
ساڵی نوێی خوێندن لە بارودۆخێکدا دەستپێدەکات کە ملیۆنان بنەماڵەی کرێکار و زەحمەتکێش لەگەڵ هەزینەی قورس و لەڕادەبەدەری خوێندن بەرەوڕوون. بەپێی ئاماری ڕەسمی، خەرجی کەلوپەلی خوێندن لە قۆناغی سەرەتایی لە نزیک دوو و نیو ملیۆن تەمەن لە ساڵی ١٤٠٣ بۆ سێ و نیو تا چوار ملیۆن تمەن زیادی کردووە. بەم قیمەتانە، هەزینەی کیف و کۆڵە پشتی، هەزینەی لیباس فۆڕمی مەدرەسە و هەزینەی بەرینی هاتوچۆی مەدرەسە لەماوەی ساڵدا کە دەگاتە ٦ تا ١٥ ملیۆن تمەن، وە هەروەها ئەو کرێیەی لەژێر ناوی کۆمەکی ئیجباری وەریدەگرن ئیزافە بکەن. کرێکارێک بە لانیکەمی حەقدەستی مانگانە ١٢ ملیۆن تمەن، کە زیاتر لە ٥٠%ی دەکرێتە خەرجی کرێی ماڵ، چون دەتوانێ هەزینەی خوێندنی منداڵەکانی دابین بکات؟
ئەوەیکە کارەساتبارە، چوونەسەری بەرچاوی ژمارەی ئەو منداڵانەیە کە لە هەژاریی موتڵقەدا دەژین. ئەم منداڵانە لەو بنەماڵانەدا دەژین کە داهاتیان سێ یان چوار بەرابەر کەمتر لە هەزینەی دابین کردنی سەبەدی مەعیشەتی بنەماڵەیەکی کرێکارییە. مەسەلەکە تەنیا چوونەسەری قیمەتی کەرەستەی خوێندن و جلوبەرگ و … نییە. کاتێک کە قیمەتی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان زۆر خێراتر لە حەقدەست بەرز دەبنەوە، ئەو کات نەتەنیا سفرەکان بەتاڵتر دەبن، بەڵکوو منداڵان لە ژوورێکی گەرم، لە تەختی خەو، لە مێز و سەندڵییەکی سادەش بێبەری دەبن. هەروەها ڕەنج و تووڕەیی ئەو دایک و باوکانەی توانای دابین کردنی ژیانیان نییە، هەستی شەرمەزاریی منداڵانێک کە تەنیا بەخاتری هەژاری لە هاوکلاسییەکانیان دوور دەکەونەوە، ئاسوودەیی و ئارامیی بنەماڵە زەوت دەکات. هەربۆیە برینەکانی کۆمەڵگەی چینایەتی و پەروەردەی چینایەتی هێندە قووڵ و فرەتوێژن کە هیچ ئامارێک ناتوانێ ڕەهەندەکانی نیشان بدات.
ئاکامی بۆشایی قووڵی چینایەتی و بەتایبەتکردن لە نیزامی پەروەردەدا سەدان هەزار منداڵی لە خوێندن بێبەری کردووە و ئەوانی بۆ ناو لەشکری گەورەی منداڵانی شەقام پاڵ پێوەناوە و سەدان هەزار خوێندکاریشی لە چەرخەی خوێندن خستووەتە دەر و ڕەوانەی بازاڕی کاری کردوون. بەڵام سەرەڕای ئەم بارودۆخە کارەساتبارە، ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، خەباتی شکۆمەندی ژنان، کۆڵنەدانی بزووتنەوەی خوێندکاری، داهێنانی چالاکانی کۆمەڵایەتی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە بەرپا کردنی کۆبوونەوە جەماوەرییەکان، بزووتنەوەی نا بۆ ئێعدام لە پشت میلەکانی زیندان، ئاسۆیەکی هیوابەخشی بەڕووی کۆمەڵگادا کردووەتەوە. ئەگەر بزووتنەوەی کرێکاری فەزای سیاسی و خەباتکارانەی لە کۆمەڵگادا زیندوو ڕاگرتووە. ئەگەر بزووتنەوەی ژنان نیزامی ئاپارتایدی ڕەگەزیی پاشەکشە پێکردووە و ڕوخساری شەقام و شارەکانی ئێرانی گۆڕیوە. بزووتنەوەی مامۆستایان و خوێندکارانیش لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا بەجۆرێک مۆری خۆی بەسەر فەزای زانکۆ و مەدرەسەکاندا کوتا کە حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بە دەزگای ئیدئۆلۆژیک، بە ناوەندە ئەمنیەتییەکان، بە دامەزراندنی هەزاران تەڵەبەی حەوزەی عیلمیە بۆ پەرەپێدانی بیری کۆنەپەرستانە و خورافاتی مەزهەبی و بە نهادینە کردنی گەندەڵی بەتایبەت لە بواری دامەزراندن و لابردندا، نەتیوانیوە بەر بەم ڕەوتە بگرێت.
