فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران: خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیل قوربانیی شەڕی دوو بەرەی کۆنەپەرست
دوشەممە ۱۷-۰۷-۱۴۰۲   |  09-10-2023

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران: خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیل قوربانیی شەڕی دوو بەرەی کۆنەپەرست

بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٧ی مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ هێزە چەکدارەکانی لقی نیزامیی حەماس لە جەریانی هێرشێکی لەناکاودا لەژێرناوی “تۆفانی ئەقسا” نفووزیان کردە ناو هێندێک لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی ئیسرائیل و بەپێی ڕاپۆرتەکان دەیان کەس لە سەربازانی ئیسرائیلیان کوشتووە و بەریندار کردووە یان بەدیل گرتوویانن. هێزەکانی شاخەی نیزامیی حەماس هاوکات هەزاران مووشەکیان بەرەو شارەکانی ئیسرائیل هاویشتووە. بەهۆی ئەم بوردومانەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٥٠ کەس لە خەڵکی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ١٨٠٠ کەسیش برینداربوون. ئەرتەشی ئیسرائیلیش کاتژمێرێک دوای ئەم هێرشانە هێرشی ئاسمانیی بەرینی لەژێرناوی “شمیرە ئاسنینەکان” بۆسەر کەرتی غەزە دەستپێکردووە و دانیشتووانی غەزەی خستووەتە ژێر ئاگری بۆمبارانێکی قورسەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان لەماوەی یەک ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە دانیشتووانی کەرتی غەزە گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەس برینداربوون. نەتانیاهو سەرۆکوەزیرانی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل دۆخی جەنگیی ڕاگەیاندووە و هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە غەزە لەگەڵ خاک یەکسان دەکات.

ئەم شەڕە مەرگبارە لە درێژەی هەفتەها گرژی و تێکهەڵچوون لە سنوورەکانی ئیسرائیل و کەرتی غەزە و شەڕ و تێکهەڵچوونە بەردەوامەکانی کەناری ڕۆژئاوا ڕوویداوە. ئەرتەشی ئیسرائیل چەندین مانگە خەو و ئارامیی لە خەڵکی ئەم ناوچەیە زەوت کردووە. تەنها لە چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠٠ کەسی فەلەستینی لەئاکامی سیاسەتی مشتی ئاسنینی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستداوە. هەر لەم ماوەیەدا نزیکەی ٢٠ هاووڵاتیی ئیسرائیلیش بەهۆی هێرشی گرووپی حەماس کوژراون. ئەم شەڕە کۆنەپەرستانە و خوێناوییە ئیدامەی مەنتقیی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە و داگیرکەرانەی دەوڵەتی ئیسرائیل لەلایەکەوە و سیاسەتی کۆنەپەرستانە و توندوتیژی نانەوەی مەزهەبیی گرووپی حەماس و سازمانی جەهادی ئیسلامیی فەلەستین، سەربە ڕژیمی کۆماری ئسیلامی، لەلایەکی دیکەوەیە. دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل بە پشتیوانیی دەوڵەتی ئەمریکا و باقیی هاوپەیمانانی لە ئورووپا بەردەوام بە شارەکسازی لە ناوچەکانی فەلەستین سیاسەتی داگیرکەرانەی خۆی بەڕێوەبردووە و ساڵەهایە بە گەمارۆدانی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە دانیشتووانی کەرتی غەزە ژیانێکی کارەساتباری بەسەریاندا سەپاندووە. سرووشتی کۆنەپەرستانەی ئەم شەڕە ئیرتجاعی و نایەکسانە دەتوانین لە سرووشتی داکۆکیکارانی هەر دوو بەرەی ئەم شەڕەدا ببینینەوە. دوای دەستپێکی هێرشی شاخەی نیزامیی حەماس دەستبەجێ کۆماری ئیسلامی، حکوومەتی تاڵەبان لە ئەفغانستان و حیزبوڵڵا لە لۆبنان پشتیوانیی خۆیان لەم هێرشە ڕاگەیاند. لە بەرامبەردا جۆو بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئۆرووپا، سەرۆککۆماری فەڕانسە، ڕاوێژکاری ئاڵمان، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا و ڕێکخراوی پەیمانی نیزامیی ئاتلانتیکی باکوور – ناتۆ، هێرشی حەماسیان تیرۆریستی پێناسەکرد و لە دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل حمایەتیان کرد.

بێگومان خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیل کە قوربانییانی سەرەکیی ئەم شەرانەن، هیچ بەرژەوەند و قازانجێکیان لەم شەڕە کۆنەپەرستانەیەدا نییە. ئەم شەڕە لەپێناو بەرژەوەندی گرووپە ڕەگەزپەرست و فاشیستەکانی ئیسرائل و لەلایەکی دیکەوە لە خزمەت قازانجی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، حیزبوڵڵانی لۆبنان، حەشدی شەعبی لە عێراق و باقیی ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکانی ناوچەکەدایە. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لە قەیرانە هەمەلایەنە ناوخۆییەکان و بۆ تێکدانی ڕەوتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی دەوڵەتی ئیسرائیل لەگەڵ ڕژیمی پاشایەتیی عەرەبستانی سعوودی و هێندێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە، یەکجار پێویستی بەم شەڕەیە. دەوڵەتی ئیسرائیل بە ڕاگەیاندنی دۆخی جەنگی، پاشەکشە بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە ناوەوەی ئیسرائیل دەکات و سەرانی گرووپە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکانی وەک حەماس و جەهادی ئسیلامی و سازمانی فەتح لەم شەڕە بۆ درێژەی دەسەڵات و دابینکردنی پەرژەوەندی خۆیان کەڵک وەردەگرن.

حێزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە، لەو باوەڕەدایە کە کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین ڕێگایەکیان لەبەر نییە بێجگەلە هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و هێزە ئازادیخواز و ڕەوتە شۆڕشگێڕەکان لە ئیسرائیل و ڕاکێشانی پشتیوانیی هێزە پێشکەوتنخوازەکان لەئاستی جیهان لەپێناو تەقویەتی هاوسەنگی هێز لە خەبات بەرامبەربە ڕژیمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و ڕەوتە کۆنەپەرستە مەزهەبییەکان. پێویستە بە حمایەت و تەقویەتیی هێزی هاوپشتیی جیهانی لەگەڵ خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین، هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خەباتی مافخوازانە و ئازادیبەخشی ئەم نەتەوە ستەمدیدەیە بگۆڕدرێت. نابێ ڕێگە بدرێت ئاوات و هیواکانی نەتەوەیەک بۆ ڕزگاری لە چنگ دەسەڵاتێکی ڕەگەزپەرست و داگیرکەر لەژێر ڕووخاوەکانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانە و وێرانکەرانەدا بنێژرێت.

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢

١٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