فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە مەحکووم کردنی هێرشی تیرۆریستی لە مۆسکۆ
دوشەممە ۰۶-۰۱-۱۴۰۳   |  25-03-2024

بەگوێرەی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەواڵ، شەوی هەینی ٣ی مانگی خاکەلێوە بەرابەر لەگەڵ ٢٢ی مارس، کۆمەڵێک چەکدار لە هۆڵی کۆنسێرتی کرۆکوس کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای مۆسکۆ تەقەیان لە خەڵک کرد و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و یان بریندار بوون. بەپێی زانیارییەکان لانیکەم پێنج کەسی نیقاب پۆش بە چەکی ئۆتۆماتیک تەقەیان لە خەڵک کردووە. لە گرتە ڤیدیۆ بڵاکراوەکاندا ئاگرکەوتنەوە بەهۆی هاویشتنی بۆمبی ئاگرزا و هەوڵی خەڵک بۆ خۆدەربازکردن لەم کارەساتە دڵتەزێنە دەبیندرێت. “لیژنەی لێکۆڵینەوەی ڕووسیە” لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لەم هێرشە تیرۆریستییەدا لانیکەم ١١٥ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٤٠ کەسیش بریندار بوون. بەگوێرەی ڕاپۆرتی سەرۆکی دەزگای ئەمنیەتی ڕووسیە، “چوار کەس کە ڕاستەوخۆ دەستیان لەم هێرشەدا هەبووە، لەنێو ئەو یازدە کەسەدان کە دەستگیرکراون”. دوابەدوای ئەم هێرشە تیرۆریستییە، ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە سەرتاسەری ڕووسیە چڕتر کراونەتەوە، ڕێوڕەسم و بۆنە و ئاهەنگەکان هەڵوەشاونەتەوە و هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس لە ئامادەباشیدان. لە هەمان کاتدا گرووپی ناسراو بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی گرتووەتە ئەستۆ. لە بەیاننامەکەی داعشدا هاتووە: “جەنگاوەرەکانی دەوڵەتی ئیسلامی هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەیەکی گەورەی مەسیحییەکان لە شاری کراسنۆگۆرسک لە دەوروبەری مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیە. بە سەدان کەسیان کوشتووە و بریندار کردووە و وێرانکارییەکی زۆریان بەبار هێناوە و بە سڵامەتی بۆ پایەگاکانی خۆیان پاشەکشەیان کردووە”. ئەم تاوانە خۆفناکە کە لە هۆڵی کۆنسێرتی کرۆکۆس ئەنجامدراوە، وەبیرهێنەرەوەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی داعشە کە شەوی هەینی ١٣ی نوامبری ٢٠١٥ لە هۆڵی “باتاکلان” لە پاریس ئەنجامی دا. لەو کاتەدا تیرۆریستانی ئیسلامی خەڵکی ئامادەبوو لە هۆڵی باتاکلانیان بە بارمتە گرت و لەوپەڕی دڕندەییدا بە هاواری ئەڵڵاهوئەکبەر تەقەیان لەو خەڵکە بێدیفاعە کرد و قەتڵوعامیان کردن.

ئەم هێرشە مەرگبارەی داعش کە ئەمجارە هاووڵاتییانی بێ دیفاعی مۆسکۆی کردە ئامانج و خەڵکی ڕووسیەی تووشی شۆک و نیگەرانی کرد، تووڕەیی و بێزاری خەڵکی ئازادیخوازی لە هەموو جیهان لێکەوتووەتەوە. ئەم تاوانە تیرۆریستییەی تاقمی ئیسلامیی داعش، بۆ جارێکی دیکە بیروڕای گشتی لە سەرانسەری جیهان ئاگاداری بەرینایی ئەو کارەساتانە دەکاتەوە کە ڕۆژانە لەلایەن حکوومەتەکان و بزووتنەوە ئیسلامییەکان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و هەندێک ناوچەی دیکەی جیهان ڕوودەدەن . ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، وەک بنکەی سەرەکی ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە هاوکاری حکوومەتە سەرمایەدارییە ڕۆژئاواییەکان هاتە سەر دەسەڵات و ئێستا هاوپەیمانی حکوومەتی ڕووسیەیە، ٤٥ ساڵە لەدژی خەڵکی ئێران و ناچەکە جەنایەت دەخوڵقێنێ. ئەردۆغانی فاشیست، سەرۆکی حیزبی ئیسلامی دەسەڵاتدار لە تورکییە، لەم ماوەیەدا و لە سایەی بێدەنگی میدیاکان و بە چرای سەوزی ئەمریکا، چەندین جار ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاریی لە کوردستانی سووریە بۆردومان کردووە و سەدان کەسی کوشتووە و بریندار و ئاوارە کردووە. حکوومەتی تاڵیبان کە بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی ئەمریکا و ناتۆ دەسەڵاتی وەرگرتەوە، بە ئاشکرا یەکێک لە توندوتیژترین نیزامەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی بەسەر ژنان واتە نیوەی کۆمەڵگای ئەفغانستان دادەسەپێنێ. حکوومەتی پاشایەتیی عەرەبستان لە قەیرانی سووریەدا داعشی کردبووە باسکی چەکداری خۆی. ڕۆژ نییە دەیان و سەدان ئینسانی بێدیفاع لە یەکێک لە وڵاتانی ئەفغانستان، سوریە، ئێران، عێراق، تورکییە یان لیبی نەبنە قوربانی تیرۆری گرووپە ئیسلامییەکان یان تیرۆری حکوومەتە دەسەڵاتدارەکان. کارەساتە ئینسانییەکان بەهۆی هێرشی تیرۆریستی لە سووریە و ئەفغانستان بەجۆرێک بووەتە بابەتێکی ڕۆژانە کە ئاژانسەکانی هەواڵ بە نابەدڵییەوە هەواڵی پەیوەندار بەم ڕووداوانە دەخەنە ناو ڕیزی هەواڵەکانیان. نەتەوەی ستەملێکراوی فەلەستین و منداڵانی فەلەستینی لە هەموو ساتێکدا دەبنە قوربانیی جینۆساید و تیرۆریزمی هاری حکوومەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تیرۆریزمی ڕێکخراوی ئیسلامیی حەماس.

ئێستا لە هەلومەرجێکدا کە شەپۆلێک لە تووڕەیی و بێزاری دژبە تاوانی تیرۆریستە ئیسلامییەکان بەسەر کەشوهەوای سیاسیی ڕووسیەدا زاڵ بووە، پاراستنی بەها پێشڕەوەکان و ڕۆحی هاوپشتیی ئینسانی حوکم دەکات کە ڕێکخراوەکان، ناوەندەکان و ئینسانە ئازادیخوازەکان ڕێگە نەدەن ڕەوتە ڕاسیستەکان و حیزب و هێزە ڕاستڕەوە دەسەڵاتدارەکان، ئەم تاوانە تیرۆریستییە بکەنە بیانوویەک بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە و دژەکۆچبەری. خەڵکی ئاسایی لە وڵاتانی مسوڵمان نشین ڕۆژانە قوربانی تیرۆریزمی ئیسلامین، نابێت ڕێگە بدرێت هاووڵاتییانی مسوڵمان لە ڕووسیە یان هەر گۆشەیەکی تری جیهان ببنە قوربانی توندوتیژیی ڕەوتە ڕاستە توندڕەوەکان. ڕەوتە پێشکەوتنخوازەکان لە ڕووسیە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو حەقیقەتە سادەیە کە هاووڵاتییانی مسوڵمانی ئەم وڵاتە جیاوازیی بنەڕەتییان هەیە لەگەڵ گرووپە تیرۆریستەکانی ئیسلامی سیاسی کە سەرهەڵدانیان لەماوەی چەند دەیەی ڕابردوو بەرهەمی چڕبوونەوەی کێبەرکێی نێوان دەسەڵاتە سەرمایەدارییە ئیمپریالیستەکانە، نابێ ڕێگە بدەن کارەساتی تیرۆریستیی شەوی ٢٢ی مارس ببێتە بیانوویەک بۆ پێکهێنانی نائەمنی و داسەپاندنی توندوتیژی بەرانبەر بە هاووڵاتییانی مسوڵمان لەلایەن ڕەوتە ڕەگەزپەرستەکانەوە.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشی تیرۆریستی ٢٢ی مارس لە هۆڵی کۆنسێرتی کرۆکوس – مۆسکۆ، هاوڕێ لەگەڵ خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە سەرانسەری جیهان، هاوسۆزی قووڵی خۆی لەگەڵ ڕزگاربووانی ئەم کارەساتە تیرۆریستییە و خەڵکی مۆسکۆ دەردەبڕێت.

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٣ی مارسی ٢٠٢٤

٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٣

تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە