٦٣ ساڵ بەسەر کوشتنی دڵتەزێنی خوشکەکانی میرابێل لە کۆماری دۆمینیکن بەدەستی خوێنڕێژانی ڕژیمی دیکتاتۆریی “ڕافائێل تراخیلۆ”، حکوومەتێک کە لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە پشتیوانیی لێدەکرا، تێپدەپەڕێ. جەنایەتێک کە خەبات لەپێناو نەمانی توندوتیژی بەرامبەر ژنانی لەئاستی جیهاندا بردە قۆناغێکی نوێوە. بەڵام هێستاش ژنان بەردەوام لە یەکەمین قوربانییانی توندوتیژی و نایەکسانیی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و کلتوورین. ڕۆژانە ملیۆنها ژن لە گۆشە و کەناری جیهان لە کارگەکانی بەهرەکەشی و لە مەزراکاندا بەبێ سەرتاییترین ماف بەتوندی دەچەوسێنەوە. لە سەنعەتی کۆیلەتیی جنسی، لە ماڵەکانیاندا، سووئیستفادەیان لێدەکرێ و سووکایەتییان پێدەکرێ. وە یان وەک کاڵا هەڵسووکەوتیان لەگەڵ دەکرێت و بەرەوڕووی کڕین و فرۆشتن دەبنەوە. بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان یەک لەسەر سێی ژنان و کچانی جیهان لە ماوەی ژیانیاندا توندوتیژیی فیزیکی و یان جەستەیی تەجروبە دەکەن. نیوەی ئەو ژنانەی لە گۆشە و کەناری جیهاندا کوژراون لەلایەن شەریکی ژیانیان یان لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەی خۆیانەوە کوژراون. زیاتر لە حەوسەد ملیۆن ژن و کچ بەر لە تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیرییان کردووە و زیاتر لە دووسەد ملیۆن ژن و منداڵ، خەتەنە دەکرێن. لەم بوارەدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کارنامەیەکی یەکجار دژەئینسانیی تۆمار کردووە. بەپێی دوایین ڕاپۆرتی “کۆڕبەندی ئابووری جیهانی” سەبارەت بە هەڵاواردنی ڕەگەزی لەئاستی جیهان، ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی خوارترین پلەی بەرابەریی جنسیەتی پێدراوە. لە نێوان ١٤٦ وڵاتدا ئێران لە پلەی ١٤٣ و ئەفغانستان لە پلەی ١٤٦دایە.
لە کۆمەڵگای ئێران کە تێیدا دین و یاسای شەرعی ئیسلام لەگەڵ دەسەڵاتی سەرمایەداری تێکهەڵکێشراون و ژنان لە ڕووی یاساوە ڕەگەزی دووهەم بەحیسات دێن، توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئاستێکی مەترسیداری بەخۆی گرتووە. حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بە ڕاگەیاندنی ڕەگەزی دووهەم بوونی ژنان نیزامی هەڵاواردنی ڕەگەزیی کردووەتە یاسا. لەڕاستیدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە فەرمی و لەڕووی یاساوە دژی ژنە. ئەم ڕژیمە بە بەکارهێنانی دینی ئیسلام وەک ئامرازی ئایدیۆلۆژی و بە یارمەتیی کلتووری دواکەوتووانەی پیاوسالاری وەک یەکێک لە پایەکانی دسەڵاتەکەی، هەڵاواردن و نابەرابەریی ڕەگەزی و توندوتیژی بەرامبەر ژنانی کردووەتە یاسا و بەڕێوەی دەبات. بەپێی یاسای مەدەنیی حکوومەتی ئیسلامی ژنان بەشێکن لە دارایی و مڵکی پیاوان. لە پەیوەندی ژن و شوودا، پیاو سەرۆکی موتڵەقی بنەماڵەیە. لە ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا مافی سەرەتایی ژنان لەوانە مافی جیابوونەوە، مافی سەرپەرستیی منداڵ، مافی میرات، مافی سەفەرکردن، مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ، مافی هەڵبژاردنی بواری خوێندن و هیتر پێشێل دەکرێت. ژنان مافی هەڵسووکەوتی ئازادانەیان لەگەڵ پیاوان نییە. ڕژیم بە پێدانی مافی چەندهاوسەری بە پیاوان و بە پەرەپێدانی سیغە، ڕواڵەتێکی یاسایی بە لەشفرۆشی و کڕین و فرۆشتنی ژن وەک کاڵا داوە. هەڵاواردنی ڕەگەزی لە هەموو ناوەندەکانی کۆمەڵگا و تەنانەت لە دامەزراوە پەروەردەییەکانیشدا بووەتە بنەمایەکی نەگۆڕ. داسەپاندنی ئەم بێمافی و توندوتیژیانە، دیمەنێکی ئاشکرایە لە جەحەنەمێک کە دەسەڵاتی سەرمایە و دین لە ئێراندا پێکیهێناوە.
ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا لە ڕۆژی جیهانیی خەبات بۆ نەمانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان پێشوازی دەکەین کە زیاتر لە یەک ساڵ بەسەر ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران کە بەناوی ڕەمزی ژینا و بەدروشمی میحوەریی ژن، ژیان، ئازادییەوە دەستیپێکرد، تێدەپەڕێ. ژنان لە جەرەیانی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیەدا دروشمی ستراتێژیک و سەرکوتگەرانەی ڕژیمی ئیسلامی “یان ڕووسەری یان تووسەری”یان بە دروشمە ڕەسا و بەهێزەکانی “نە ڕووسەری، نە تووسەری، ئازادی، بەرابەری” و “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” وڵام دایەوە. ژنانی تێکۆشەر بە بوێرییەکی بێوێنەوە بە کردەوەی سەمبۆلیکی وەک فڕێدانی ڕووسەری لەسەر شەقامەکان و سووتاندیان و بە سەما و ڕێپێوان بەدەوری ئاگر جوانترین دیمەنەکانیان دژبە ئاپارتایدی ڕەگەزی خوڵقاند و پایەکانی حکوومەتی ئیسلامییان تێکشکاند. ئەم بزووتنەوەیە بە هێرشکردنە سەر بەهێزترین پایەگای ئیسلامی سیاسی بە یاسای سەختی دینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنی لە ئەفغانستان و سەرانسەری ناوچەکە بردە قۆناغێکی تازەوە و بوو بە مۆدێلێک بۆ ڕزگاریی ژن لەم ناوچەیە. لە گەرمەی ئەم ئاخێزەدا مەراسمی ئاگرتێبەردان و هەڵسووڕاندنی ڕووسەرییەکان، کردەوەی نمادین و خۆڕاگریی تاکەکەسیی کچان بەرامبەر هێزە ئەمنییەکان بە مشتی گرێدراوەوە، سروودی ڕەزمی و ئیعتڕازی، ڕێژەی سەمبۆلیکی ژنان بەبێ ڕووسەری، هەڵپەڕکێ بەدەوری ئاگر، عەمامەپەڕانی و هیتر، بەشێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی ئەم ئاخێزە شکۆدارە بوون کە ژنان بە گیانفیدایی خوڵقاندیان. ژنان بە خەبات و بە داهێنانی خۆیان خامنەیی و باقیی سەرانی ڕژیم و هێزە سەرکوتگەرەکانیان زەبوون و ئاڵۆز و سەرلێشێواو کرد.
بەڵام ڕۆڵی پێشەنگی ژنان لەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا ڕووداوێکی لەناکاو نەبوو. ژنانی ئێران زیاتر لە چوار دەیەیە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییان کردووەتە مەیدانی موقاومەت و خەبات لەدژی ڕەنج و ئازاری سەرچاوەگرتوو لە دەسەڵاتی سەرمایەداریی ئێران کە ئیسلامی سیاسی و یاسای کۆنەپەرستانەی ئیسلامی و کلتووری پرتووکاوی پیاوسالاری بەشێکە لەم پێکهاتەیە. ژنانی ئێران هیچکات قوربانییانی خامۆشی ڕژیمی ئاپارتایدی جنسیەتی نەبوون. ژنان بە بەشداریی بەرچاویان لە ئاخێزی جەماوەری و شۆڕشگێڕانە، بە پشتوانیکردن لە هاوسەرەکانیان لە قامەتی کرێکارانی مانگرتوو، بە خۆڕاگری و بوێرییان لە پشت میلەکانی زیندان، بە پێشکەشکردنی وتاری ٨ی مارس لەناو گەمارۆی هێزەکانی گەشتی ئیرشاد، بە ڕاپەڕین دژبە قەتڵی نامووسی لە خەیابانەکانی مەریوان، بە فڕێدانی حیجاب لەسەر سەکۆکانی خەیابانی ئینقلاب، بە ناڕەزایەتی لەئاست هەڵاواردنی ڕەگەزی لە زانکۆکان، بە حزووری بەرچاویان لە ڕیزی خەباتی مامۆستایان و خانەنشینان و بزووتنەوەی دیفاع لە ژینگە، بە بەشداری لە ڕیزی سینەماکاران و هونەرمەندان بەدژی هەڵاواردن و توندوتیژیی ڕەگەزی، بە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پیاوسالاری لە چوارچێوەی بنەماڵە، بە گیانفیدایی لە ڕیزی پێشەوەی خەبات بەرامبەر کۆرۆنا، بە بەشداریی بەرینیان لە هەموو ئەم بوارانەدا نیزامی هەڵاواردنی ڕەگەزیی دەسەڵاتی سەرمایەداریی ئیسلامییان بردووەتە ژێر پرسیارەوە. ژنان تەنانەت لەسەر گڵکۆی کچ و کوڕ و هاوسەریان ئەژنۆی غەمیان لەباوەش نەگرت، بەڵکوو سەربەرزانە و بەدەنگی ڕەسا ڕایانگەیاند کە تۆوی ئازادییان چاندووە.
لە ڕۆژی ٢٥ی نوامبر ڕۆژی جیهانیی خەبات دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان لەگەڵ ژنانی بوێر و سەربەرز، لەگەڵ ئەم خەباتکارانەی ڕێگای ئازادی و هەڵوەشاندنەوەی نیزامی هەڵاواردنی ڕەگەزی پەیمان تازە دەکەینەوە، کە لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان لەئاستی جیهان هاودەنگ بین و بە هەوڵ و چالاکیی هەرچی بەرینتر لەپێناو هێنانە مەیدانی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش ڕۆژی ٢٥ی نوامبر بکەینە ڕۆژی خەبات بەرامبەربە حکوومەتی دژەژنی کۆماری ئیسلامی و بیکەینە ڕۆژی خەبات بەرامبەربە پیاوسالاریی سەرمایەداری.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٢
٢١ی نوامبری ٢٠٢٣