سەرەنجام دوای چەندین مانگ چەنەلێدان لە شۆرای باڵای کاری پێکهاتوو لە نوێنەرانی دەوڵەت، نوێنەرانی خاوەنکارانی کەرتی تایبەت و دەوڵەتی و نوێنەرانی ڕێکخراوە کرێکارییەکانی سەربە ڕژیمی ئیسلامی لەم ناوەندە دژەکرێکارییەی ڕژیم، ئاستی بردنەسەرەوەی حەقدەستی کرێکارانیان بۆ ساڵی ١٤٠٢، ٢٧ لەسەد ڕاگەیاند. بەپێی ئەم بڕیارە لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران لە ساڵی ١٤٠٢ شەش ملیۆن و ٤٣٣ هەزار تمەن بۆ بنەماڵەی ٣.٣ کەسی و هەشت ملیۆن و ٢٠٨ هەزار و ٣٦٠ تمەن بۆ بنەماڵەی کرێکاریی چوار کەسی دیاری کراوە. شۆرای باڵای کاری ڕژیم ڕێژەی ئەم زیادکردنەی بۆ باقیی ئاستەکانی دیکەی حەقدەست ٢١ لەسەد دیاریکردووە. دیاریکردنی ئەم ئاستە لە لانیکەمی حەقدەست لە حاڵێکدایە کە هەزینەی سەبەدی مەعیشەتی کرێکاران کە هەزینەی خۆراک، پۆشاک و دەرمان تا کرێی ماڵ و هەزینەی هاتوچۆ و پەروەردە و تەفریح لەخۆدەگرێت، هەر هەموویان لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. واتە ئەگەر سەبەدی مەعیشەت لە سەرەتای ساڵی ١٤٠١ سەرووی ١٣ ملیۆن تمەن بەرئاورد دەکرا لەئێستادا بەلەبەرچاوگرتنی دابەزین و نەوەسانی قیمەتی دۆلار، هەزینەی سەبەدی مەعیشەتی بنەماڵەیەکی کرێکاری لەنێوان ٢٦ تا ٣٠ ملیۆن تمەندایە. لەم بارودۆخە قەیراناوییەدا کرێکاران بە قەراردادی کاتیەوە یان کرێکارانێک کە لە کارگە چکۆلەکان کار دەکەن وە یاسای کار بەریان ناکەوێ لە بارودۆخێکی یەکجار نالەبارتر و قەیراناویتردا بەسەر دەبەن. داسەپاندنی وەها بارودۆخێکی غەیری ئینسانی و فەلاکەتبار لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەر کرێکاران، ئیدامەی مەنتقیی سەرکوتی بەرین وکوشتار، هێرشی شیمیایی بۆسەر مەدرەسەکان و بە بەندکێشانی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێرانە کە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا بۆ کۆتایی هێنان بە هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و بێمافیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی عەزمیان جەزم کردووە و هاتوونەتە مەیدان.
دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی لە درێژەی سیاسەتە نێئۆلیبرالییەکاندا بە ڕاگەیاندنی بڕی دیاریکراو بۆ لانیکەمی حەقدەست بۆ جارێکی دیکە نیشانی دا کە دەیهەوێت باری قورسی قەیرانی سەرمایەداریی ئێران و زیانەکانی سەرچاوەگرتوو لە سیاسەتی زێدەخوازانەی ڕژیم و گەمارۆ نێونەتەوەییەکان لەڕێگەی هەژاری و فەلاکەتی زیاترەوە بەسەر ملیۆنان بنەماڵەی کرێکاریدا بسەپێنێت. دەوڵەتی ڕەئیسی لە حاڵێکدا هێرش بۆسەر ژیانی کرێکاران درێژە دەدات کە بەپێی گەڵاڵەی بودجەی دەوڵەت لەمساڵدا بودجەی ئۆرگانە سەرکوتەکان بۆ نموونە تەنیا بودجەی سێ ناوەندی سەرکوتی ڕژیم واتە سپای پاسداران، وەزارەتی ئیتلاعات و فەرماندەیی گشتی ئینتزامی زیاتر لە دوو بەرابەر زیادی کردووە. بەڵام حاکمانی سەرمایە کاتێک کە مەسەلەی بردنەسەری لانیکەمی حەقدەست دێتە گۆڕێ چوونەسەرەوەی تەوەرۆم و “دەخڵ و خەرجی” دەوڵەت دەکەنە بیانوو. شۆرای باڵای کاری دەوڵەتی ڕەئیسی لە حاڵێکدا لانیکەمی حەقدەستی مانگانە ٦ ملیۆن و ٤٣٣ هەزار تمەن بۆ ساڵی ١٤٠٢ دیاریکردووە کە ڕێکخراوە کرێکارییەکانی سەربەخۆ لە دەوڵەت بە سەرنجدان بە هەزینەی مانگانەی ژیانی بنەماڵەیەکی شاری و بەلەبەرچاوگرتنی دابەزینی بەهای ڕیاڵ و تەورەۆمی بەرینی ئێستا و تەوەرۆمی چاوەڕوانکراو لەساڵی داهاتوو، لەسەر حەقدەستی مانگانە ٢٦ تا ٣٠ ملیۆن تمەن تەئکیدیان کردووە. بەم حاڵەوە فاسلەی لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراو لەلایەن “شۆرای باڵای کار” لەگەڵ هەزینەی دابینکردنی سەبەدی بژێوی کرێکاران نیشانی دەدات کە ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداران تەنانەت حازر نییە هەزینەی بەرهەمهێناوەوەی هێزی کار کە شتێک نییە بێجگەلە هەزینەی پێداویستیی ڕۆژانەی کرێکار و بنەماڵەکەی واتە هەزینەی خواردن و پۆشین و تەندرووستی بدات.
