فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە کارەساتی مەرگی ٧ کرێکار لە کانگای مێهماندویەی دامغان
چوارشەممە ۲۰-۰۱-۱۴۰۴   |  09-04-2025

بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، نزیک بە کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ١٨ی مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٤، بەهۆی نەبوونی سیستەمی هەواگۆڕین و ئۆکسیژن و بەهۆی گازگرتوویی لە کانگای بەردی خەڵووزی مێهماندویە لە پارێزگای سێمنان، ٧ کرێکاری ئەم کانە بە ناوەکانی مورتەزا شکاری، ئەحمەد شکاری، مێهدی گیلەکی، هانی گیلەکی، غوڵام حسێن ئیبڕاهیمی، موجتەبا ئەکبەری وعەلی ئیبراهیمی گیانیان لەدەستدا. کانگای بەردی خەڵووزی گوندی مێهماندویە کە سەر بە کەرتی تایبەتە، چوار توونێلی هەیە کە ئەم کارەساتە دڵتەزێنە لە توونێلێکدا ڕوویداوە کە لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردووەوە کاری لەسەر نەدەکرا و چۆڵ کرابوو. پارێزگاری ڕژیمی ئیسلامی لە سێمنان لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی حکوومەتیی ئیرنا، ڕایگەیاند کە “١٨ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٤، یەکەم ڕۆژی چالاکیی گەڕان و پشکنین بووە لەم کانەدا کە بۆ ماوەیەکی زۆر کار تێیدا ڕاگیرابوو”. ئەو لە درێژەی شێوازی هەمیشەیی کارگێڕانی ڕژیم لەم کاتانەدا، خەتای تاکەکەسی و هەڵەی حساباتی بە هۆکاری ئەم ڕووداوە و گیان لەدەستدانی حەوت کرێکارەکە ڕاگەیاند”. بەڵام فەرەجوڵڵا ئیلیات سەرپەرستی جێگری هەماهەنگی کاروباری ئاوەدانکاری ڕژیم لە سمنان ڕۆژی سێشەممە لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵنێریی حکوومەتیی ئیرنا، وێڕای ئاماژە بەوەیکە “کانی خەڵووزێک کە چالاک نییە دەبێ زیندوو ڕابگیرێت و کۆنتڕۆڵی ئۆکسیژن و گەڕانی هەوای لەبەر چاو بگیرێت” دانی بەوە دانا کە: “نەبوونی ئیمکاناتی پێویست لە ڕووداوی فەوتی حەوت کەس لە کانگای “جەواهر زوغاڵ” لە گوندی مێهماندویەی دامغان، بەڕوونی دەبیندرێت”. بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیان بەختکردنی حەوت کرێکاری ئەم کانگایە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هاوسۆزیی بەرینی خەڵک لەگەڵ کرێکاران و بنەماڵەکانیان و تووڕەیی و بێزاریی ئەوانی لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت بەهۆی بایەخ نەدانیان بە ئیمەنی شوێنی کاری کرێکارانی کانەکانی لێکەوتووەتەوە.

کارەساتی مەرگی دڵتەزێنی ٧ کەس لە کرێکارانی ئەم کانە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە لە بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی مانگی خاکەلێوەشدا بەهۆی داڕمانی کانگای بەردی ئاسن لە گوندی عەوڵاوای مەهاباد دوو کرێکار لەژێر ڕووخاوەکاندا گرفتار بوون کە یەکیان بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا و ئەوی تریش بریندار بوو. ئەم مەرگە خامۆشانە لە کاتێکدا ڕوو ددەن کە هێستا یەک ساڵ لە کارەساتی مەرگی زیاتر لە ٥٠ کرێکاری کانگای تەبەس تێنەپەڕیوە. بەپێی ڕاپۆرتی سازمانی پزشکی قانونی لە ئێران ساڵانە زیاتر لە دوو هەزار کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کار کە سەرچاوەکەیان نائەمنبوونی شوێنی کارە، گیانیان لەدەست دەدەن.

لەڕاستیدا ستراتێژی هەرزان کردنی هێزی کار و قازانجپەرستیی کۆماری ئیسلامی وەک گەورەترین سەرمایەداری ئێران و سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت سەرچاوە و هۆکاری سەرەکیی ڕوودانی ئەمجۆرە کارەساتە مەرگبارانە لە شوێنەکانی کارن. سەرمایەدرانی کەرتی تایبەت و دەوڵەتی لە بارودۆخێکدا کە لە کۆمەڵگای ئێراندا لەگەڵ سونامیی بێکاری بەرەوڕووین، بایەخ بە گیان و تەندروستیی کرێکاران نادەن و حازرن کانگا و ناوەندەکانی کار و بەرهەمهێنان بەکردەوە بکەنە قەتڵگای کرێکاران. بەڵام مێژووی بزووتنەوەی کرێکاری لە وڵاتانی پێشکەوتوو نیشانی داوە کە دەتوانرێ بە خەباتی یەکگکرتووانە و ڕێکخراو و بە داسەپاندنی یاسای پەیوەندیدار بە دابینکردن و پاراستنی ستانداردە ئیمەنییەکانی شوێنی کار و ئیجرایی کردنیان، بەتەماعترین خاوەنکار و سەرمایەداریش ناچار بە ڕەچاو کردنی ستانداردە ئیمەنییەکان لە شوێنی کار بکرێن. ئیمکاناتی پێشگرتن لە ڕووداو و کارەساتەکان ئامادە بکەن. ڕاهێنانی پێویست و بەردەوام و نوێکراوە بۆ هێزی کار فەراهەم بکەن. خاوەنکار و دەوڵەتەکان ناچار بکەن بیمەی ڕووداوەکان هەر لە ڕۆژی یەکەمی دامەزراندنەوە بدەن. لە ئەگەری هەر ڕووداوێکدا، گشت زەرەر و زیانی سەرچاوەگرتوو لە برینداربوون و یان مەرگی کرێکاران بدرێتە بنەماڵەکەیان. پێویستە ئەم داواکاریانە و هاوشێوەکانی لە ئێراندا بەسەر کۆماری ئیسلامی و سەرمایەدارەکانی ئێراندا، لەسەر پێوەری ستانداردی جیهانی، لە ڕێگەی خەباتێکی ڕێکخراوەوە بسەپێندرێت.

هەتا کاتێک  نیزامی سەرمایەداریی دەسەڵاتدارە و هەتا کاتێک کە لۆژیکی سەرمایەداری زاڵە، ڕێگای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نائەمنیی شوێنی کار لە هەموو شوێنێک یەکگرتوویی و هێزی چینایەتیی ڕێکخراو و هوشیاری چینی کرێکارە کە دەیهەوێ ئەم نیزامە دژەئینسانە بخاتە گۆڕەوە. واقعییەت ئەوەیە کە خاوەنکاران بەهۆی قازانج پەرستی و تەماعیان، نە دەیانهەوێ ئەمنیەتی شوێنی کار باشتر بکەن و نە نیگەرانی لە دەستدانی کرێکارانن بەهۆی ڕووداوەکانی شوێنی کارەوە. هەتا کاتێک زۆرینەی کرێکارانی ئێران بەو ئاستە لە هوشیاری نەگەیشتبن کە دەبێ بۆ کۆتایی هێنان بەم هەمووە هەژاری و نەهامەتی و بێکاری و کارەساتە مەرگبارانە، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و نیزامی سەرمایەداری بڕووخێنن، هەتا کاتێک کە خرۆشی شۆڕشی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بیساتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و نیزامی سەرمایەداری کۆنەکاتەوە، ئەم کارەساتانە ڕیشەکێش نابن. کەوابوو ئەوە کرێکاران خۆیانن کە دەبێ بیر لە خۆیان بکەنەوە و بە پشتبەستن بە خەباتی ڕێکخراو و نەخشەمەند، خاوەنکار و حکوومەت ناچار بە دابین کردنی سەلامەتی شوێنی کاریان بکەن. یەکگرتوویی و هێزی چینایەتی کرێکاران تاکە ئامرازی ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ستەم و چەوساندنەوەی سیستەمی سەرمایەداری و حکوومەتەکەیانە. نائەمنیی شوێنی کار و پێدانی خەسارەت بەو کرێکارانەی کە بەهۆی ڕووداوەکانی کارەوە زیانیان پێگەیوە، هەر وەک هەموو داخوازییەکی تر، تەنیا بە زەبری خەبات و هاوپشتیی چینایەتیی کرێکاران بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیاندا دەسەپێت.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای مەحکووم کردنی کردەوەی جنایەتکارانەی خاوەنکارانی ئەم کانگایە و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە هۆکاری سەرەکیی ئەم کارەساتە ئینسانییانە و مەرگی کرێکاران لە کانگاکان و شوێنەکانی کارە، پرسە و سەرەخۆشیی سەمیمانەی خۆی ئاراستەی کەسوکاری کرێکارانی گیان بەختکردوو، هاوکارانیان و هەموو کرێکارانی ئێران دەکات. بێگومان خەڵکی شەریف و زەحمەتکێشی ئەم ناوچەیە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و ڕێزگرتن لە یادی کرێکارانی گیان بەختکردوو و هاوسۆزی لەگەڵ کەسوکاری ئەم ئازیزانە دەکەنە ناوەندی یەکگرتن و هاوپشتی و دەربڕینی بێزاری لەم بارودۆخەی ئێستا. وە بەشەکانی دیکەی چینی کرێکاری ئێران بە شێوازە گونجاوەکانی خۆیان، هاوپشتییان لەگەڵ بنەماڵەی ئەم ئازیزانە ڕادەگەیەنن و ئیعترازی خۆیان لەدژی ئەم جنایاتە لە شوێنەکانی کار دەردەبڕن.

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی

٨ی ئاوریلی ٢٠٢٥ی زایینی