فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەبۆنەی ٢٥ی نوامبر ڕۆژی جیهانیی خەبات بۆ نەمانی توندوتیژی بەرانبەر ژنان (٢٠٢٤)
شەممە ۰۳-۰۹-۱۴۰۳   |  23-11-2024

٦٤ ساڵ بەسەر مەرگی دڵتەزێنی خوشکەکانی میرابێل لە کۆماری دۆمینیکن بەدەستی خوێنڕێژانی ڕژیمی دیکتاتۆریی “ڕافائێل تروخیلیۆ” تێدەپەڕێت. تاوانێکی خۆفناک کە خەبات بۆ نەمانی توندوتیژی دژبە ژنانی بردە قۆناغێکی نوێوە و سەرەنجام بوو بەهۆی ئەوەیکە ٢٥ی نوامبر وەک ڕۆژی جیهانیی خەبات بۆ نەمانی توندوتیژی بەرانبەر ژنان بناسرێت. لەو کاتەوە هەتا ئێستا سەرەڕای ئاڵوگۆڕی بەرینی کۆمەڵایەتی لە بواری ڕووکردنی ژنان لە بازاڕی کار و خوێندنی باڵا، سەرەڕای خەباتی ئازادیخوازانە و بەرابەری تەڵەبانە و فیداکارییەکانی ژنان بۆ بەدیهێنانی مافە ئینسانییەکانیان، سەرەڕای وەڕێخستنی بزووتنەوەکانیان و پێشڕەوی و دەستکەوتەکانیان، ژنان هەروا یەکەمین قوربانییانی توندوتیژی و نابەرابەری کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و فەرهەنگین. بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتی ‌”ئاکسفام” زیاتر لە سێ ملیارد ئینسان لە جیهاندا ڕۆژانە کەمتر لە ٥ و نیو دۆلار دەئامەدیان هەیە و لە هەژاریدا بەسەر دەبەن. دەرئامەدی ژنانی لەسەرکار ٥٠% لە دەرئامەدی پیاوان کەمترە. زۆرینەی ٢٦٥ ملیۆن منداڵی بەجێماو لە خوێندن و ٣ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس لەو هەژارانەی کە مەترسیی مەرگی پێشوەخیان لەسەرە، ژنان پێکی دێنن. چونکە لە هەر شوێنێک هەژاری حوکم بکات، ئەولەویەت بە کوڕانە کە بڕۆنە خوێندنگا و لە هەر شوێنێک برسیەتی هەڕەشە لە ژیان بکات، ژنان لە ڕیزی پێشەوەن. بەپێی هەر ئەم ڕاپۆرتە ئەگەر ئەو ٢٦ ملیاردێرەی جیهان کە بە قەد نیوەی خەڵکی جیهان سەروەتیان هەیە، تەنیا ١% زیاتر ماڵیات بدەن، ئەم ملیۆنها منداڵەی کە لە خوێندن بەجێماون دەتوانن بڕۆنەوە خوێندنگا و هەژارانیش لە مەترسیی مردنی پێشوەخت ڕزگاریان دەبێت. لە جەریانی کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە زیاتر لە ٤٣ هەزار کەس کوژراون و دەیان هەزار کەسیش بریندار بوون کە نزیکەی ٧٠%یان ژنان و منداڵانن. ڕێکخراوی جیهانیی کار بەراوردی کردووە کە ٥٤%ی قوربانییانی کۆیلەداریی مۆدێرن، کە بریتییە لە کاری ئیجباری و قاچاخی جنسی، ژنان و کچانن. زۆربەی ئەم ژنانە بەرەوڕووی توندوتیژی، سوئیستفادە و هەڕەشە دەبنەوە. بەپێی دوایین ڕاپۆرتە ئامارییەکان یەک لەسەر سێی ژنان و کچانی جیهان لەماوەی تەمەنیاندا توندوتیژیی فیزیکی یان سێکسی تەجروبە دەکەن. ئاماری ئەو کچانەی کە بەر لە تەمەنی یاسایی ناچار بە هاوسەرگیری دەکرێن یان ئەو ژن و منداڵانەی کە دەبنە قوربانیی خەتەنە، دڵتەزێنە. لە کۆمەڵگای ئێران تێیدا دین و یاسای شەرعی ئیسلام لەگەڵ دەسەڵاتی سەرمایەداری تێکەڵ بووە و ژنان لە ڕووی یاساوە ڕەگەزی دووهەم بە حیساب دێن، توندوتیژی بەرانبەر ژنان ئاستێکی مەترسیدارتری بەخۆی گرتووە و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کارنامەیەکی پڕ لە جەنایەتی لە بواری داسەپاندنی هەڵاواردن و بێ مافی و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لەئاستی جیهاندا تۆمار کردووە. بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتی “کۆڕی جیهانیی ئابووری” سەبارەت بە پێوەری هەڵاواردنی ڕەگەزی لەسەر ئاستی جیهان، ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تاڵەبان لە لیستی ڕیزبەندیی بەرابەریی جینسیەتیدا لە خوارترین ئاست دان.

ئەمجارە لە بارودۆخێکدا بەرەوپیری ڕۆژی جیهانیی خەبات بۆ نەمانی توندوتیژی ژنانەوە دەچین کە زیاتر دوو ساڵ بەسەر دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاویدا تێپەڕیوە. ژنان لە جەریانی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا دروشمی ستراتێژیک و سەرکوتگەرانەی ڕژیمی ئیسلامی “یان ڕووسەری یان تووسەری”یان بە دەنگی ڕەسا و بەهێزی “نە ڕووسەری و نە تووسەری‌، ئازادی، بەرابەری” و “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” وڵام دایەوە. ژنان بە کردەوەی هێمایینی وەک فڕێدانی ڕووسەری لەسەر شەقام و سووتاندنیان، بە سەما و هەڵپەڕین بەدەوری ئاگردا جوانترین وێنەکانیان دژبە ڕژیمی ئاپارتایدی ڕەگەزی خوڵقاند. یاساکانی دژی ژنی حکوومەتی ئیسلامییان تێکشکاند و بە بەرینایی وڵاتی ئێران تۆوی ئازادی و بێباکییان چاند و بە خوێنی خۆیان ئاویان دا. ناڕەزایەتیی لێبڕاوانە و بوێرانەی ئاهوو دەریایی لە گەمارۆی هێزە سەرکوتگەرەکاندا کە قەلبی حکوومەتی ئیسلامیی کردە نیشانە، مژدەی چرۆدانی ئەم تۆوی ئازادییە دەدات. ئەگەر سەردەمانێک ویدا موەحێد لە داهێنانێکی سەمبۆلیکدا ڕووسەرییەکەی بەدارەوە هەڵواسی، یان لە بزووتنەوەی ژینادا ڕووسەرییەکانیان سووتاند، کردەوەی بوێرانەی ئاهوو دەریایی هەڵگری ئەم پەیامەیە کە کاتی ئەوە هاتووە حیجاب و ڕووسەری فڕێ بدرێت و یاسای حیجابی زۆرەملی لەسەر شەقام هەڵوەشێتەوە. سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لەژێر داروپەردووی دیواری حیجابی زۆرەملیدا گرفتاربوون و لە پەرەسەندنی کردەوەی بێباکانەی ئاهوو دەریایی یەکجار ترساون، لەوپەڕی داماویدا لە هەوڵێکی کۆنەپەرستانەیدا بە تەرخانکردنی سەدان ملیارد تمەن، “ستادی تەرکی بەدحیجابی”یان دامەزراندووە. بێ خەبەر لەوەیکە ژنانی ئازادەی ئێران ئەم ستادەش بەسەر سەریاندا دەڕووخێنن.

ژنانی هوشیار و ئازادیخواز دەزانن کە لە ئێران حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بە پشت بەستن بە یاسای شەرعی ئیسلام وەک ئامرازی ئیدئۆلۆژیک و بە یارمەتیی فەرهەنگی کۆنەپەرستانەی پیاوسالاری و باوک سالاری، هەڵاواردن و نابەرابەریی ڕەگەزی و توندوتیژی دژبە ژنانیان کردووەتە یاسا و ئەمری حکوومەت. لەڕاستیدا ئەم توندوتیژییە دەوڵەتییانە دژبە ژنان، بەستێنکی گونجاوی بۆ پەرەسەندنی توندوتیژی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیش دژبەوان خوڵقاندووە. هەربۆیە توندوتیژی دژبە ژنان بە هەموو نەهامەتیەکانیەوە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و وەک هەموو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی دیکە پێویستە بەستێنی بەرهەمهاتنەوەی بناسرێت و بە پێی تایبەتمەندییەکانی بەشێوەی ڕێکخراو لە پانتایی کۆمەڵایەتیدا، هێزی جەماوری ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش و مرۆڤی ئازادە و بەرابەریخواز بۆ خەبات لەدژی بێنە مەیدان. نابێ ڕێگە بدرێت هیچ شێوازێک لە دەستدرێژی و توندوتیژی لەدژی ژنان بابەتێکی شەخسی، بنەماڵەیی، قەومی، کلتووری و مەزهەبی پێناسە بکرێت و لە بەدواداچوون و سزا لە ئەمان دا بێت. ستەمکێشی و توندوتیژی جێکەوتوو دژبە ژنان ڕیشەی لە دەسەڵاتی دین و سەرمایە دایە. هەربۆیە خەبات بۆ نەمانی توندوتیژی دژبە ژنان و هەڵوەشاندنەوەی ئاپارتایدی جنسییەتی بەشێکی جیانەکراوەیە لە خەبات دژبە سەرمایەداری و خەبات دژبە دەسەڵاتی مەزهەبی. لەم ڕوانگەوەیە کە لەناوبردنی بەستێنی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و یاسایی توندوتیژی دژبە ژنان لە ڕێگەی هێرشی ڕادیکاڵ بۆسەر ڕژیمی سەرمایەداریی مەزهەبیی زاڵ لە ئێران و لە مەسیری خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تێپەڕدەبێت.

وێڕای بەرز ڕاگرتنی یادی خوشکەکانی میرابێل، ئەم پەپوولە لەبیرنەکراوانە، وە هەموو ژنانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب کە لە ڕێبازی ڕزگاریی ژندا تێکۆشان و گیانیان بەختکرد، ڕۆژی ٢٥ی نوامبر ڕۆژی هاوپشتیی جیهانیی خەبات بۆ نەمانی توندوتیژی دژبە ژنان، بکەینە ڕۆژی نوێکردنەوەی پەیمان لە خەبات بۆ پاشەکشەپێکردن بە مەزهەب لە بواری ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕۆژی خەبات دژبە نەزمی پیاوسالاری و سەرمایەداری و هەوڵی هەرچی زیاتر بۆ یەکگرتوویی بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن و بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان.

نەمێنێ سەرمایەداری و پیاوسالاری

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی

نوامبری ٢٠٢٤ی زایینی