
نابێ ڕێگە بدەین ڕژیمی ئیسلامی لە بەرپرسایەتیی ڕاستەوخۆی ئەم کارەساتە خوێناوییە خۆی بدزێتەوە
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی کە دەکەوێتە ٢٣ کیلۆمیتریی ڕۆژئاوای بەندەر عەباس، هەتا ئێستا لانیکەم بۆ ٢٨ کەس بەرزبووەتەوە و زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون. ئەم تەقینەوە مەرگبارە نزیک بە کاترمێژ ١٢ی ڕۆژی شەممە ٦ی مانگی گوڵان لە چوارچێوەی لەنگەرگەی کانتینێریی شیرکەتی سینادا لەم بەندەرە ڕوویدا. گرتە ڤیدیۆکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیشانی دەدەن کە چەند کاتژمێر لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی گوڵان تێپەڕیوە بەڵام ئاگرێک کە بەهۆی ئەم تەقینەوانەوە داگیرساوە، هەروا بەردەوامە. ئەگەرچی هەواڵنێریی فارسی سەربە سپای پاسداران گەرمای سەرووی ٤٠ پلە و کەڵەکەبوونی ماددە سووتێنەرەکانی وەک هۆکاری ئاگرکەوتنەوەی سەرەتایی و تەقینەوە ڕاگەیاندووە، بەڵام هەواڵنێریی ئەسۆوشیەیتید پرێس لەسەر زاری بەرپرسانی شیرکەتی ئەمنیەتی دەریایی “ئەمبری” ڕایگەیاندووە کە ئاگرەکەی بەندەری ڕەجایی پێدەچێت بەهۆی گواستنەوەی نادروستی سووتەمەنیی ویشکی مووشەکی بالستیکەوە ڕوویداوە. بە پێی ڕاپۆرتی نیویۆرک تایمز بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی پێوەندیدار بە سپای پاسداران، تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی شەهر بەهۆی ماددەی پەرکلۆراتی سۆدیۆمەوە بووە کە یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی سووتەمەنی ویشکی مووشەک. هەتا ئێستا هۆکاری ڕاستەقینەی تەقینەوەکە نەزانراوە، بەڵام هەندێک لە گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن کە تەقینەوەکان لەناکاو ڕوویانداوە، نەک لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی ئاگر لە کۆگایەکدا. وێنە و ڕاپۆرتەکان ئەو گومانانە بەهێزتر دەکات کە تەقینەوەکان لە ئەنجامی کردەوەیەکی تیرۆریستیدا بووبێت. هەڕوەها بەشێک لە ڕۆژنامە حکوومەتییەکان لە تاران، هاوکات بوونی تەقینەوەکانی بەندەر ڕەجایییان لەگەڵ سێهەمین خولی دانوستانەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا بە پەیوەندیدار زانیوە و سەرەڕای ڕەتکردنەوەی ئەرتەشی ئیسرائیل، باسیان لەوە کردووە کە دەوڵەتی ئیسرائیل دەستی بووە. بەڵام دەزگای گەندەڵی سپای پاسداران کە نایهەوێ بچێتە ژێر باری ئەم زەلیلییەوە، گەرمای سەرووی چل پلە و ئاگرکەوتنەوە، بە هۆکاری سەرەکی ئەم تەقینەوانە پێناسە دەکات.
بەڵام ئەم تەقینەوە کوشندانە کە بەهۆیەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٨ کەس لە کرێکارانی بارەئەنداز و دانیشتووانی ئەم بەندەرە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار کەس برینداربوون، چ لە ئاکامی بایەخ نەدان بە ڕێنماکان بێت، چ بەهۆی ڕادەستکردنی بەشی ئیمەنی بەندەرەکان بە پەیمانکارەکان و بایەخ نەدان بە دۆخی ئیمەنی شوێنی کار بێت، یان بەهۆی هێرشی تیرۆریستیی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیلەوە بووبێت، بەرپرسایەتیی ڕاستەوخۆ لە ئەستۆی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە. بایەخ نەدانی ئەم ڕژیمە سەرمایەدار و دژەکرێکارە بە سەلامەتی شوێنی کاری کرێکاران کە ساڵانە زیاتر لە دوو هەزار کەس لە کانگاکان، بەندەرەکان، کارخانەکان و لە بەشی کاری بیناسازیدا لە چینی کرێکار دەکاتە قوربانی، درێژەی سەرکوتگەری، شەپۆلی ئێعدامەکان و سەپاندنی هەژاری و نەهامەتیی ئابووری و بێمافیی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەسەر زۆربەی خەڵکی ئێران، بەشێکی دیکە لە سیاسەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە کە بەهۆیەوە بووەتە یەکێک لە جەمسەرەکانی تیرۆریسمی دەوڵەتی و تیرۆریسمی تاقمە کۆنەپەرستەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. قوربانییانی سەرەکیی ئەم ستراتێژی و سیاسەتەی ڕژیمی ئیسلامی، کرێکاران و زۆرینەی خەڵکی ئێرانن. حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەدارانی ئێران بەرپرسی ڕاستەوخۆی هەموو ئەو نائەمنی و بارودۆخە کارەساتبارەیە کە بەسەر خەڵکی ئێرانیدا سەپاندووە.
ئەم تەقینەوە کارەساتبارانە زەنگێکی هۆشدارە بۆ هەموو کرێکارانی ئێران کە چارەنووسیان بێجگەلە مەرگی شێنەیی لە کانگا و بەندەر و کارخانەکان شتێکی تر نییە. لەو بەیانییە خوێناوییەی بەندەری ڕەجاییدا، کرێکارانێک کە بۆ تیکەیەک نان کاری تاقەت پڕووکێنیان دەکرد، بوونە قوربانیی قازانجپەرستیی سەرمایەداران و بێکفایەتیی تاوانکارانی دەسەڵاتدار. ئەم کارەساتە دڵتەزێنانە لە هەموو چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دەخوازێت کە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوپشتی لە نێوان ئەم بزووتنەوانە، بۆ هێنانە مەیدانی هەموو توانای خەباتکارانەی ئێستای کۆمەڵگا، بۆ کۆتایی هێنان بەم کارەساتانە، بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە شێوازی شۆرشگێڕانە، دەست بخەنە ناو دەستی یەک و پەیوەندییەکان و هاوکارییەکانیان پەرەپێبدەن و جێی بخەن. سەروبەندی یەکی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار دەرفەتێکە بۆ ئەوەی چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری عەزم و بڕیاری خۆیان بۆ هەنگاو هەڵگرتن لە مەسیری ئەم بابەتە گرینگە نیشان بدەن.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە کەسوکاری قوربانییان و گیان بەختکردووانی بێدیفاعی ئەم کارەساتە و لە هەموو کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران سەمیمانە سەرەخۆشی دەکات. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەسەر ئەو باوەڕەیە کە کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی ئێران تەنیا لە ڕێگەی پەرەپێدانی مانگرتن و خەباتی ئازادیخوازانە و بەرابەری تەڵەبانەی خۆیان، بە گەشەپێدانی خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و بە ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ئەم ڕووخاندنە، لەسەر بەستێنی خەباتی ئێستا دەتوانن کۆتایی بە کارەساتەکانی سەرچاوەگرتوو لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و کۆتایی بە تیرۆریزە کردن و نائەمن کردنی کۆمەڵگا بێنن.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٧ی گوڵانی ١٤٠٤ی هەتاوی
٢٧ی ئاپریلی ٢٠٢٥ی زایینی
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpirn