لە سەروبەندی شازدەی سەرماوەز ڕۆژی جیهانیی خوێندکار داین. ئەم ڕۆژە، ڕۆژی بەرزڕاگرتنی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە کە بەردەوام لە جەرەیانی ڕووداوە گرینگەکانی کۆمەڵگا وەک هێزێکی شۆڕشگێڕ هاتووەتە مەیدان. لە ٢٨ی گەڵاوێژی ساڵی ١٣٣٢ کاتێک کە کودتا دوایین موقاومەتەکانی کۆمەڵگای تێکشکاند، خوێندکاران دژبە کودتا خەباتیان کرد و قوربانییان دا. ئەم موقاومەتە دەسپێکی پێکهاتنی سوننەتێکی خەباتکارانەی ڕادیکاڵ لە بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێراندابوو. بزووتنەوەی خوێندکاری لە درێژەدا لەگشت کێشمەکێشە سیاسی و چنایەتییەکانی کۆمەڵگادا بەشێوەی بەرچاو بەشداریی کرد. پاش ڕاپەڕینی ساڵی ٥٧ لە نەبەردی نێوان شۆڕش و دژەشۆڕشدا، خوێندکاران زانکۆیان کردە گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەر شتێک کە نوێنەری کۆنەپەرستی و دژەشۆڕش بوو. ڕێک لە کاتێکدا کە دژەشۆڕش لەژێر سێبەری “ئینقلابی فەرهەنگی”دا بەشێوەی هەمەلایەنە هەوڵی دا کە ئەم سەنگەرە بگرێتەوە، بەرەوڕووی خۆڕاگریی گیانفیدارانەی خوێندکاران بووەوە. ئەگەرچی خۆیەکلاکردنەوەی خوێناویی دژەشۆڕشی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو بۆ ماوەیەک بێدەنگییەکی گۆڕستانیی بەسەر زانکۆکاندا زاڵ کرد، بەڵام لەژێر پێستی کۆمەڵگادا ئەوان خۆیان بۆ نەبەردەکانی داهاتوو ئامادە کرد. لە مانگی پووشپەڕی ١٣٧٨ و لەوپەڕی زاڵبوونی وتاری ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی، بۆ جارێکی دیکە خوێندکاران تەلبەندی زانکۆکانیان کردەوە و هاتنە سەر شەقامەکان. سەرکوتی خوێناویی ئاخێزی خوێندکاران و هاودەنگیی هەر دوو باڵی ڕژیم لەم سەرکوتدا، خۆی بەستێنسازی پاشەکشەی باسکی باندەکانی ڕژیم لە زانکۆکان و سەرهەڵدانی دووبارەی سوننەتی شۆڕشگێڕانە لەناو بزووتنەوەی خوێندکاریدابوو. لەم ڕێکەوتەوە بزووتنەوەی خوێندکاری هەنگاو بە هەنگاو وەک بزووتنەوەیەکی ڕوولەگەشە و چەپ و ڕادیکاڵ درێژەی بە پێشڕەویی خۆیدا. لەخۆڕا نییە کە ئیدێئۆلۆگەکانی ڕژیم بەناچار دانیان بەوە دانا کە “ئەمڕۆ لە ناو زانکۆکاندا نە بەسیجی خوێندکاری و نە ڕێکخراوی ڕێفۆرمخواز ماوە. درووشمی مرۆڤدۆستانە و عەداڵەتخوازانە لە لایەن بەسیجی خوێندکاری و ڕێکخراوی ڕێفۆرمخوازەوە ناوترێت، بەڵکوو مارکسیستەکان لەم بوارەدا ئاڵاهەڵگرن”.
خوێندکاران لە ئاخێزی سەرتاسەریی بەفرانباری ٩٦یش کە گۆڕانکارییەکی گەورەی لە وشیاریی جەماوەردا پێکهێنا، چالاکانە بەشدارییان کرد. درووشمی “ئیسلاح تەڵەب، ئۆسوولگەرا، ئیتر تەواوبوو ماجەرا” بەشی ڕادیکاڵی بزووتنەوەی خوێندکاریی بەرەو ئاخیزە جەماوەرییەکان برد. ئاخێزی مانگی بەفرانباری بەم درووشمە و بەم ئاستە لە وشیارییەوە، کۆتایی زاڵبوونی وتاری ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتیی بەسەر کەشوهەوای سیاسیی کۆمەڵگادا ڕاگەیاند. ئەوەش بەمانای تێپەڕین لەو بۆچوون و گوفتمان و ڕێکاچارانە بوو کە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لەبەردەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیان دادەنا. بەڵام کۆمەڵگا لە مانگی بەفرانباردا ڕانەوەستا و ئەم جارەیان لە خەزەڵوەری ٩٨دا بە ڕووحییەیەکی هێرشبەرانەترەوە هاتە مەیدان. خوێندکاران لەو حەوت ڕۆژەدا کە ئاخێزی جەماوەری ئێرانی لەرزاند، لەگەڵ بێبەشانی شاری هاوڕێ بوون، شان بە شانیان خوێنیان ڕژایە سەر سەنگفەڕشی شەقامەکان، و هاوڕێ لەگەڵیان بە بەند کێشران. لە خۆڕا نەبوو کە دوو حەوتوو پاش ئاخێزی خەزەڵوەر لە ساڵوەگەڕی شازدەی سەماوەزدا خوێندکاران ڕایانگەیاند کە “ئێمە خوێندکار نین مەگەر نیسبەتی خۆمان لەگەڵ خوێنە ڕژاوەکان و لەگەڵ دەستبەسەرکردنی هاوکلاسییەکانمان و لەگەڵ کەشوهەوای ئەمنییەتیی زانکۆ ڕوون بکەینەوە. بێدەنگی لەم باروودۆخەدا بەواتای هاودەستی لەگەڵ سەرکوت، هاودەستی لەگەڵ کوشتاری هاوڕێیانمانە”. خوێندکاران لە بەرامبەر سەرکوتی خوێناویی ڕاپەڕینی مانگی خەزەڵوەردا نەتەنیا چاوترسێن نەبوون، بەڵکوو بە دەنگی ڕەساوە ڕایانگەیاند کە ڕێگای گیان بەختکردووانی خەزەڵوەر درێژەپێدەدەن. بەمجۆرە خوێندکاران نیشانیان دا کە لە خەباتی بێبەشانی شاری دژبە خوێنڕێژانی سەرمایە، لە شەڕی نێوان هەژاری و سەروەت، لە دوژمنایەتیی نێوان دیکتاتۆری و ئازادی، لە دوژمنایەتیی نێوان هەڵاواردنی ڕەگەزی و ڕزگاریی ژن، لە کوێدا ڕاوەستاون. فڕێدانی ڕووسەری لە لایەن کۆمەڵێک ژنی لاو لە ڕێوڕەسمی جێژنی دەرچوون لە بەرامبەر زانکۆی تاران لە ڕۆژی یازدەی خەزەڵوەر، نموونەیەکی دیکە لە هێرش بۆسەر یەکێک لە بنەما ئیدێئۆلۆژیکەکانی ئەم ڕژیمە و خەباتی خوێندکاران دژبە حیجابی ئیجباری بوو. بێگومان دەتوانین بڵێین کە بەشی پێشڕەو و ڕادیکاڵی بزووتنەوەی خوێندکاری ستراتێژی یەکگرتوویی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاریی، هەژاران و بێبەشانی کۆمەڵگای گرتەبەر. هاواری “ڕۆڵەی کرێکارانین، هەردەم پشتیوانیانین” لە زانکۆکان، بەڕێوەبردنی ئاکسیۆن بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی کرێکاران، هاوڕێیەتی لەگەڵ مانگرتنی سەرتاسەریی موعەلیمان و خوێندکاران، پەیوەست بوون بە ڕیزی ئەو ژنانەی کە حیجابیان بە زەویدادا، ڕەنگدانەوی ئەم هەڵوێستە ڕادیکاڵە لەناو بزووتنەوەی خوێندکاریدایە.
ڕێوڕەسمەکانی شازدەی سەرماوەزی ئەمساڵ لە باروودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە کۆمەڵگا هەنگاو بە هەنگاو بەرەو باروودۆخێکی شۆڕشگێڕانە دەڕوات. درووست یەک ڕۆژ پاش گاڵتەجاڕیی هەڵبژاردنەکانی ڕژیم و دەستنیشانکردنی جەلادێک بۆ سەرۆکایەتیی دەزگای بەڕێوەبەری، کرێکارانی نەوت و گاز و پێترۆشیمی دەستیان دایە مانگرتنی سەرتاسەری. کرێکارانی حەوت تەپە مانگرتنەکانیان دەستپێکردەوە، لە خووزستان خەڵک دژبە کەم ئاوی ڕاپەڕین، موعەلیمان لە دەستپێکی ساڵی خوێندندا چەندین ناڕەزایەتیی سەرتاسەرییان ڕێکخست. لەئێستادا چەندین ڕۆژە کە خەڵکی ناڕازی لە ئیسفەهان و چوار مەحاڵ و بەختیاری بۆ دەستڕاگەیشتن بە سەرەتاییترین پێداویستیی ژیان واتە ئاو، هاتوونەتە سەر شەقامەکان و لە بەرامبەر هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمدا خۆڕاگری دەکەن. هەموو ئەوانە نیشانەی بوونی تواناییەکی ئاڵوگۆڕخوڵقێنە کە کۆمەڵگا بەرەو قۆناغی شۆڕشگێڕانە دەبات.
لەڕاستیدا خوێندکارانیش لەگەڵ هەموو ئەو کێشەوگرفتانە بەرەوڕوون کە گشت کۆمەڵگا لەگەڵی بەرەوڕوون. دواهاتەکانی داڕمانی ئابووری، داسەپانی هەژاریی کەمەرشکێن بەسەر زۆربەی کۆمەڵگا لەپەنا ئیختلاسە نجوومییەکان، تەوەرومی هەوسارپچڕاو، کارتۆنخەوی، حاشیەنشینیی ملیۆنی، لەناوچوونی ژینگە و هتد، ژیان و داهاتووی پیشەیی خوێندکارانی یەکجار خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە. سەرەڕای هەمووی ئەمانە خوێندکاران ناچارن دژبە پادگانی کردنی زانکۆکان، دژبە هەڵاواردنی ڕەگەزی و دژبە دواکەوتووترین ناوەرۆکی سیستەمی پەروەردە و کاڵایی کردنی فێرکاریی باڵا خەبات بکەن. هەربۆیە بزووتنەوەی خوێندکاری لە پێشڕەویی بەرەو باروودۆخی شۆڕشگێڕانەدا، ڕۆڵی بەرچاوی خۆی دەنوێنێت. ئەگەر لە جەمسەربەندیی ئێستای کۆمەڵگادا خوێندکاران ڕایانگەیاندووە کە لە جەمسەر و بەرەی کرێکاران و بێبەشان دان، ئەو ئەرکەشیان لەسەر شانە کە لە جەرگەی خەباتی چنیایەتیدا و لە کێشمەکێشی ئەو بەدیلانەی کە لە بەرامبەر کۆمەڵگا دادەندرێن، ئاڵاهەڵگری بەدیلی سۆسیالیستی بن.
پێرۆز بێت ١٦ی سەرماوەز، ڕۆژی خوێندکار
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
سەرماوەزی ١٤٠٠
دێسامبری ٢٠٢١