١٦ی مانگی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار، وەبیرهێنەرەوەی هێرشی ڕژیمی دیکتاتۆریی سەڵتەنەتی پەهلەوی بۆسەر زانکۆی تارانە. ٧١ ساڵ لەمەوبەر نزیکەی چوار مانگ دوای کوودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢، خوێندکاران دژبە سەفەری ڕیچارد نیکسۆن جێگری ئەوکاتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ئێران و دژبە ڕێکخەرانی کوودەتا، زانکۆی تارانیان کرد بە مەیدانی ناڕەزایەتی. هێزە تایبەتەکانی ئەرتەشی کوودەتا کە لەئاست پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی خوێندکاران نیگەران بوون لە ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزدا هێرشیان کردە سەر زانکۆی تاران. لە جەرەیانی ئەم هێرشەی ئەرتەشی ڕژیمی سەڵتەنەتی پەهلەویدا سێ کەس لە خوێندکاران بە ناوەکانی مستەفا بۆزۆرگ نیا، ئەحمەد قەندچی و مێهدی شەریعەت ڕەزەوی درانە بەر گولـلە و گیانیان لەدەستدا و سەدان کەس لە خوێندکاران دەستبەسەر و بریندار کران. لەو کاتەوە ١٦ی سەرماوەز بە نیشانەی هێمای خەبات دژی دیکتاتۆری لەلایەن ناوەندە خوێندکارییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات ڕۆژی خوێندکار ناوزەد کرا. بزووتنەوەی خوێندکاری سەرەڕای هەوراز و نشێوەکانی، زیاتر لە حەوت دەیە خەباتی دژ بە دیکتاتۆری سەڵتەنەتی پەهلەوی و ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامی لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیدا تۆمار کردووە.
بزووتنەوەی خوێندکاری دوای بەشداریی چالاکانەی لە ڕاپەڕینی جەماوەریی ساڵی ٥٧ی هەتاوی، کە نیزامی سەڵتەنەتی پەهلەویی لە گۆڕەپانی سیاسی کۆمەڵگا ڕاماڵی، ئەمجارە لە کێشمەکێشی نێوان شۆڕش و دژەشۆڕشدا، زانکۆی کرد بە گۆڕەپانی خەبات بەرامبەر بە دژەشۆڕشی ئیسلامی. کاتێک دژەشۆڕشی ئیسلامی لەڕێگەی کوشتاری خوێناوییەوە سەنگەری موقاومەتی زانکۆیان گرتەوە، ئەمجارەیان خوێندکارانی خەباتکار لەژێر پێستی زەبروزەنگی پۆلیسیدا خۆیان بۆ نەبەردەکانی داهاتوو ئامادە کرد. لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٨ەوە کە هاودەستیی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لەگەڵ سپای پاسداران و بەیتی ڕەهبەری لە هێرشیان بۆ سەر خوێندکاران، بوو بە بەستێنی دابڕانی بەدەنەی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و سازمانی تەحکیمی وەحدەت، بەشی چەپی بزووتنەوەی خوێندکاری بەخێرایی داخوازیی سیاسی و ڕادیکاڵی کردە سەرلەوحەی خەباتی خۆی. لە سەرەتاکانی دەیەی هەشتا هاوکات لەگەڵ گەشەی بزووتنەوەی کرێکاری ژمارەیەکی بەرین لە خوێندکارانی چەپی ڕادیکاڵ چالاکییەکانی خۆیان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی ژنان چڕکردەوە. بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران تەنانەت دوای سەرکوتی ئاراستەی چەپ و سۆسیالیستی لە ناوەڕاستەکانی دەیەی هەشتا، هیچکات تەسلیمی خسووسی سازی و کاڵایی کردنی پەروەردە، ئەمنیەتی کردنی فەزای زانکۆکان، تەسلیمی هەڵاواردنی ڕەگەزی و سیاسەتی ئیسلامی کردنی زانکۆکان نەبوو. خوێندکارانی ڕادیکاڵ و سۆسیالیست لە ئاخێزی سەرتاسەریی بەفرانباری ٩٦یشدا چالاکانە بەشدارییان کرد و دروشمی “ئیسلاح تەڵەب، ئۆسوولگەرا، ئیتر تەواوبوو ماجەرا”یان بردە ناو بزووتنەوەی سیاسیی جەماوەرەوە. خوێندکارانی شۆڕشگێڕ لە خەزەڵوەری ٩٨دا، لەو حەوت ڕۆژەی کە ئاخێزی جەماوەر هەموو ئێرانی هەژاند، شان بە شانی بێبەشکراوانی شار هاتنە مەیدان، لەگەڵ ئەوان خوێنیان ڕژایە سەر سەنگفەڕشی شەقامەکان و لەگەڵ ئەوان خرانە بەندیخانە. بەڵام سەرکوتی دڕندانە و خوێناویش نەیتوانی چاوترسێنیان بکات و ڕایانگەیاند کە ڕێگای گیانبەختکردووانی ئاخێزی خەزەڵوەر درێژە دەدەن. بزووتنەوەی خوێندکاری لەگەڵ دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ لە ئاستێکی کەم وێنەدا هاتە مەیدان و بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “ئێمە هەموومان مەهساین” زانکۆی کردە گۆڕەپانی مانگرتن و بەرپاکردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەدژی گشت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. بەشی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی بزووتنەوەی خوێندکاری لەماوەی یەک دەیە و نیوی ڕابردوودا لەگەڵ گەشە و پەرەسەندنی مانگرتنی کرێکاری لە حەوت تەپە، فولادی ئەهواز و ناوەندەکانی نەوت و پێترۆشیمی بە بەرپاکردنی ئاکسیۆنی ناڕەزایەتی لەسەر ستراتێژی یەکگرتن لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بێبەشانی کۆمەڵگە تەئکیدی کردووە. دروشمەکانی وەک “ڕۆڵەی کرێکارانین، هەردەم پشتیوانیانین”، “نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی”، خوێندکار، کرێکار، مامۆستا، یەکگرتن، یەکگرتن”، خوێندکار وشیارە هاوڕێی کرێکارە” بەڕوونی هەڵوێستی چینایەتیی سۆسیالیستیی بزووتنەوەی خوێندکاری لەم قۆناغەدا نیشان دەدات.
ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا لە سەروبەندی ڕۆژی خوێندکار داین کە گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شکستی ستراتێژی شەڕی پێشگرانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، ئاسۆی پەرەسەندنی گەمارۆ ئابوورییەکان و فشاری نێونەتەوەیی لە جەرگەی قووڵبوونوەی قەیران و درێژە و پەرەسەندنی مانگرتنی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی، ناکۆکی و کێشمەکێشی باندەکانی حکوومەتی پەرەپێداوە و ڕژیمی لەگەڵ کێشە و ئاستەنگی نوێ بەرەوڕوو کردووەتەوە. کۆماری ئیسلامی بەهۆی بەرینایی ئەم قەیرانە ئابوورییە و بەهۆی سرووشتی سیاسەت و ئەولەوییەتەکانی ناتوانێ وڵام بە داخوازیی خێرای چینی کرێکار، ژنان، خانەنشینان و پەرستاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بداتەوە. هەر ئەم ڕاستییەش لە کاتێکدا کە ستراتێژی سەرکوتی ڕژیمیش نەیتوانیوە کۆمەڵگا چاوترسێن بکات، پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەریی خستووەتە ئاسۆوە.
لەم بارودۆخەدا بەشی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی بزووتنەوەی خوێندکاری بە ئیعتباری مێژووی درەوشاوەی دەتوانێ بە هەڵکردنی ئاڵای خەباتی دیموکراتیکی گەڵاڵەکراو لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا بۆ نموونە ئازادیی بێ شەرت و مەرجی زیندانیانی سیاسی، هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام، هەڵوەشاندنەوەی حیجابی زۆرەملی و کۆتایی هێنان بە شەڕخوازیی حاکمانی سەرمایە، بۆ جارێکی تر ئەرکی خۆی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵکی ئێراندا بەجێبێنێت. ئەمساڵ بەتایبەت لە بارودۆخێکدا کە دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل لە درێژەی کۆمەڵکوژی لە غەززە و سەرکەوتنی بەسەر حیزبوڵڵا لە لۆبنان، بەردەوام تەپڵی شەڕ دەکوتێ و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش لەوپەڕی داماویدا لەسەر ئەنجامدانی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی “وەعدەی سادقی ٣” پێداگری دەکات، ئەم فەزا جەنگییەش ئەرکی تایبەت لە سۆسیالیستەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری دەخوازێت. لە کاتێکدا کە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست و بورژوازی ئێران بە هەڕشەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل و پەرەسەندنی شەڕ بەرەو ئێران و بە فشاری دەوڵەتی داهاتووی ئەمریکا بۆ پڕۆژەی ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی ئومێدی بەستووە و ڕەوتی کۆنەپەرستی “چەپی میحوەری موقاومەتی” کەوتووەتە سەنگەری شۆڤنیزمی تەحقیرکراوی سپای پاسدارانەوە، لەم بارودۆخەدا بەشی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی بزووتنەوەی خوێندکاری پێویستە بە دەنگی ڕەسا شەڕخوازیی ئەم دوو بەرە تیرۆریستە مەحکووم بکات و ناوەرۆکی کۆنەپەرستانەی هەڵوێست و سیاسەتی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی و چەپی ئابڕووتکاوی میحوەری موقاومەتی بۆ جەماوەری خەڵک ڕوون بکاتەوە.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای ڕێزگرتن لە ١٦ سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار و ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی خوێندکاری، چالاکانی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی بزووتنەوەی خوێندکاری بانگەشەی هەوڵ و تێکۆشانی بێوچان دەکات بۆ ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوەیە و پێکهێنانی پەیوەندی بەرینتر لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان.
پیرۆزبێت ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار
بەرز و بەڕێز بێت یادی گیان بەختکردووانی بزووتنەوەی خوێندکاری
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
سەرماوەزی ١٤٠٣
دێسامبری ٢٠٢٤