بەلەبەرچاوگرتنی سەرسەختیی سەرمایەداران بۆ لەخوارێ ڕاگرتنی لانیکەمی حەقدەستەکان، دیاریکرنی لانیکەمی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ تێچووی دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی، و دیاریکردنی هێڵی سوور بۆ سەرمایەداران تا حەقدەستەکان لەئاستێک نەتوانن کەمتر بکەنەوە، یەکێک لە داخوازییەکانی کرێکاران و لە خاڵە هەستیارەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێرانە. بەشی پێشڕەوی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران وەک بەشێک لە بزووتنەوەی چینی کرێکاری جیهانی بەو ئامانجەوە کە کەم داهاتترین بەشی چینی کرێکاریش بتوانێت بەسەرەنجدان بە ئاستی تەوەرۆمی واقعی، پێداویستییە ئەساسییەکانی ژیانی خۆی دابین بکات، لەسەر بردنەسەرەوەی ئاستی حەقدەستەکان تەئکید دەکات.
ئەم پەلامارە بەرینە بۆسەر ژیان و گوزارانی چینی کرێکار لە هەڵسەنگاندنی نەزانانەی سەرانی حکوومەتی ئسیلامیەوە سەرچاوە دەگرێت کە لایان وایە توانیویانە بە پەرەپێدانی سەرکوت و دامرکانی ناڕەزایەتییەکانی شەقام بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ڕاپەڕیو خامۆش بکەن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە داماوی ڕژیم لە وڵامدانەوە بە خواستی خەڵک و بێتوانایی دەزگای ئیدیۆلۆژیکی ڕژیم بۆ مەشرووعیەت بەخشین بەم ئەوزاعە فەلاکەتبارە، زەمینەی ئیدامەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و هەڵچوونی گرکانی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی کرێکاران و خەڵکی ژێرستەمی هەروا زیندوو ڕاگرتووە.
بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، سەرەڕای ئەوەیکە لە ناڕەزایەتی و بەرەنگاربوونەوەی سەرشەقامی سێ مانگەی ئەوەڵ فاسلەی گرتووە، بەڵام بەشێوەی بزووتنەوەی داخوازیی کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشینان درێژەی بووە، و بردنەسەرەوەی ئاستی حەقدەستەکان وێڕای دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی خاوەنی هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتییە. لەم بارودۆخەدا لە ڕێکخراوەکان، هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاری کە لەگەڵ ناوەندەکانی خەباتی کرێکاران لە پەیوەندی نزیک دان، چاوەڕوان دەکرێت کە دەست بخەنە ناو دەستی یەک و لەدەوری یەک کۆببنەوە و بۆ جێخستنی پەیوەندی و هاوکاری لەپێناو ڕێکخستنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەری کرێکاران لە دەوری بردنەسەرەوی ئاستی حەقدەستەکان بەستێنسازی بکەن. سازماندانی ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەرین و یەکپارچە لە کارخانە و ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان تەنیا زامنی درێژە و پێشڕەوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و زامنی تێکشاندنی پەلاماری بەرینی حکوومەتی ئیسلامییە بۆسەر ژیانی کرێکاران.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
خاکەلێوەی ١٤٠٢
مارسی ٢٠٢٣