فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ مەحکووم کردنی ئێعدامی ٧ بەندکراوی سیاسی لە ئەهواز و قزڵحەسار
دوشەممە ۱۴-۰۷-۱۴۰۴   |  06-10-2025

بەرەبەیانیی ١٢ی مانگی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، بۆ جارێکی تر ڕژیمی جنایەتکاری کۆماری ئیسلامی ٦ بەندکراوی سیاسیی بە ناوەکانی عەلی مەجدەم، مۆعین خەنفەری‌، سەید سالم مووسەوی، محەممەد ڕەزا موقەدەم، عەدنان غەبیشاوی و حەبیب دریسی لە خووزستان و سامان محەممەدی خیارەی خەڵکی سنەی بە تۆمەتی داڕشتنی پلان بۆ تیرۆرکردنی مامۆستا شێخولئیسلام لەم شارە، لە بێدەنگیی میدیایی و لە ناو دیوارەکانی زینداندا ئێعدام کرد. ئەم جنایەتە بەپێی سیاسەتێکە کە لە یەکەمین ڕۆژەکانی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامییەوە، وەک یەکێک لە پایەکانی دەسەڵاتی چینایەتی بورژوازی مەزهەبی  بەکار هاتووە و هەتا ئێستا دەیان هەزار کەس لە چالاکانی سیاسی، شۆڕشگێڕانی کۆمۆنیست، ڕووناکبیران، جیابیران و تێکۆشەرەکانی بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان و تاوانبارانی ئاسایی لەناو زیندانەکاندا کردووەتە قوربانی. ئێعدام کوشتنی ڕێکخراوی دەوڵەتە کە لە خزمەت پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەداریی ئێراندایە. ئێعدامەکانی ئەم دواییە لە ئەهواز و قزڵحەسار، درێژەی ڕاستەوخۆی هەمان سیاسەتی مێژوویین. دووپات بوونەوەی زنجیرەیەک لە جنایاتی حکوومەتییە کە ئامانجی تێکشکاندنی هێزی هوشیار و ڕێکخراوی جەماوەر و چاوترسێن کردنی کۆمەڵگایە.

ئێعدامی بەندکراوان و بەشێوەی دیاریکراو بەندکراوانی سیاسی، بۆ کۆماری ئیسلامی بووەتە زەروورەتێک بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین قۆناغی تەمەنیدا بەسەر دەبات. قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری، ئاکامی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان، پرتووکاوی و وێرانیی ژێرخانەکانی بەرهەمهێنان و گەیاندنی وزە، قەیرانی ژینگە، هەڵاوسان و گرانیی بێسنوور، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە دابین کردنی نان و ئاو، بەرق و هەوای سالم، بێتوانا و دەرماندە کردووە. ئەم بارودۆخە و شکستی سیاسەتی ستراتێژیکی ناوچەیی و شکستی زەلیلانەی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی دوازدە ڕۆژە، چالاک بوونی مێکانیزمی ماشە، درێژەی حاڵەتی نە شەڕ نە ئاشتی، قەیرانی حکوومەتی خستووەتە قۆناغێکی چارەنووسسازەوە. لەم بارودۆخەدایە کە بێتوانایی ڕژیم لە وڵامدانەوە بە داخوازیی کرێکاران، خانەنشینان و پەرستاران و هەژارانی کۆمەڵگا، درێژە و گەشەی ئەم بزووتنەوانەی کردووەتە بابەتێکی حەتمی.

ڕژیمی ئیسلامی بە شەپۆلی ئێعدامەکان و سەرکوتی سیاسی هەوڵ دەدات لە ڕەوتی گەشەی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییانە ڕێگری بکات. لەڕاستیدا ئێعدامی سیاسی ئامرازێکە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی بزووتنەوە ئیعترازی و کۆمەڵایەتییەکان، بەر لەوەیکە ببنە بزووتنەوەیەکی ڕێکخراو و سیاسی لەدژی حکوومەت. بەڵام ناتەباییەکە لێرەدایە، هەموو جارێ کە ڕژیم پەنا بۆ پەتی سێدارە دەبات، لاوازیی خۆی زیاتر و ڕوونتر نیشان دەدات. لە بارودۆخێکدا کە پایە ئابوورییەکانی دەسەڵات لە قەیراندا نوقم بووە و بۆشاییە کۆمەڵایەتییەکان قووڵتر بوونەتەوە، سەرکوت ئیتر ناتوانێ وەک ڕابردوو کاریگەر بێت. هەر خوێنێکی ڕژاو، لە جیاتی بێدەنگی، تۆوی هوشیاری و خەبات و خۆڕاگریی تازە لەناو زەحمەتکێشاندا دەچێنێ.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لەناو قەیرانی قووڵی ئابووری، سیاسی، ئیدئۆلۆژیک و حکوومەتیدا دەست و پێ لێدەدات و توانای دابینکردنی لانیکەمەکانی ژیان، نان، ئاو، بەرق و تەنانەت هەوای پاکی بۆ هەناسەکێشان نییە،  شمشیری لە ڕووەوە بەستووە و هەموو ڕۆژێ خەڵک ئێعدام دەکات. لەم بارودۆخەدا پێویستە بە هەر شێوەیەک کە دەتوانین هەڵمەتی “نا بۆ ئێعدام” لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات پەرەپێبدەین. چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان پێویستە بە پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ یەکتر، توانا و وزەی خۆیان لەپێناو سەرتاسەری کردنەوەی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری بۆ زەمینگیرکردنی ماشێنی ئێعدام و سەرکوتی دەوڵەت بەکار بێنن. پێویستە پشتیوانی لە کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام کە ئاڵاکەی لە ناو زیندانەکاندا بەرز کراوەتەوە زیاتر پەرەپێبدەین.

ناڕەزایەتی دژبە سزای ئێعدام و کوشتنی لەئانقەستی دەوڵەت، بەدەر لەوەیکە ئەم سزایە بۆ نابوودیی زیندانییانی سیاسی بێت یان تاوانبارانی ئاسایی، ئەرکی هەموو ئەو ئینسانانەیە کە ئاسۆی ڕزگاری لە دواڕۆژی ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی مژدە دەدەن. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای مەحکووم کردنی ئێعدامی ئەم ٧ بەندکراوە سیاسییە و دەربڕینی هاوخەمی و هاوسۆزی لەگەڵ بنەماڵەکانیان، ڕایدەگەینێت کە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدامە و بۆ نەمانی ئەم سزایە لێبڕاوانە خەبات دەکات.

زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ

سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی

٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ی زایینی

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv