فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران: شەپۆلی ئێعدامەکان و پەرەپێدانی سەرکوتی ڕژیمی داماوی کۆماری ئیسلامی بە خەباتی یەکگرتووانە تێکبشکێنین‌!
چوارشەممە ۱۱-۰۴-۱۴۰۴   |  02-07-2025

“هیچ زیندانێک، هیچ ئێعدامێک، هیچ سەرکوتێک، خەباتکاران لە ڕێبازی ئازادی و بەرابەری پاشگەز ناکات!”

لەماوەی حەفتە و ڕۆژانی ڕابردوودا، ئێران بووەتە مەیدانی یەکێک لە بەرینترین شەپۆلەکانی سەرکوت و گرتن و ئێعدام. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، تەنیا لەماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا، زیاتر لە ٧٣٤ کەس لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران و ٢٤ کەس بە تۆمەتی جاسووسی بۆ ئیسرائیل، دەستبەسەرکراون و تەنیا لە مانگی جۆزەرداندا زیاتر لە ١٤٠ بەندکراو ئێعدام کراون.

ئەم کارەساتانە لە بارودۆخێکدا ڕوو دەدات کە دوای ئاگربەستی لاوازی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل، شەپۆلێکی نوێ لە تۆڵەسەندنەوە و سەرکوت لە سەرتاسەری ئێران دەستیپێکردووە. هێرشی مووشەکیی ئیسرائیل بۆسەر زیندانی ئێڤین، گیانی ٧١ بەندکراو و هاووڵاتیی بێدیفاعی گرت و چارەنووسی زۆرێک لە بەندکراوانی سیاسی و عەقیدەتی هەروا نادیارە. بەدوای ئەم هێرشەدا، سەدان ژنی بەندکراو ڕەوانەی زیندانی “قرچەکی وەرامین” و پیاوانی بەندکراو ڕەوانەی “زیندانی تارانی گەورە” کراون. ڕاگواستنێکی زۆرەملی، نامرۆڤانە، وێڕای زیاتر کردنی بەربەستی تەندروستی و ئەمنیەتی.

ئەگەرچی دەسەڵاتی نگریسی کۆماری ئیسلامی بەدرێژایی تەمەنی لە سەرکوت و ئێعدام و دوورخستنەوەی نەیارانیدا بەردەوام بووە و هەر دەنگێکی ناڕەزایەتیی بە سەرکوت و زیندان و تەنافی سێدارە وڵام داوەتەوە. بەڵام ئەمڕۆ، ئەم سەرکوتانە بووەتە تەنیا تاکتیکی مانەوەی ڕژیم. ئێعدامی بەکۆمەڵ، دادگایی کردنی فەرمایشی، ئەشکەنجە و هەڵسووکەوتی نامرۆڤانە بەرانبەر بەندکراوانی سیاسی و دوورخستنەوەیان بۆ ئەو زیندانانەی بارودۆخێکی یەکجار دژوار و تاقەتپڕووکێنیان هەیە، نیشانەی ڕوونی دەسەڵاتێکە کە بەرەو نابوودی دەڕوات. حکوومەتێک کە دەستی لە “میحوەری موقاومەت”ەکەی کورت بووەتەوە، لە بەرامبەر قەیرانی چەند لایەنەی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بێتوانایە، لە شەڕی کۆنەپەرستانە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا دۆڕاوە، ئێستا دەیهەوێ تۆڵەکەی لە خەڵک و چالاکانی سیاسی بکاتەوە. چونکە ڕاگرتنی دەسەڵات تەنیا لە ترساندن و توندوتیژیدا دەبینێت. غافڵ لەوەیکە ئێستا دیەی شەست نییە، کە لە بێدەنگیدا هەزاران بەندکراوی سیاسی ئێعدام کرد. ئێستا زیندانەکانیشی بووەنەتە گۆڕەپانی خەبات و خۆڕاگری و بێگومان تاکتیکی سەرکوتەکەشی ئاکامێکی نابێت. خەبات و مانگرتنی بەندکراوان لە “کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدم” لە ٤٧ زیندانی ئێران، یەکێک لە نموونەکانە.

“زیندانی قرچەکی وەرامین” ئەمڕۆ هێمای بەرچاوی ستەمی دوولایەنە بەرامبەر بە ژنانە. زیاتر لە هەزار ژن لە ژووری بەرتەنگ و پیس و پڕ لە توندوتیژیدا، بە بێ دەستڕاگەیشتنیان بە سەرەتاییترین مافی ئینسانی، ساڵەهایە بەناهەق ڕەنج دەبەن! زۆرێک لە ژنان قوربانیی هەژاری، هەڵاواردن و توندوتیژیی پێکهاتەیین. چەوساندنەوەی جنسی، بێگاری، بێڕێزی بەردەوام و بارودۆخی نامرۆڤانە، بووەتە ژیانی هەمیشەییان. ئەمڕۆ، ژنانی تێکۆشەر و بەندکراوانی سیاسیش بۆ ئەم جەحەنەمە زەمینییە دوورخراونەتەوە. بەڵام ڕەنجی ئەوان، لە ڕەنجی لەبیرنەکراوی “قرچەک” جیا نییە. هەروەک بەندکراوانی سیاسی ڕایانگەیاند: ” هیچ زیندانێک، هیچ ئێعدامێک، هیچ سەرکوتێک، خەباتکاران لە ڕێبازی ئازادی و بەرابەری پاشگەز ناکات. ئەم ڕێبازە، ڕێبازێکی خوێناوی و دژوارە، بەڵام ڕێبازی ئێمەیە. ئەو ڕێبازەی بە خەبات و خۆڕاگریی هەزاران تێکۆشەر و گیانبەختکردوو هەتا ئێستا بەردەوام بووە و هەتا لەناوبردنی یەکجاریی دیکتاتۆری و چەوسانەوە درێژەی دەبێت. باش دەزانین کە هیچ ڕێگایەک بۆ ڕزگاری بێجگەلە خەباتی کۆمەڵایەتی بوونی نییە. ئێمە دەنگی بێدەنگانین، دەنگی ڕەنجێکین کە بەکۆمەڵە و ڕزگاربوون لێشی تەنیا بەکۆمەڵ دەکرێت.”

با دەنگی بەندکراوانی سیاسی بین و بوار بۆ ڕژیمی داماو و لاوازتر لە هەمیشە، بەرتەسکتر بکەینەوە. ئەم مەیدانە، کە بواری هاوبەشی هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێرانە، یەکێک لە ئاڵقەکانی هاوپشتی و یەکگرتوویی ئەم بزووتنەوانەیە. لە بارودۆخی ئێستادا تەنیا بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر زیندانەکان لە سەرتاسەری ئێران و بەتەنیا نەهێشتنەوەی بنەماڵەی بەندکراوانی مەحکووم بە ئێعدام لەم کەمپەینە، بە بەرزکردنەوەی ئاڵای خەبات لەدژی سزای ئێعدام و خواستی ئازادیی بەندکراوانی سیاسی لە ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشنان و خوێندکاران و بە بەرێوەبردنی هەڵمەتی سیاسی و تەبلیغی لە دەرەوەی وڵات، لەدژی سزای ئێعدام و بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی، دەتوانین ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی شەپۆلی ئێعدامەکان و لە زیندانی کردنی تێکۆشەرانی سیاسی و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ناچار بە پاشەکشە بکەین. هاودەنگ لەگەڵ بەندکراوانی سیاسی و کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” لەدژی ئەم تاوانە ڕێکخراوە دەوڵەتییە و لەدژی ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە ڕاپەڕین!

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی / یەکی جولای ٢٠٢٥ی زایینی

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv