فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە بەبۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانی هاوڕێ عیسا جەمشیدی
شەممە ۱۵-۱۱-۱۴۰۱   |  04-02-2023
ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەبۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانی هاوڕێ عیسا جەمشیدی

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هاوڕێ عیسا جەمشیدی (عیسا سوور) کادری بەرجەستەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و فەرماندەی شۆڕشگێڕ و لێهاتوو، فیداکار و جەسوور، سیمای خۆشەویستی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە ١٥ی مانگی ڕێبەندان بەرابەر لەگەڵ ٤ی فێوریە، لە ماڵی خۆی لە شاری ستۆکهۆڵم دوای ساڵەها موقاومەت لە بەرابەر نەخۆشی دیابێت، لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا بۆ هەمیشە بەجێی هێشتین.

هاوڕێ عیسا لە ئاوایی نەجەف ئاوای سەربە شاری کامیاران لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش لە دایک بوو. لە قۆناغی تازەلاوییەوە بۆ دابینکردنی بژێوی بنەماڵەی لە شارە جۆراوجۆرەکان کرێکاریی کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ دەرد و ڕەنج و بارودۆخی ژیانی کرێکاران ئاشنا بوو. بەر لە سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی ساڵی ٥٧ی هەتاوی هاوڕێ عیسا سەرباز بوو بەڵام گوڕوتینی خەباتکارانە و هەستی بەرپرسایەتی بەرامبەر بە چارەنووسی ناڕەزایەتیی جەماوەری خەڵک کە بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەڵتەنەتیی پەهلەوی ڕاپەڕیبوون، بوو بەهۆی ئەوەیکە بڕیار بدات پادگان بەجێ بهێڵێت و بە ڕیزی خەباتی جەماوەر پەیوەست بێت. لەگەڵ بەسەرەنجام گەیشتنی ڕاپەڕین و ڕووخانی ڕژیمی شا، بە ڕیزەکانی خەباتی کۆمەڵە پەیوەست بوو و زۆر بەخێرایی بوو بە کەسایەتییەکی باوەڕپێکراو و جێگای متمانە لەناو پێشمەرگەکان و جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ناوچەکە.

ئەوەیکە لە بیر و زەینی هەموو ئەو کەسانەدا ماوەتەوە کە دەیناسن ئەوەیە کە عیسا جەمشیدی هێمای سەداقەت، فیداکاری، هەست بە بەرپرسایەتی و لێبڕاوبوون لە مەیدانی تێکۆشان، باوەڕی قووڵ بە سۆسیالیزم و خەبات دژبە نیزامی سەرمایەداری، داکۆکیکاری بەردەوامی بەرژەوەندی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و ستەملێکراو بووە. وجوودی هاوڕێ عیسا لە ڕەئسی هەر واحیدێکی نیزامی، هەستی ئارامی و ئەمنییەتی بە پێشمەرگەکان دەدا. هاوڕێ عیسا بۆ چەندین دەورە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە بوو. لەم دەورەیەی دواییدا لە جەرەیانی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە بەهۆی نەخۆشییەوە نەیویست لەم پێگە تەشکیلاتییەدا بمێنێتەوە.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) وێڕای دەربڕینی غەمی فراوان بەخاتری لەدەستدانی ئەم کادرە دڵسۆز و فیداکارەی، پڕسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی هاوسەری دڵسۆز و ئازیزی کوبڕا غەریبی، منداڵەکانی ئالان و سارا، خوشکەکەی تەڵا جەمشیدی و گشت ئەندامانی بنەماڵەی و سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە، کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان و هەموو خۆشەویستانی دەکات.

با بە درێژەدانی ڕێگای یادی بەرز ڕابگرین.



کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

٤ی فێوریەی ٢٠٢٣

١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١