فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران: لە بەرامبەر مەترسیی پەرەستاندنی شەڕی دوو بەرەی کۆنەپەرستدا خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی گەشە پێبدەین
هەینی ۲۳-۰۳-۱۴۰۴   |  13-06-2025

لە کاتێکدا کە قەرار بوو قۆناغی شەشەمی دانوستانی ئەتۆمی نێوان ئەمریکا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی مانگی ژوئەن لە مەسقەت بەڕێوەبچێت، بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ١٣ی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٥ بەرابەر لەگەڵ ٢٣ی مانگی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی ئەرتەشی ئیسرائیل لە هێرشێکی توندتر و بەهێزتر لە دوو هێرشی پێشووی، دەیان دامەزراوەی ئەتۆمی، سیستمەکانی بەرگری، پایگا نیزامییەکان و شوێنی مانەوەی فەرماندەکانی سپای پاسدارانی کردە ئامانج. لەم هێرشەدا کە بە ئاگاداری و هاوئاهەنگیی دەوڵەتی ئەمریکا ئەنجام دراوە و وەک ئامرازی پێشخستنی دانوستانی ئەتۆمی و ناچار کردنی کۆماری ئیسلامی بۆ تەسلیمبوون کەڵکی لێوەردەگیرێت، دامەزراوە ئەتۆمی و ناوەندە نیزامییەکان تێکشکێندراون و چەندین فەرماندەی باڵای سپای پاسداران و ئەرتەش کوژراون. هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لە هاوئاهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی موساد بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە سەرەڕای هەرا و هوریا و خۆهەڵکێشانی خامنەیی و فەرماندەکانی سپا، سیستمی بەرگری و ئەمنیەتی و زانیاریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تا چ ڕادەیەک خەسارهەڵگر و بەرگەنەگرە. لە کاتێکدا کە ڕۆژێک پێشتر ئەمریکا وەک ئامادەکاری بۆ ئەگەری هێرشی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن ڕژیمی ئیسلامی باڵوێزخانەکانی لە ناوچەکە چۆڵ کرد، کۆماری ئیسلامی تەنانەت نەیتوانی شوێنێکی ئەمن بۆ کۆبوونەوەی فەرماندەکانی سپای پاسداران دابین بکات.

فەرماندەکانی سپای پاسداران و زانایانی ئەتۆمی لە ئاگری شەڕێکدا دەسووتێن کە کۆماری ئیسلامی یەکێک لە داگیرسێنەرانی سەرەکییەتی. بەڵام دەرئەنجامەکانی درێژەی ئەم شەڕە، بۆردومان و ڕووبەڕووبوونەوەی مووشەکی لە نێوان ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و حکومەتەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا تەنیا بەمەوە سنووردار نابێت. ئەم ڕووبەڕووبوونەوە نیزامییە و چڕبوونەوەی کەشوهەوای شەڕ لە ئێراندا، بەدەر لە تەشەنەسەندنی نائەمنی و مەترسی تیشکی ئەتۆمی و هەژاری و نەهامەتی ئابووری، بەر لە هەموو شتێک، پێشکەوتن و گەشەکردنی خەباتی کرێکاری و جەماوەری و خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دوادەخات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە کەڵک وەرگرتن لە کەشوهەوای شەڕ و چڕکردنەوەی سەرکوت و بارودۆخی پۆلیسی، دەیەوێت پەرەسەندنی خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامی تێکبدات و ئەم بزووتنەوە و دوژمنی ناوخۆییە سەرکوت بکات.

دەوڵەتی ئەمریکا هێستاش بەنیازی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نییە. بەڵکوو دەیهەوێ لەڕێگەی فشاری هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکاندا، ناچار بە تەسلیمبوون بکات. بەڵام ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە درێژەی ماجەراجووییەکانی هەتا ئێستایدا، هەروا لەسەر پیتاندنی ئۆرانیۆم لەناو خاکی ئێراندا پێداگری بکات، ڕووبەڕوو بوونەوەی نیزامی و مووشەکی درێژەی دەبێت و هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی بۆمبارانەکان، هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەدیلێکی حکوومەتی بە یارمەتیی هێزی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوایی و دەستی ڕاستی و هەوڵ بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامی دەبێتە بەشێک لە پڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ بەڕێوەبردنی نەزمی دڵخوازیان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە نەزمی ناوچەیی دڵخوازی ئەمریکا و ئیسرائیلدا حکوومەتی ئیسلامیی ئەتۆمی، هیچ جێگایەکی نییە.

لەم ڕووەوە هەروەک زۆر جار تەئکیدمان لەسەر کردووە، شەڕ و کێشمەکێشی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژوەند و قازانجی چینی کرێکار و خەڵکی ئێران و ناوچەکەوە نییە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی ستراتیژی مانەوەی خۆیدا، سەدان ملیارد دۆلار لە سەروەت و سامانی کۆمەڵگا و لە بەرهەمی ڕەنج و چەوساندنەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێرانی لە پرۆژە و بەرنامە ئەتۆمییەکان خەرج کردووە کە دوکەڵەکەی ڕاستەوخۆ چووەتە چاوی خەڵکی ئێرانەوە. شەڕ و ململانێی نێوان کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل درێژەی سیاسەتەکانی هەتا ئێستایە و لە هەردوولاشەوە شەڕ و ململانێیەکی کۆنەپەرستانە و سەرمایەدارییە. جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران  بۆ دەربازبوونیان لە مەترسی شەڕ، جگە لە پەرەپێدانی خەبات دژبە کۆماری ئیسلامی، هەوڵی زیاتر بۆ ڕێکخستنی ڕیزەکانی خۆیان و پێکهێنانی ڕێبەرایەتییەکی سەرتاسەری بۆ ڕاپەڕینی جەماوەری  و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، ڕێگایەکی تریان لەپێش نییە. نابێ ڕێگە بدرێت هەندێک هێزی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی سەرخۆش، خەڵک بەرەو کردەوەی پێشوەختە لەوانە ڕاپەڕین، کە ئاستێکی باڵای لە ڕێکخستن و لێهاتوویی دەوێت و هێستا بۆ ئەنجامدانی ئامادە نین، هان بدەن.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای مەحکووم کردنی ئەم شەڕ و کێشمەکێشە کۆنەپەرستانەیە، هەموو کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بەرەو گەشەپێدانی خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی بانگهێشت دەکات و لە چالاکان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە داواکارە کە هەوڵ بۆ ڕێکخستن و شکڵدان بە ڕێبەریی هاوئاهەنگ و سەرتاسەری پەرەپێبدەن. تەنیا بە خێراکردنەوە و بە پەرەپێدانی خەبات بۆ ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی دەتوانین خەڵکی ئێران و ناوچەکە لە چنگ ئەم ڕژیمە جنایەتکارە ڕزگار بکەین، هەوڵی هێزە ئۆپۆزیسیۆنە بورژوازی و دەستی ڕاستییەکان بۆ ئاڵترناتیڤسازی لەسەرەوەی ئیرادەی خەڵک پووچەڵ بکەینەوە و لە بەرامبەر نەزمی ناوچەیی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ئاسۆیەکی گەش بەڕووی کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکەینەوە.

نا بۆ شەڕی کۆنەپەرستانە

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی

١٣ی ژوئەنی ٢٠٢٥ی زایینی

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv