فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ پشتیوانی لە بەیاننامەی داخوازییە لانیکەمەکانی بیست ڕێکخراوی سەربەخۆی سینفی و مەدەنی
هەینی ۲۸-۱۱-۱۴۰۱   |  17-02-2023
ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ پشتیوانی لە بەیاننامەی داخوازییە لانیکەمەکانی بیست ڕێکخراوی سەربەخۆی سینفی و مەدەنی

پێنج مانگ لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و لە دەستپێکی ناڕەزایەتیی بەرینی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران دژبە قەتڵی دەوڵەتیی ژینا و هەڵچوونی تووڕەیی جەماوەر دژبە گرانی و هەژاری و فەلاکەتی ئابووری، دژبە بێمافیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، دژبە توندوتیژی و هەڵاواردنی ڕەگەزی داسەپاو بەسەر ژنان، تێدەپەڕێت. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا ئەگەرچی لە ناڕەزایەتی و شەڕ و تێکهەڵچوونی هەموو ڕۆژێی سەرشەقام و تەڵەفاتی سێ مانگەی ئەوەڵی فاسلەی گرتووە، بەڵام بەشێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە و بەردەوامبوونی خۆی بەشێوەی بزووتنەوەی داخوازیی کرێکاران و خانەنشینان و ناڕەزایەتیی جەماوەر پاراستووە. سەرکوتی بەرین و کوشتار لە سیستان و بەلووچستان و کوردستان نەتەنیا خەڵکی ئێرانی چاوترسێن نەکردووە، بەڵکوو هێزی هاوپشتیی لەناو خەڵکدا تەقویەت کردووە. لە هەموو شوێنێک ترس لە سەرکوت جێگای خۆی داوە بە خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوە دژی هێزە سەرکوتگەرەکان و گشت دەزگای دەسەڵاتدار. درێژەی گوشاری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا، داڕمانی ئابووری و پەراوێزکەوتنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەئاستی ناوچەکە و جیهان و هەروەها پەرەسەندنی نزاع و کێشمەکێش لەنێوان سەرانی حکوومەت، هاوسەنگیی هێزی بەقازانجی ڕیزی خەباتی جەماوەر و بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕیوە. ئەم پێگە لاوازەی کۆماری ئیسلامی و داماوی و بێتوانایی سەرانی ڕژیم بەرامبەر بەو قەیرانانەی کە سەرتاپێی ڕژیمی داگرتووە، زەمینەی جموجۆڵی تازەی لە نێوان بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەی ئاڵتێرناتیڤسازی لەسەر سەری خەڵکی ئێرانەوە پێکهێناوە. لە جەرگەی ئەم بارودۆخەدا بیست ڕێکخراوی سینفی و مەدەنی لە ئێران بەیاننامەی داخوازییە لانیکەمەکانی خۆیان ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی مانگی ڕێبەندان بەرابەر لەگەڵ ١٤ی فێوریەی ٢٠٢٣ بڵاوکردەوە. ڕێکخراو و ناوەندە سینفی و مەدەنییەکانی واژۆکاری ئەم بەیاننامەیە وێڕای دژایەتییان لەگەڵ شکڵ گرتنی هەرجۆرە دەەسەڵاتێک لەسەر سەری خەڵکەوە تەئکیدیان کرد لەسەر “یەکگرتوویی و هاوپشتیی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و داخوازی و بەردەوامبوونی خەبات بۆ کۆتایی هێنان بە بارودۆخی دژەئینسانی ئێستا. هەروەها وەدێهاتنی خواستە لانیکەمەکانیان بە یەکەمین ئاکامی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران، تاکە ڕێگای دامەزراندنی پێکهاتەی کۆمەڵگایەکی نوێ و مۆدێرن و ئینسانی لە ئێران پێناسە کردووە و لە هەموو ئینسانێکی شەریف کە دڵیان بۆ ئازادی و بەرابەری و ڕەهایی لێدەدات داوایان کردووە کە لە کارخانەوە تا زانکۆ و مەدرەسە و مەحەلات تا ئاستی نێونەتەوەیی، ئاڵای ئەم داخوازییە لانیکەمانە، بەرز بکەنەوە”.

لەم بەیاننامەیەدا بۆ نموونە لەسەر ئازادیی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی هەموو زیندانیانی سیاسی، مەنعی بەتاوان زانینی چالاکیی سیاسی، ئازادیی بێ شەرت و مەرجی بیروباوەڕ و ئەندێشە، چاپەمەنی، تەحەزوب، ڕێکخراوی مەحەلی و سەراسەریی سینفی، هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای ئێعدام، ڕاگەیاندنی دەستبەجێی بەرابەریی کامڵی مافی ژنان لەگەڵ پیاوان لە هەموو بوارێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کلتووری و بنەماڵەیی، نەمان و هەڵوەشاندنەوەی بێ شەرت و مەرجی یاسا و ڕێسای هەڵاواردن دژی ئاراستە جنسی و جنسیەتییەکان، جیایی دین لە دەوڵەت، دابینکردنی ئیمەنیی کار، ئەمنییەتی شوغڵی و بردنەسەرەوەی دەستبەجێی حەقدەستی کرێکاران، مامۆستایان، کارمەندان و هەموو زەحمەتکێشان شاغڵ و خانەنشین، نەمانی یاسا و هەرجۆرە ڕوانگەیەکی پارێزەری هەڵاواردن و ستەمی نەتەوەیی و ئایینی، دەستبەسەرداگرتنی دارایی هەموو کەسانی حەقیقی و یاسایی و ناوەندە دەوڵەتی و خسووسییەکان کە بە تاڵانکردنی ڕاستەوخۆ یان ڕانتی حکوومەتی، ئەمواڵ و سەروەتی خەڵکی ئێرانیان بەتاڵان بردووە و تەرخانکردنیان بۆ مۆدێرنکردن و گەشەی بواری پەروەردە، سندووقی خانەنشینی، ژینگە، کۆتایی هێنان بە وێرانکردنی ژینگە، ڕێگریکردن لە کاری منداڵان و دابینکردنی ژیان و پەروەردەیان بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بنەماڵە، تەئکید کراوە.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بڵاوکردنەوەی وەها بەیاننامەیەکی داخوازی لەلایەن ڕێکخراو و ناوەندە سینفی و مەدەنییەکانی ئێران بەدەر لە هەر تێبینییەک کە لەسەر هێندێک لەم “ڕێکخراوانە” هەیبێت، بە هەنگاوێکی گرینگ و بەنرخی دەزانێت لەپێناو پەرەپێدانی ئاسۆیەکی ڕوون لەبەردەم بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و لەپێناو پێکهێنانی ڕێبەری سەراسەری و وڵامی لێبڕاو بە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیی ئێران کە دیانهەوێ لەسەر سەری خەڵک و بە یارمەتیی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان پڕۆژەی دروستکردنی ئاڵتێرناتیڤ بەڕێوەبەرن.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای پشتوانی لەم کردەوەیەی ڕێکخراو و ناوەندە سینفی و مەدەنییەکان و پشتیوانی لە بەیاننامەی داخوازییە لانیکەمەکانیان تەئکید دەکات کە تەنها لەڕێگەی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، بەرپاکردنی دەسەڵاتێکی شۆرایی کە کرێکاران و زەحمەتکێشان لەم پێکهاتە شۆراییەدا بتوانن لە مودیریەت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا ڕاستەوخۆ دەخاڵەت بکەن و بە هێرشکردنە سەر سەرمایەداری بە هەڵوێستی سۆسیالیستییەوە ئەم داخوازییانە دێنە دی. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران داوا لە هەموو هێزەکانی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیی ئێران، ناوەند و هێزە پێشکەوتنخوازەکان، سەرجەم ناوەند و چالاکانی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و لاوانی شۆڕشگێڕی مەحەلات لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران دەکات کە لەم بەیاننامەیە پشتیوانی بکەن.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠١

١٥ی فێوریەی ٢٠٢٣