فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ١٤٠٣؛ هێرش بۆسەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران پێویستە تێکبشکێنین
شەممە ۰۴-۰۱-۱۴۰۳   |  23-03-2024

حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بۆ جارێکی دیکە ساڵی تازەی بە دیاریکردنی حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری و بە هێرشکردنەسەر سفرەی بەتاڵی بنەماڵە کرێکارییەکان دەستپێکرد. دوای چەندین هەفتە وتوێژی نوێنەرانی دەوڵەت، نوێنەرانی سەرمایەدارانی بەشی خسووسی و نوێنەرانی ڕێکخراوە زەردە کرێکارییەکانی سەربە حکوومەتی ئیسلامی لە شۆرای باڵای کار، ئەم ناوەندە دژەکرێکارییە ئاستی زیادکردنی لانیکەمی حەقدەستی کرێکارانی بۆ ساڵی ١٤٠٣، سی و پێنج لەسەد ڕاگەیاند. بەپێی ئەم بڕیارە، لانیکەمی حەقدەست لە ساڵی ١٤٠٣ دوای زیادکردنی ٣٥ لەسەد، لە ٥ ملیۆن و ٣٠٨ هەزار تمەنەوە بۆ ٧ ملیۆن و ١٦٦ هەزار تمەن زیاد دەکرێت کە بە حیسابکردنی بۆنی خاروبار، کۆمەک هەزینەی مەسکەن و مەزایای دیکە، حەقدەستی کرێکاران دەگاتە ١١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن. دیاریکردنی ئەم ئاستە لە لانیکەمی حەقدەست لە حاڵێکدایە کە تەنانەت بانکی مەرکەزیی ڕژیم ڕێژەی تەوەرومی ٤٢ لەسەد ڕاگەیاندووە و لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا هەزینەی سەبەدی مەعیشەتی کرێکاران کە خەرجی خۆراک و پۆشاک و دەرمان تا کرێی ماڵ و خەرجی هاتوچۆ و ئاموزش و تەفریح و … لەخۆ دەگرێت بەشێوەی بەرچاو زیادیان کردووە. لە بارودۆخی ئێستادا بەلەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری و هاتنەخوار و نەوەسانی ئەرزشی ڕیاڵ بەرامبەر بە قیمەتی دۆلار، هەزینەی سەبەدی مەعیشەتی خانەوادەیەکی کرێکاری لە تاران مانگانە بۆ سەرووی ٣٠ ملیۆن تمەن و لە شارەکانی دیکەی ئێران بۆ سەرووی ٢٥ ملیۆن تمەن بەرزبووەتەوە. بەوتەی وەزیری تەعاون، کار و ڕەفاهی ئیجتماعیی ڕژیمی ئیسلامی ئەم زیادکردنی حەقدەستە تەنیا بۆ کرێکارانێک لەبەرچاو دەگیرێت کە یاسای کار دەیانگرێتەوە. ئەوەش بەو مانایەیە کە لەم بارودۆخە قەیراناوییەدا ئەو کرێکارانەی گرێبەستی کاتییان هەیە، یان کرێکارانی کارگە چکۆلەکان بەتایبەت ژنانێک کە دوورکارن و یان لە کارگەکانی دوورین و چنیندا کار دەکەن و یاسای کار نایانگرێتەوە، لەگەڵ بارودۆخێکی یەکجار دژوارتر بەرەوڕوو دەبنەوە.

لەکاتێکدا کە شۆرای باڵای کاری ڕژیمی ئیسلامی بە حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری ڕەسمیەتی بەخشیوە، میدیاکانی حکوومەت لە ناوەوە و تۆڕی بی بی سی فارسی لە دەرەوە، سەرەنجیان خستووەتە سەر ئەوەیکە نوێنەرانی بەناو کرێکاری لە کاتی واژۆکردنی ئەم مسەوەبەیەدا، جەلەسەی شۆرای باڵایان جێهێشتووە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هەمووان دەزانن ئەم نوێنەرە بەناو کرێکارییانە، ڕێکخراوی دژەکرێکاریی سەربە حکوومەتی ئیسلامین کە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لەناویاندا دەستی باڵایان هەیە و بەهیچ شێوەیەک نوێنەری چینی کرێکاری ئێران نین. ناساندنی نوێنەری ئەم ڕێکخراوە حکوومەتییانە وەک نوێنەری کرێکارانی ئێران و ژێستی دژایەتیکردنی ئەوان لەگەڵ مسەوەبەی شۆرای باڵای کار، هاوشێوەی دەنگنەدانی محەممەدی خاتەمی و مووسەوییە لە شانۆکانی ئینتخاباتی ڕژیمدا. ئەمانە بێجگەلە دروستکردنی تەفرەقە لەناو ڕیزەکانی کرێکارانی ئێران لە خەباتیان بۆ زیادکردنی حەقدەست، هیچ ئامانجێکی دیکەیان نییە. ئەمانە دەیانهەوێ خەباتی کرێکارانی ئێران بۆ زیادکردنی حەقدەست لە چوارچێوەی یاسای کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامی و ستراتێژی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتیدا بە بەند بکێشن. بەخۆشییەوە، چالاکانی پێشڕەوی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران دەمێکە دەستی ئەم ڕێکخراوە دژەکرێکارییانە و ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتییان خوێندووەتەوە و بێگومان سیاسەتی تەفرەقەنانەوەی ئەوان بە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی یەکگرتوویی بەرینی کرێکاری لەپێناوی زیادکردنی حەقدەست وڵام دەدەنەوە.

