فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەبۆنەی ١٠ی ئۆکتۆبر ڕۆژی جیهانیی خەبات لەدژی سزای ئێعدام (۲۰۲۴)
سێشەممە ۱۷-۰۷-۱۴۰۳   |  08-10-2024

لە سەروبەندی ١٠ی مانگی ئۆکتۆبر ڕۆژی جیهانیی خەبات لەدژی سزای ئێعدام بۆ جارێکی تر ماشێنی سەرکوت و ئێعدامی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خێراتر بووەتەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی مانگی ڕەزبەری ١٤٠٣، سێ بەندکراو لەوانە ژنێکی قوربانیی منداڵ‌هاوسەری کە پێشتر بەتۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر و قەتڵ بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، لە زیندانی بەم، ئەهەر و بیرجەند حوکمەکانیان جێبەجێ کرا. ڕۆژی شەممە ١٤ی مانگی ڕەزبەر، بەندکراوێک لە زیندانی هەمەدان ئێعدام کرا. ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ١١ و ١٢ی مانگی ڕەزبەر، حەوت بەندکراو لە زیندانەکانی عادڵ ئابادی شیراز، سپیدار، ئەهواز، دەستگرد، ئیسفەهان و گورگان ئێعدام کران. هەروەها بەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٠ی مانگی ڕەزبەریش، بەندکراوێک لە زیندانی گۆنبەدی کاووس ئێعدام کرا. درێژەی شەپۆلی ئێعدامەکان لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندە غەیرە دەوڵەتییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، تەنیا لە مانگی ئاگۆستی ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ١٠٠ کەس لە ئێران ئێعدام کراون و ژمارەی ئێعدامکراوان لە هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵی زایینیدا، لانیکەم گەیشتووەتە ٤٠٢ کەس. درێژەی شەپۆلی ئێعدامەکان لە بارودۆخێکدایە کە هەر ئێستا شەریفە محەممەدی، پەخشان عەزیزی، نەسیم غوڵامی سیمیاری و وریشە مورادی و دەیان کەس لە بەندکراوانی سیاسی و دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و هەزاران کەس لە بەندکراوانی پەیوەندیدار بە تاوانی ماددەی هۆشبەر لەژێر حوکمی ئێعدامدان و گیانیان لە مەترسیدایە.

ئەگەرچی دەزگا تەبلیغاتییەکانی ڕژیمی ئیسلامی فریوکارانە دەرکردن و بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدام بە ئامرازێک بۆ هێنانەخواری ئاستی تاوان، بردنەسەری ئاستی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی دادپەروەری لە کۆمەڵگا پێناسەی دەکەن، بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کە سەرانی ڕژیم بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و ڕەوتی ڕوو لە گەشەی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و باقیی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگا ماشێنی ئێعدامیان خێراتر کردووەتەوە.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا کە لە قەیرانی قووڵی ئابووری و سیاسیدا دەست و پێ لێدەدات، لە ئاستی جیهاندا زیاتر لە ڕابردوو پەراوێز خراوە، ستراتێژی “شەڕی پێشگرانە”ی لە بەرامبەر هێرشی بەردەوام و زەلیلکەری دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیلدا گەیشتووەتە بنبەست، دەزگای ئیدئۆلۆژیەکەی توانای مەشروعیەت بەخشینی بەم هەمووە هەژاری و فەلاکەت و بێمافییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە لەدەست داوە و لەژێر گوشاری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەدا هیچ پێگەیەکی لەناو بیروڕای گشتیدا نییە، لە وەها بارودۆخێکدا شمشیری لە ڕووەوە بەستووە و سات لە دوای سات جەنایەت دەخوڵقێنێت. ئەم ڕژیمە بەنیازە لەوپەڕی داماویدا بە پەرەپێدانی کەشوهەوای ئەمنیەتی و ئێعدامی بەندکراوان، دەسەڵاتی ماشێنی سەرکوتەکەی بە ڕووی ئەو خەڵکەدا بکێشێت کە ترسیان لە دەسەڵات ڕژاوە و هاتوونەتە مەیدانی نەبەردەوە و بە کەمتر لە ڕووخاندنی ڕژیم ڕازی نین.

لەئێستادا لەگەڵ هێرشی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل بۆسەر لۆبنان و ئەو زەربە قورسانەی کە لە حبزبوڵڵا واتە باسکی سیاسی و چەکداری کۆماری ئیسلامیی داوە، ڕژیمی تیرۆر و سێدارە بە مەزلووم نەمایی، خۆی بە قوربانیی تیرۆریزم نیشان دەدات و نیگەران لە هەڵچوونی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەر شەپۆلی ئێعدامی بەندکراوانی خێراتر کردووەتەوە تا کەشوهەوای سەرکوت و تۆقاندن لە کۆمەڵگادا پەرەپێبدات.

نابێ بە ڕژیم ڕێگە بدرێت بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم ماشێنی کوشتاری بەندکراوان خێراتر بکاتەوە و بە ئەمنیەتی کردنی کەشوهەوای کۆمەڵگا، هێرش بکاتە سەر خەڵک. پێویستە ماشێنی کوشتاری ڕژیم ڕابگیرێت. سزای ئێعدام قەتڵی عەمدی دەوڵەتییە. پێویستە بەرانبەر بە شەپۆلی ئێعدام لە مافی ژیانی ئینسان لێبڕاوانە دیفاع بکەین. پێویستە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای ئێعدام یەکپارچە و یەکگرتوو بێینە مەیدان و تاکتیکی ئێعدام بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تاوان و بەبیانووی بردنەسەری ئاستی ئەمنیەتی کۆمەڵگا و بەبیانووی دابینکردنی دادپەروەری لە کۆمەڵگا، لەدەستی کۆماری ئیسلامی بێنینە دەر. سزای ئێعدام نەتەنیا نەخشێکی لە کەمکردنەوەی تاواندا نییە، بەڵکوو کاتێک دەوڵەتەکان لە ڕووی یاساوە لەژێرناوی سزای ئێعدامدا دەست بۆ کوشتنی ئینسانەکان دەبەن، لەڕاستیدا بە هێنانە خواری بەهای گیانی ئینسان ڕێگا بۆ پەرەسەندنی قەتڵ و توندوتیژی لە کۆمەڵگادا خۆش دەکەن.

کۆماری ئیسلامی قوربانییانی ئەو نیزامە کۆمەڵایەتییە زاڵمانەیەی کە خۆی بەسەر ژیانی ئینسانەکانیدا زاڵ کردووە، ئێعدام دەکات تا بەرپرسیارێتیی خۆی لەئاست پێکهێنانی بەستێن و بارودۆخێک کە بەردەوام ئەمجۆرە تاوانانە بەرهەم دێنێتەوە، پەردەپۆش بکات. ئەو پاساوانەی بۆ جێبەجێکردنی سزای ئێعدام دەیهێننەوە درۆیەکی ئاشکران و هیچی تر. چونکە ئەوەڵەن ئینسانەکان زاتەن تاوانکار، قاتڵ، قاچاغچی و جەنایەتکار بەدنیا نایەن، بەڵکوو ئەوە بارودۆخی ماددیی ژیانی کۆمەڵایەتییە کە ئەوان بەرەو تاوانکردن دەبات و دەوڵەتەکان و چینی دەسەڵاتدار بەرپرسی ڕاستەوخۆی داسەپاندنی ئەم بارودۆخە ماددیە بەسەر زۆربەی خەڵکدان. کەسانێک دەبێ سزا بدرێن کە بەستێنە کۆمەڵایەتییەکانی ئەنجامدانی تاوان و جەنایەتیان پێکهێناوە.

ئەگەرچی خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام بابەتێکە کە دەبێ بەردەوام و لە هەموو بارودۆخێکدا هەوڵی بۆ بدرێ، بەڵام لە هەلومەرجێکدا کە ڕژیم بەئاشکرا بە پەرەپێدانی شەپۆلی ئێعدام بەشوێن ئامانجی سیاسیی دیاریکراوەوەیە، لە بارودۆخێکدا کە هەر ئێستا هەزاران کەس لەناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە چاوەڕوانیی حوکمی ئێعدامدا بەسەر دەبەن، گرینگیی ئەم خەباتە چەند هێندە بووەتەوە. بەتایبەت کە هەڵمەتی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” پێی ناوەتە ٣٧مین هەفتەوە و بەندکراوان لە ٢٢ زینداندا هەموو هەفتەیەک سێشەممانە لە ناڕەزایەتی دژبە سزای دژەئینسانیی ئێعدام دەست دەدەنە مانگرتن، پێویستە بێباکانە و لێبڕاوانە ستایشی ئەم خەباتە بکرێت و بزووتنەوەی خەبات لەدژی سزای ئێعدام هەرچی زیاتر جەماوەری بکرێتەوە. بۆنەی ١٠ی ئۆکتۆبر ڕۆژی جیهانیی خەبات دژبە سزای ئێعدام دەتوانێ دەرفەتێکی دیکە بۆ گەشەپێدانی هوشیاری لەئاست ڕەهەندەکانی تاوانی کۆماری ئیسلامی و قۆناغێکی تر لە پەرەپێدانی خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام لە ئێران و سەرتاسەری جیهان بێت.

سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٣

٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