نابێ ڕێگە بە ڕژیم بدرێ بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم فەزای سەرکوت پەرەپێبدات
بەپێی ڕاپۆرتەکان کاتژمێر ٣ و نیوی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی مانگی بەفرانبار بەرابەر لەگەڵ ٣ی ژانویەی ٢٠٢٤ لە جەریانی تەقینەوەی دوو بۆمب لە مەراسیمی حکوومەتیی ساڵوەگەڕی کوژرانی قاسم سولەیمانی لە نزیکیی مزگەوتی ” صاحب الزمان” لە کرمان هەتا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسیش برینداربوون. ئۆستانداری ڕژیم لە کرمان وتوویەتی کە ئەم هێرشە تیرۆریستی بووە و محەممەد مۆخبێر جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئیسلامی بەم وتەیە کە “دەست و پێوەندی ڕژیمی سەهیۆنیستی خوێنی هاووڵاتییانی بێتاوانیان ڕشتووە”، عەواملی دەوڵەتی ئیسرائیلی بە بەرپرسی ئەم هێرشە تیرۆریستییە ناساند. بەپێی ڕاپۆرتەکان بۆمبەکان لە دوو کیفی جێسازیکراو و بە کۆنتڕۆڵ لە ڕێگەی دوورەوە بە فاسلەی زەمانیی ١٠ دەقیقە لەگەڵ یەکتر تەقیونەتەوە. پێویستە بوترێ کە لە ١٧ی مانگی بەفرانباری ١٣٩٨یشدا لە جەریانی مەراسیمی ناشتنی قاسم سولەیمانی لە کرمان، بەهۆی ئەوەیکە ناویان نا ئیزدحامی جەمعیەت، زیاتر لە ٥٠ کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسیش برینداربوون.
هێرشی تیرۆریستیی کرمان و جەنایەتێک کە دژبە خەڵکی بێدیفاع ئەنجام دراوە چ لەلایەن سپای پاسدارانەوە بە ئامانجی سیاسی و بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی بەرنامەڕێژیی بۆ کرابێ و چ لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕەوتە تیرۆریستە ڕەقیبەکانی دیکەی ڕژیمی ئیسلامیی لە ناوچەکە ئەنجام درابێت، بەرپرسی ڕاستەوخۆی سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامین. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ڕەئسی یەکێک لە جەمسەرەکانی تیرۆریزمی دەوڵەتی و تیرۆریزمی گرووپە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. ئەم هێرش و کوشتارەی خەڵکی بێدیفاع لە کرمان دوو ڕووی یەک سکەیە. یان ئیدامەی سەرکوتگەری، شەپۆلەکانی ئێعدام و تیرۆریزمی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوەوەی ئێرانە و یان ئاکامی ڕاستەوخۆی سیاسەتی دەخاڵەتگەرانە و تیرۆریستیی ئەم ڕژیمە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە قاسم سولەیمانی خۆی یەکێک لە میعمارەکانی بوو.
داڕێژەرانی سیاسەتی ستراتێژیکی “هێرشی بەرگرانە”ی ڕژیم لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە بزووەتنەوەی فەلەستینیشدا، حەماس و جەهادی ئیسلامی و باقی گرووپە ئیسلامیەکانیان هانداوه تا ئەوان بە هاویشتنی مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەو ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر چنگی ئیسرائیل، بیانوو بدەنە دەست ئەو دەوڵەتە نەژاد پەرەستە و بەدەستی ئاواڵەترەوە درێژە بە کوشتاری خەڵکی فەلەستین و داگیرکارییەکانی بدات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە ناردنی هەزاران کەس لە هێزەکانی بەسیج و سپای پاسداران بۆ سووریە و بە ڕاهێنان و پڕچەککردنی هەزاران میلیشیای شیعە کە لە وڵاتانی ئەفغانستان و پاکستانەوە بەکرێ گیرابوون، هاوئاراستە لەگەڵ هێزەکانی حیزبوڵڵای لۆبنان، هۆکاری سەرەکیی کوشتار و وێرانی و ئاوارەیی لە سووریە و بەرەیەکی شەڕی نیابەتی بەرامبەر عەرەبستانی سعوودی و هاوپەیمانانی بوون. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانیکردن لە ئەحزاب و ڕەوتە مەزهەبییە شیعەکان لە عێراق و بە ڕێکخستن و پڕچەککردنی هێزی حەشدی شەعبی لە عێراق هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیربوون و پێکهێنانی نائەمنی لەم وڵاتەیە. ئەم دەسەڵاتە بە یارمەتیدانی ماڵی و نیزامیی هێزە جەنایەتکارەکانی تاڵەبان لە ئەفغانستان و گرووپی ئیسلامیی حوسی لە یەمەن، لە هۆکارەکانی درێژەی شەڕی ناوخۆیی و کوشتنی خەڵکی بێتاوان لەم وڵاتانەیە. ئەگەر حکوومەتی کۆنەپەرستی عەرەبستانی سعوودی ساڵیانی ساڵ بە پشتیوانیی ماڵی و نیزامی لە گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکانی وەک ئەلقاعیدە، داعش و بەرەی نوسرە و هیتر، بە پەرەپێدانی شەڕ و نائەمنی لە وڵانانی ناوچەکە هەوڵی داوە ئەمنیەتی بنەماڵەی تاوانکاری ئالی سعوود بپارێزێ، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش بەردەوام یەکێک لە “شانازییەکانی” ئەوە بووە کە بە شەڕ لە دەرەوەی سنوورەکان ئەمنیەتی نیزامی کۆماری ئیسلامیی لە ناوەوەی سنوورەکان زەمانەت کردووە. سیاسەتی دەرەوە و لەڕاستیدا سیاسەتی تیرۆریستی و دەخاڵەتگەرانەی ڕژیمی ئیسلامی لەئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیدامەی مەنتقیی سیاسەتی ئەم ڕژیمە لە ناوەوەی ئێرانە. دەسەڵاتێک کە هەژاری و نەهامەتی و بێکاری و نائەمنیی بەسەر زۆربەی خەڵکی ئێراندا سەپاندووە و ژنانی خستووەتە بەندی یاسای هەڵاواردنی ڕەگەزییەوە، ڕژیمێک کە ئێعدامی هەزاران بەندکراو، قەتڵە زنجیرەییەکان، زیندانی کردن و ئەشکەنجەدانی نەیاران و تیرۆرکردنی سەدان کەس لە دژبەرانی سیاسی و سەرکوتی خوێناویی ئاخێزە ئینقلابییەکانی لە کارنامەدایە، لە دەرەوەی سنوورەکانیش ناتوانێ بێجگەلە تیرۆر و کوشتن و پێکهێنانی نائەمنی، دیارییەکی دیکەی بۆ خەڵکی ناوچەکە هەبێت.
هێرشی تیرۆریستیی کرمان بووەتە دەرفەتێک بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تا بە مەزلووم نەمایی، خۆی وەک قوربانیی تیرۆریزم نیشان بدات و بەم بیانووەوە شەپۆلی ئیعدامکردنی بەندکراوان خێراتر بکات و فەزای سەرکوت لە کۆمەڵگادا پەرەپێبدات. نابێ بە ڕژیم ڕێگە بدرێت بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم ماشێنی کوشتاری بەندکراوان خێراتر بکاتەوە و بە ئەمنیەتی کردنی کەشوهەوای کۆمەڵگا، هێرش بکاتە سەر خەڵک. پێویستە ماشێنی کوشتاری ڕژیم ڕابگیرێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٨دا بە هات و هاواری تەبلیغاتی و بە ڕێپێوانی تابووتەکان و بە قارەمانسازی لە قاسم سولەیمانیی تیرۆریست بەبیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەڕەشەی جەنگی ئەمریکا لەڕاستیدا بزووتنەوەی دادخوازیی کردە نیشانە کە بەدژی جەنایاتی ڕژیم لە جەریانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەزەڵوەری ٩٨ هاتبووە مەیدان. ئەمجاریش سەران و فەرماندەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بە هەوڵ بۆ ئەمنیەتی کردنی زیاتری فەزای کۆمەڵگا لەڕاستیدا بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و بەردەوامبوونیان کردووەتە نیشانە.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هێرشی تیرۆریستیی کرمان لێبڕاوانە مەحکووم دەکات و پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییانی بێدیفاعی ئەم ڕووداوە دەکات. حیزبی کۆمۆنیست، عەمەلیاتی تیرۆریستیی کرمان بە بەرهەمی ڕاستەوخۆی سەرکوتگەری و تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی لە ناوەوەی ئێران و بە بەرهەمی سیاسەتی دەخاڵەتگەرانە و تیرۆریستیی ئەم ڕژیمە لەئاستی ناوچەکە دەزانێت. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەسەر ئەو باوەڕەیە کە کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی ئێران تەنها لە مەسیری پەرەپێدان بە مانگرتن و خەباتی مافخوازانەی خۆیان، بە پەرەپێدانی خەبات بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و بە فەراهەم کردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە لە جەرگەی خەباتی ئێستادا دەتوانن لە تیرۆریزەکردن و نائەمنکردنی فەزای کۆمەڵگا ڕێگری بکەن و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کاریگەری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٣ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی
٣ی ژانویەی ٢٠٢٤ی زایینی