دەوڵەتی ئیبڕاهیمی ڕەئیسی لە درێژەی سیاسەتی سەرمایەدارانە و هەرزانکردنی هێزی کاردا بە ڕاگەیاندنی ئەم بڕە دیاریکراوە بۆ لانیکەمی حەقدەست، بۆ جارێکی دیکە نیشانی دا کە دەیهەوێ باری قورسی قەیرانی سەرمایەداریی ئێران و ئیفلاسی ئابووریی ڕژیم، تێچووی یەکجار بەرینی بەرنامە ئەتۆمییەکان، ماجەراجوویی و دەستتێوەردانی نیزامی لە ناوەندە قەیراناوییەکانی ناوچەکە، بەسەر ژیانی ملیۆنها بنەماڵەی کرێکاریدا بسەپێنێ. دەوڵەتی ڕەئیسی لەکاتێکدا هێرش بۆسەر ژیانی کرێکاران درێژە دەدات کە بەپێی گەڵاڵەی بوودجەی ئەمساڵ ١٣٤ هەزار ملیارد تمەن بۆ “بەهێزکردنی توانای بەرگری” دەخرێتە ئیختیار ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بۆ یەکەم جار بەشێوەی ڕەسمی و لە ڕووی یاساوە ڕێگە بە سپای پاسداران دراوە کە نەوت هەناردە بکات. بەڵام ئەم کارگێڕانەی سەرمایە سەرەڕای ئەو هەمووە گەندەڵی و دزییە گەورەیەی کە لە کارنامەیان دایە، کاتێک باسی بردنەسەری ئاستی حەقدەست دێتە گۆڕێ، چوونەسەری تەوەرۆم و “دەخڵ و خەرجی” دەوڵەت دەکەنە بیانوو.

لەئێستادا هێنێدک لە ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان بەلەبەرچاوگرتنی جیاوازیی بەرینی لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراو لەلایەن “شۆرای باڵای کار” لەگەڵ هەزینەی دابینکردنی سەبەدی مەعیشەتی بنەماڵەیەکی کرێکاری، لەسەر لانیکەمی حەقدەستی مانگانە ٤٥ ملیۆن تمەن تەئکید دەکەن. بەڵام ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداران تەنانەت حازر نییە هەزینەی بەرهەمهێناوەوەی هێزی کار کە شتێک نییە بێجگەلە هەزینەی پێداویستیی ڕۆژانەی کرێکار و بنەماڵەکەی، واتە هەزینەی خواردن و پۆشین و تەندرووستی بدات. بەلەبەرچاوگرتنی کینە و سەرسەختیی سەرمایەداران بۆ لەخوارێ ڕاگرتنی لانیکەمی حەقدەستەکان، دیاریکرنی لانیکەمی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ تێچووی دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی، و دیاریکردنی هێڵی سوور بۆ سەرمایەداران تا نەتوانن حەقدەستەکان لەئاستێک کەمتر بکەنەوە، بووەتە یەکێک لە داخوازییە سەرەکییەکانی کرێکارانی ئێران. بەشی پێشڕەوی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران وەک بەشێک لە بزووتنەوەی چینی کرێکاری جیهان، بەو ئامانجەوە کە کەم داهاتترین بەشی چینی کرێکاریش بتوانێت بەسەرەنجدان بە ئاستی تەوەرۆمی واقعی، لە دەیەی سێهەمی سەدەی بیست و یەکدا پێداویستییە ئەساسییەکانی ژیانی خۆی دابین بکات، لەسەر بردنەسەری ئاستی حەقدەست تەئکید دەکات.

لە بارودۆخێکدا کە سەرەڕای هەموو سەختییەکان، بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران یەکێک لە چالاکترین بزووتنەوەکانە، لە قۆناغێکدایە کە زۆرترین مانگرتن و ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبات، خواستی بردنەسەری حەقدەست بەپێی دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی خواستی بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێرانە و ئەم خواستەش خاوەنی هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتییە، لەم ڕووەوە بەستێنی بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری بۆ زیادکردنی حەقدەستەکان بوونی هەیە. لەم بارودۆخەدا ڕێکخراوەکان، هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاری کە لەگەڵ ناوەندەکانی خەباتی کرێکاران لە پەیوەندی نزیک دان، پێویستە دەست بخەنە ناو دەستی یەک و بە جێخستنی پەیوەندی و هاوکارییەکانیان، بۆ ڕێکخستنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی کرێکاران لە دەوری بردنەسەری ئاستی حەقدەست زەمینەسازی بکەن. لەگەڵ وەحەرەکەت کەوتنی یەکگرتووانەی کرێکاران لە کارخانە و ناوەندە سەنعەتییە گەورەکان، کرێکارانی کارگە سەنعەتییە چکۆلەکانیش لەئاستێکی بەریندا پێیان پەیوەست دەبن. ڕێکخستنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەرین و یەکپارچە لە کارخانە و ناوەندە سەنعەتییە گەورە و سەرەکییەکان تەنیا ڕێگای زەمانەتکردنی درێژە و پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و تەنیا ڕێگای تێکشکاندنی هێرشی بێسنووری حکوومەتی ئیسلامی سەرمایەدران بۆسەر ژیان و سفرەی بەتاڵی کرێکارانە.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

یەکی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی

٢٠ی مارسی ٢٠٢٤ی زایینی

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە