بەپێی ڕاپۆرتەکان، کاتژمێر ٩ی شەوی شەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٣ بەرابەر بە ٢١ی سێپتامبری ٢٠٢٤ بەهۆی تەقینەوە لە مەعدەنی زۆغاڵی سەنگی مەعدەنجووی تەبەس لە ئۆستانی خوراسانی جنووبی، زیاتر لە ٥٠ کرێکار گیانیان لەدەست دا و پتر لە ٢٠ کرێکاریش برینداربوون. کرێکارانی ئەم مەعدەنە لە سێ بلۆکی ئێی و بی و سی خەریکی کار کردن بوون کە ئەم تەقینەوەیە لە بلۆکی سیدا ڕوویداوە. هۆکاری تەقینەوەی ئەم مەعدەنە بڵاوبوونەوەی گازی مێتان بووە کە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و ڕووخانی دیواری مەعدەنەکە. بەڵام هۆکاری ژمارەی زۆری قوربانییان، “خنکان” بەهۆی کۆبوونەوەی ئەم گازە ڕاگەیەندراوە. چارەنووسی ژمارەیەک لە کرێکاران کە لە قووڵایی ئەم مەعدەنەدا گرفتاربوون هەتا ئێستا ناڕوونە. تیمەکانی فریاکەوتن دەبێ خۆیان بگەیەننە قووڵایی ٧٠٠ میتری بۆ ئەوەی بتوانن تەرمی ئەم کرێکارانە بێننە دەرێ. بڵاوبوونەوەی وێنەی دڵتەزێنی هێنانە دەری تەرمی کرێکارانی گیانبەختکردووی ئەم مەعدەنە لەئاستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هاوسۆزی و هاوپشتیی بەرینی خەڵکی لەگەڵ مەعدەنچیان و بنەماڵەکانیان و تووڕەیی و بێزاریی ئەوانی لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و سەرمایەدارانی بەشی خسووسی بەخاتری بایەخ نەدانیان بە ئیمەنی شوێنی کار، لێکەوتووەتەوە.
تەقینەوەی مەعدەنی زۆغاڵی سەنگی مەعدەنجووی تەبەس کە خاوەنەکەی شیرکەتێکی خسووسییە و لە ناوچەی مەعدەنیی پەروەدەی ٣ی تەبەس چالاکی دەکات، یەکێکە لە مەرگبارترین ڕووداوەکانی مەعدەنی زۆغاڵی سەنگ لەماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا. ئەم تەقینەوەیە و ئەم مەرگە دڵتەزێنانە کە بنەماڵەی مەعدەنکاران و گشت چینی کرێکار و خەڵکی ئێرانی خەمبار کردووە لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە بەپێی ئاماری سازمانی پزیشکی قانوونی لە ئێران لە ساڵی ١٤٠٢ەوە لانیکەم دوو هەزار و ١١٥ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی شوێنی کارەوە گیانیان لەدەست داوە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەواڵی زۆرێک لەم مەرگە خامۆشانە تەنانەت لە ستوونی ڕووداوی ڕۆژنامەکانیشدا داناندرێ. بەشێکی زۆر لە ڕووداوە مەرگبارەکانی شوێنی کار لە کارگاکانی دەرەوەی بازنەی یاسای کار ڕوو دەدات کە تێیاندا کرێکاران نە قەراردادی کار و نە مافی بیمەیان هەیە.
لەڕاستیدا تەقینەوەی مەعدەنەکان، ڕووداو و مەترسییەکانی کار، مەرگی بهڕواڵهت لهناكاو و بێ ئهژمار، پەککەوتن و کەم ئەندامبوون، نهخۆشییه مهترسیدارهكانی سهرچاوهگرتوو له شوێنی ناسالمی كار، تهنیا گۆشهیهكن له ئاکامی هەڵسووکەوتێک كه سەرمایەدارانی بەشی خسووسی بە هاودەستی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەپێناوی هەرزانکردنی هێزی کاردا دەرحەق بە کرێکاران ئهنجامی دەدەن. ئاشکرایە کە بۆ کۆتایی هێنان بەم نەهامەتییانە لە ئێران و بۆ کۆتایی هێنان بە هەژاری و فەلاکەتێک کە چینی کرێکاری ئێران لە چنگیدا گرفتارە دەبێ نیزامی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵکەندرێ. بۆ ئەوەی کرێکاران نەبنە قوربانیی کار و بەرهەمی سەرمایەداری، دەبێ دەسەڵاتی سەرمایەداری بەسەر کار و بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا کۆتایی پێ بێت. پێویستە حکوومەتی کرێکاران هەموو ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە دەستی سەرمایەدارەکان دەربێنێت. تا پڕۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی ببێتە پڕۆسەیەکی ئینسانی و وشیارانە و بخرێتە خزمەت خۆشبژێوی، پەروەردەکردنی تواناکان و بینای ژیانی ئینسانە ئازاد و یەکسانەکان.
بەڵام هەتا کاتێک کە دەسەڵاتی نگریس و تاوانکاری سەرمایەداری ئیسلامی لەسەر کارە، هەتا کاتێک کە لۆژیکی سەرمایەداری حوکم دەکات و کرێکاران لە مافی ئینسانیی خۆیان بێبەرین، تەنیا ڕێگای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم بارودۆخەی ئێستا، لە هەموو شوێنێک، یەکگرتوویی و هێزی چینایەتیی ڕێکخراو و وشیاری چینی کرێکارە. ئەو چینە کە دەیهەوێ ئەم نیزامە دژەئینسانە لەگۆڕ بنێ. بۆ بەدواداچوون و ناساندنی هۆکار و تاوانبارانی ئەم ڕووداوە دیاریکراوە، زەمانەتکردنی ئیمەنیی شوێنی کار و پێدانی خەسارەت بەو کرێکار و بنەماڵانەی کە لەم کارەساتەدا زیانیان بەرکەوتووە، پێویسته هێزی یهكگرتوو و ڕێكخراوی كرێكاران بكهوێته کار و خواستی دەستبەجێ و بەپەلەی چینی كرێكار بهسهر خاوهنكار و دهوڵهتی جەهادیی پزیشکیاندا بسەپێنێت.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای دەربڕینی بێزاری لە بایەخ نەدانی خاوەنکاری ئەم شیرکەتە خسووسییە و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە هۆکاری سەرەکیی ئەم کارەساتە ئینسانییانەیە، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری ئەو ئازیزانە و هاوکارەکانیان لەم مەعدەنە و سەرجەم کرێکارانی ئێران دەکات. بێگومان خەڵکی شەریف و زەحمەتکێشی ئەم ناوچەیە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و ڕێزگرتن لە یادی کرێکارانی گیانبەختکردوو و هاوخەمی لەگەڵ کەسوکاری ئەم ئازیزانە دەکەنە ناوەندی یەکگرتوویی و هاوپشتی و دەربڕینی بێزاری لە بارودۆخی ئێستا. وە بەدڵنیاییەوە بەشەکانی دیکەی چینی کرێکاری ئیرانیش بە هەر شێوەیەک کە بۆیان بگونجێ هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی ئەم ئازیزانە ڕادەگەیەنن و ناڕەزایەتیی خۆیان دژبەم جەنایاتە لە شوێنەکانی کار دەردەبڕن.
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١ی ڕەزبەری ١٤٠٣
٢٢ی سێپتامبری ٢٠٢٤