتایی هێنان بە ستەم و هەڵاواردن و نابەرابەریی چینایەتی بێنە مەیدان. کرێکارانی هەفت تەپە، کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمییەکان، کرێکارانی فوولادی ئەهواز، ئازەرئاب و هێپکۆی ئەراک، کرێکارانی مەعدەن و ڕێگەی ئاسن، مامۆستایان و باقیی بەشەکانی چینی کرێکار کە بە مانگرتنی شکۆداری خۆیان بڕبڕەی پشتی بزووتنەوەی ئازادیخوازانە دژبەم باروودۆخەیان پێکهێناوە، دەتوانن بە مانگرتنی خۆیان پاشەکشە بە هێزی سەرکوتگەری ڕێژیم بکەن و پێشڕەویی ئەم ئاخێزە زەمانەت بکەن.

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٣١ی خەرمانانی ١٤٠١
٢٣ی سێپتامبری ٢٠٢٢