لە سەروبەندنی کرانەوەی مەدرەسەکاندا میدیاکانی حکوومەت باس لە چوونەسەری ٢٠%ی نرخی کەلوپەلی نووسین لەچاو ساڵی ڕابردوو، چوونەسەری نرخی جلوبەرگی خوێندکاران، چوونەسەری هەزینەی هاتوچۆ و چەند بەرابەر بوونی کرێی مەدرەسەکان دەکەن. بنەماڵەکان بۆ کڕینی کەلوپەلی نووسینی خوێندکارێکی قۆناغی سەرەتایی، کڕینی جلوبەرگی یەکدەست و هاوشێوە، شەهرییەی ئیجباری لەژێرناوی کۆمەک بە مەدرەسە و هەزینەی هاتوچۆ، دەبێ چەندین ملیۆن تمەن خەرج بکەن. ئەو بنەماڵە کەم داهاتانەی کە حەقدەستی مانگانەیان ١٠ بۆ ١٥ ملیۆن تمەنە بۆ دابینکردنی ئەم خەرجییانە یەکجار کەوتوونەتە ژێر فشارەوە. لێرەدا باسی مەدرەسە خسووسییەکان ناکەین کە دەیان ملیۆن تمەن لە بری کلاسی ئیزافی و فەزای خەڵوەتی کلاسەکان وەردەگرن. باسی ئەو مەدرەسە دەوڵەتییانە دەکەین کە لەبەرامبەر پێدانی خزمەتگوزاریی پەروەردە بە خوێندکاران، بارێکی قورسیان خستووەتە سەر شانی بنەماڵەکانیان. ئەوەش لە کاێتکدایە کە کرێی خوێندن بۆ سەرجەم ئاستەکانی زانکۆش بەبەراورد بە ساڵی خوێندنی پێشوو لەسەدا ٤٠ بەرزبووەتەوە و لەهەندێک زانکۆشدا ئەم بەرزبوونەوەیە گەیشتووەتە ١٠٠%. بنەماڵەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بەهۆی پەرەسەندنی بێکاری و گرانیی بەرین بۆ دابینکردنی لانیکەمەکانی ژیان لە مەزیقە دان و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندنی منداڵەکانیان بووەتە موعزەلێکی واقعی. ئەم واقعییەتانە و سیستەمی پەروەردەی چینایەتی، لە دەستپێکی ساڵی خوێندندا شادی و شەوقی منداڵانی لەگەڵ نیگەرانی و غەمی دایک و باوکی خوێندکاران تێکەڵ کردووە. هاوکات لەگەڵ کالایی بوونی پەروەردە، لە حاڵێکدا کە ئاغازادەکان و منداڵی سەران و فەرماندەکان و کارگێڕانی ڕژیم لە باشترین ئیمکاناتی پەروەردە بەهرەمەندن، ملیۆنان منداڵ و تازەلاو بەتایبەت منداڵانی پەنابەری ئەفغانستانی بەهۆی سیاسەتی دژە پەنابەریی ڕژیمی ئیسلامی لە چەرخەی دەرس و مەردەسە دەخرێنە دەر و بە ناچار لە کارگە، کورەخانە و مەزراکان دەچەوسێنەوە یان بە لەشکری منداڵانی شەقام پەیوەست دەبن.
سەرەڕای ڕەنگدانەوەی بۆشایی چینایەتی لەناو سیستەمی پەروەردە و سەرەڕای درێژەی لەسەر کار دەرکردن، خانەنشینکردنی زۆرەملێی، خستنە ژێر چاوەدێری و زیندانی کردن و دوورخستنەوەی مامۆستایانی خەباتکار، سەرەڕای ئەو هەزینە بەرینەی کە حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران لەڕێگەی دەزگای ئایدیۆلۆژیک و ناوەندە ئەمنییەکان و لەڕێگەی دامەزراندنی هەزاران تەڵەبەی حەوزەی عیلمییە لە جیاتی مامۆستا بۆ پەرەپێدانی بیری پرتووکاو و خورافاتی مەزهەبی و دژایەتی لەگەڵ هەر جۆرە پەروەردەیەکی زانستی و کلتووری پێشڕەو کردوویەتی، خەباتی مامۆستایان دژبە کالایی بوونی پەروەردە و دژبە سەرکوت و ڕەشبگیری و بۆ دیفاع لە مافی پەروردەی بێ بەرامبەر و ئەمنیەت و حورمەتی خوێندکاران و خەباتیان بۆ وەدیهێنانی خواستەکانیان کاریگەریی مەزنی لەسەر کەشوهەوای خوێندنگاکان و لەسەر کەشوهەوای سیاسیی گشت کۆمەڵگا داناوە. مامۆستایان بە پێداگری لەسەر خواستی خوێندنی بەخۆڕایی بۆ هەموو منداڵان و نەمانی هەڵاواردن و بردنەسەرەوەی حەقدەست بۆ سەرووی هێڵی هەژاری و خواستی مەنعی کاڵایی بوونی پەروەردە و دەرمان و تەندرووستی، لەڕاستیدا خواستی کرێکاران و بێبەشان و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەشیان گەڵاڵە کردووە. بێگومان پەرەپێدانی پشتیوانی و حمایەتی دایک و باوکان و بنەماڵەی خوێندکاران لە مامۆستایان دەتوانێ هێزێکی تازە بەم خەباتە مافخوازانەیە ببەخشێت.
بزووتنەوەی خوێندکاری لەگەڵ دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ١٤٠١ی هەتاوی لە ئاستێکی کەم وێنەدا و بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “ئێمە هەموومان مەهساین” هاتە مەیدان، یاسای حیجابی ئیجباری و هەڵاواردنی ڕەگەزیی خستە ژێر پێ و بوو بە یەکێک لە ناوەندە داغەکانی خەبات بەرامبەر بە هێرشی بەرنامەڕێژیکراوی ڕژیمی ئیسلامی بۆسەر زانکۆکان. ئەم بزووتنەوەیە سەرەڕای بانگکردن، دەستبەسەرکردن و دەرکردن و پەروەندەسازی بۆ خوێندکاران و مامۆستایانی خەباتکار، ناردنی ئاخوند و بەسیجی و ڕەوزەخوێن بۆ زانکۆکان، هەروا بەردەوام یەکێک لە قەڵاکانی داکۆکی لە دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستایە. لەم ڕووەوە خوێندکاران پێویستە لە هەمان کاتدا کە لە مامۆستایانی خۆیان زانست، تاکتیکی ڕێکخستن، یەکگرتوویی و خەبات فێر دەبن، بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونە بەنرخەکانی بزووتنەوە خوێندکاری، بیر لە پێکهێنانی ناوەند و ئەنجومەن و شۆراکانی خوێندکاران بکەنەوە. بزووتنەوەی خوێندکاران و مامۆستایان لە جەرگەی درێژەی بزووتنەوەی ژینادا و بە پشتیوانی لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران، خانەنشینان، خەباتی سەرتاسەریی پەرستاران، دەتوانێ پاشەکشە بە سیاسەتی ئەمنیەتی و کۆنەپەرستانەی ڕژیمی ئیسلامی لە بواری پەروەردەدا بکات و ئاسۆیەکی هیوابەخش بەرەوڕووی کۆمەڵگادا بکاتەوە.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای پیرۆزبایی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، ستایشی گیانفیدایی، خەباتی قارەمانانە و پڕگڕوتینی خوێندکاران و مامۆستایانی تێکۆشەر لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا دەکات. سڵاو و دروود دەنێرێ بۆ ئەو مامۆستا و خوێندکارانەی کە لە زیندانەکان دان، ئەو خوێندکارانەی کە زیانیان پێگەیشتووە و ئێستا لە ناو کۆڕی هاوکاران و هاوکلاسەکانی خۆیاندا نین. خەبات و تێکۆشانیان بۆ پێکهێنانی هاوپشتی و یەکگرتوویی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بەرز دەنرخێنێت.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی
سێپتامبەری ٢٠٢٤ی زایینی