خەبات و خۆڕاگری و ناڕەزایەتیی مامۆستایان و بزووتنەوەی خوێندکاری لەدژی سەرکوتگەرییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و لە دیفاع لە ئەمنیەت و حورمەتی خوێندکاران و خەباتی ئەوان بۆ بەدواداچوونی داخوازییە ڕەواکانیان کاریگەریی بەرچاوی لەسەر مەدرەسەکان، زانکۆکان و فەزای سیاسیی گشت کۆمەڵگا داناوە. مامۆستایان بە پێداگری لەسەر خواستی خوێندنی بەخۆڕایی بۆ هەموو منداڵان و کۆتایی هێنان بە هەڵاواردن و زیادکردنی حقووق بۆ سەرووی هێڵی هەژاری و بە خواستی ڕێگری کردن لە کاڵایی بوونی پەروەردە و دەرمان و تەندروستی، لەڕاستیدا خواستی هەموو جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگایان گەڵاڵە کردووە. ئەگەر لەسەر کار دەرکردنی مامۆستایانی تێکۆشەر لە کوردستان یان دەستبەسەرکردنیان لە شارەکانی دیکەی ئێران، بەرەوڕووی ئیعترازی بەشە جۆراوجۆرەکانی دیکەی کۆمەڵگا بەتایبەت توێژی هەژار دەبێتەوە، ڕیشەی دروست لەم واقعییەتە کۆمەڵایەتییانەدایە. دروشمی “کرێکار، موعەلیم، خوێندکار، یەکگرن یەکگرن” لە ڕێپێوانی شکۆداری شاری سنە بۆ پشتیوانی لە مامۆستایانی دەرکراو، پێویستیی ئەم هاوپشتییە لەدژی بارودۆخی ئێستا هاوار دەکات.
مامۆستایان لە جەریانی خەباتی خۆیاندا ئەزموونی بەنرخیان لەبواری ڕێکخستن و بەرپاکردنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەری بەدەستهێناوە. خوێندکاران دەتوانن بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونی مامۆستایان و بزووتنەوەی خوێندکاری لەماوەی ساڵانی ڕابردوو، شۆراکان، ناوەندەکان و ئەنجومەنەکانی خوێندکارانی مەدرەسە پێکبێنن. بزووتنەوەکانی خوێندکاران و مامۆستایان دەتوانن لە هاوپشتی لەگەڵ یەک ئاڵای داخوازیی ئازادیخوازانە و بەرابەری تەڵەبانەی ئێستای کۆمەڵگا بەرز بکەنەوە و هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکانیان سیاسەتی بورژوایی، ئەمنیەتی و کۆنەپەرستانەی ڕژیمی ئیسلامی لەبواری پەروەردە و بارهێناندا پاشەکشە پێبکەن.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای پیرۆزبایی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، ستایشی خۆڕاگری و خەباتی مامۆستایان و خوێندکارانی شۆڕشگێڕ لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوو دەکات. هەوڵ و تێکۆشانیان بۆ پێکهێنانی هاوپشتی و یەکگرتوویی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە ڕێز لێدەگرێت. حەقیقەت ئەوەیە کە نیزامی سەرمایەداریی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی توانای دابین کردنی نان، مەسکەن، دەرمان، پەرەوەردە، بەرق، ئاو و هەوای سالم بۆ هەناسەکێشانی نییە. ئەم نیزامە دەبێ بە زەبری شۆڕشی کرێکاری بڕووخێت. تا ئاسۆی ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسی، بەرابەری و ڕەفاه و ئەمنیەتی ئینسان و سۆسیالیزم بەڕووی کۆمەڵگا و منداڵانی ئەم وڵاتەدا بکرێتەوە.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی
١٧ی سێپتامبری ٢٠٢٥ی زایینی
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە