
٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن، لە زۆرێک لە وڵاتان دەرفەتێکە بۆ ڕێزلێنان لە دەستکەوتەکانیان و وەبیرهێنانەوەی خەباتی درێژماوە و بەردەوامیان بۆ یەکسانی و ڕزگاری. لە ئێرانیش ٨ی مارس بووەتە ڕۆژی ڕێزگرتن لە خۆڕاگری و خەباتی بوێرانە و گیانفیدایانەی ژنان لە بەرامبەر هەڵاواردنی ڕەگەزی، توندوتیژی و سەرکوت و جیاکاریی یاسایی و کۆمەڵایەتی. ژنانی ئێران لە بەرامبەر سیستەمی باوک – پیاوسالاری و ڕژیمی سەرمایەداریدا کە هەردووکیان پێکەوە و بەشێوەی سیستماتیک مافەکانیان پێشێل دەکەن، هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییان کردووەتە مەیدانی نەبەرد دژبەم نیزامە زاڵمانەیە.
لەڕاستیدا خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاریی ژن لە هەر جۆرە ستەمێک، نەک هەر بەشێکە لە خەبات بۆ یەکسانیی ڕەگەزی، بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاویشە لە خەبات دژبە سەرمایەداری و دژبە چەوساندنەوەی چینایەتی. ئەو زوڵمەی کە ژنان لە ئێراندا تەجروبەی دەکەن، تەنیا بە هۆی هەڵاواردنی ڕەگەزییەوە نییە. بەڵکوو ڕەگ و ڕیشەی لە پێکهاتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندایە کە لەسەر بنەمای نایەکسانی چینایەتی دامەزراون. لە وەها کۆمەڵگایەکدا، ژنان وەک نیوەی ئەندامانی ئەم کۆمەڵگایە، نەتەنیا لە دەرفەتی ئابووری و کۆمەڵایەتیی یەکسان لەگەڵ پیاوان بێبەش دەکرێن، بەڵکوو لەژێر سوڵتەی ئەو سیستمە یاسایی و فەرهەنگییانەشدان کە ئەساسەن پیاوسالاری بەهێز دەکەن. ئەم سیستمە ستەمکارە بە کەڵک وەرگرتن لە یاسای شەریعەتی ئیسلام، بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەو یاسایانە دادەڕێژێت کە لە بەرژەوەندی پیاوان و دژی مافەکانی ژنانن. لە حیجابی ئیجبارییەوە بگرە هەتا یاساکانی پەیوەندیدار بە بنەماڵە کە مافی ژن لە بوارەکانی جیابوونەوە، میرات و سەرپرستیی منداڵ نادیدە دەگرن، هەر هەموویان نیشانەی سەرکوتی سیستماتیکی ژنان لەم کۆمەڵگایەدایە. سەرکوتی ژنان لە ئێران لە هەموو بوارەکانی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا بەڕوونی دەبیندرێت. ژنانی ئێران بەهۆی یاسای پڕ لە هەڵاواردن و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی ئێستا، لە دەستڕاگەیشتن بە دەرفەتی یەکسانی پیشەیی، خوێندن و بەشداری لە بڕیاردانەکان بێبەشن. زۆرێک لە ژنان لە مەیدانی نەبەرد بەرانبەر بەم نابەرابەرییانەدا گیانیان بەختکردووە، چاویان لەدەست داوە و یان دەستگیر کراون و خراونەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.
بەڵام سەرەڕای پەرەسەندنی سەرکوت، ژنانی ئێران هیچ کات قوربانییانی خامۆشی نیزامی هەڵاواردنی ڕەگەزی نەبوون. ژنان بە بەشداریی بەرچاوی خۆیان لە ئاخێزە جەماوەری و ئینقلابییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦، خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، بە پشتیوانی لە هاوسەرەکانیان لە قامەتی کرێکارانی مانگرتوودا، بە بەشداری لە کەمپەینی “سێەشممەکانی نا بۆ ئێعدام” لە پشت میلەکانی زیندان، بە شەڕی دەستەویەخە لەگەڵ سەرکوتگەرانی گەشتی ئیرشاد، بە ڕاپەڕین لەدژی قەتڵە نامووسییەکان لە شەقامەکانی مەریوان و سنە، بە فڕێدانی حیجاب لە سەکۆکانی شەقامی ئینقلاب، بە خستنە ژێر پرسیاری جیاکاریی ڕەگەزی لە زانکۆکان، بە حزووری پڕگڕوتینیان لە خەباتی موعەلیمان و خانەنشینان، پەرستاران و بزووتنەوەی ژینگەپارێزی، بە بەشداری لە ڕیزی ئیعتڕازی سینەماکاران و هونەرمەندان لەدژی هەڵاواردن و توندوتیژیی ڕەگەزی، بە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ فەرهەنگی پیاوسالاری لە چوارچێوەی بنەماڵە، نیزامی هەڵاوردنی ڕەگەزیی حکوومەتی سەرمایەداری و ئیسلامییان بەتەواو مانا بردە ژێر پرسیارەوە. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ژنان لە ئێران لە ماوەی ئەم خەباتە پڕگڕوتینەدا گەلێک دەستکەوتی بەنرخی بەدەستهێناوە کە ڕەنگدانەوەی ناوچەیی و جیهانییان هەبووە. یەکێک لە دەستکەوتەکانی، ناڕەزایەتییەکان لەدژی حیجابی ئیجیارییە. ئەم خەبات و خۆڕاگرییە کە لە دەیان ساڵ پێشترەوە دەستیپێکردووە، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەئاستێکی یەکجار بەرینتردا گەشەی کردووە. ژنان لەم خەباتە سەنگەر بە سەنگەرەدا بێباکانە حیجابی زۆرەملێیان خستووەتە لاوە و لەسەر پێویستیی ئازادیی تاکەکەسی و مافی هەڵبژاردن پێداگرییان کردووە. پاشەکشە پێکردن بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە جێبەجێ کردنی یاسای حیجاب و عیفاف، تەنیا یەکێک لەم دەستکەوتانە بووە.
بەڵام لەپاڵ ئەم دەستکەوتانەدا، ژمارەی زیندانییانی سیاسیی ژن و توندوتیژیی خێزانی و ناموسی دژ بە ژنانی ئێران زۆر جێگەی نیگەرانییە. لەماوەی ئەم ساڵانەدا، هەزاران ژن بەهۆی بەرگریکردن لە مافە سەرەتاییەکانیان، ناڕەزایی دەربڕین دژی یاسا نایەکسانەکان و خەباتی کۆمەڵایەتی دەستگیرکراون. زۆرێک لەو ژنانە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کراونەتەوە و لە مافی دادگاییکرانێکی دادپەروەرانە بێبەشکراون. توندوتیژیی خێزانی، بەتایبەت قەتڵە نامووسییەکان، لە ئێران ڕوو لە زیادبوونە و سیستەمی سیاسی و قەزایی ڕژیم لە خزمەت پەرەپێدانی ئەم تاوانانەدایە. لە کۆماری ئیسلامیدا یاسا و فەرهەنگی پیاوسالاری بووەتە ئامرازێک بۆ پەرەپێدانی توندوتیژی دژی ژنان و بووەتە قەڵغانێک بۆ بەرگریکردن لە بکوژان و ئەنجامدەرانی توندوتیژی. ئامانحی سەرەکیی ئەم سەرکوتگەرییانە پاراستنی فەرهەنگی باوک – پیاوسالاری و نیزامی داسەپاوی ئێستایە. لەڕاستیدا ئەم سەرکوتگەرییانە نیشانەی ترس و خۆفی حکوومەتی ئیسلامییە لەو هێز و توانا و دەورونەخشەی کە ژنان لە ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا بەدەستیان هێناوە.
بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنانی ئێران کە ئاڵاهەڵگری خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی و دژی هەڵاواردنە، لە هەمان کاتدا پێویستە لە چوارچێوەی خەباتی جیهانی و ئەنترناسیۆنالیستیشدا لەدژی ستەمی چینایەتی و ڕەگەزی هەنگاو بنێت. هاوپشتی لەگەڵ ژنانی فەلەستین و دژایەتی لەگەڵ تاوانەکانی ڕژیمی داگیرکەری ئیسرائیل یەکێک لەم نموونانەیە. هاوئاراستەیی و هاوپشتی بەتایبەت لەگەڵ ئەو بزووتنەوانەی لەسەر ئاستی جیهان لەدژی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و ئابووری خەبات دەکەن، دەبێ یەکێک لە بنەماکانی ستراتێژێ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ژنان لە ئێران بێت. مێژووی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان نیشانی داوە کە ئازادیی ژنان تەنیا لە چوارچێوەی خەباتی ڕادیکاڵ بۆ گۆڕینی بنەڕەتیی سیستمە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دەستەبەر دەبێت. لەم ڕووەوە بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن، پێشڕەویی خۆی لە گرەوی ستراتێژی یەکگرتن لەگەڵ بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لەوانە بزووتنەوەی کرێکاری، موعەلیمان، خوێندکاران، پەرستاران و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا دەبینێت. کەوابوو ٨ی مارس دەبێ نەتەنیا ڕۆژێک بێت بۆ ڕێزلێنان لە دەستکەوتەکانی هەتا ئێستا، بەڵکوو دەبێ ڕۆژێکیش بێت بۆ هاوپشتیی جیهانی و ئەنترناسیۆنالیستی. بێگومان هەتا کاتێک کە ژنان لە سەرتاسەری جیهان لە گشت ستەم و کۆت و بەندەکانی نیزامی سەرمایەداری و نیزامی پیاومەزن ڕزگار نەبووبن، خەبات درێژەی دەبێت.
پیرۆز بێت ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کارگەری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
ڕەشەممەی ١٤٠٣ی هەتاوی
فێوریەی ٢٠٢٥ی زایینی