
لە کاتێکدا لە ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبر ڕۆژی جیهانیی خەبات لەدژی سزای ئێعدام نزیک دەبینەوە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەموو کاتێک ڕەمزی مانەوەی خۆی لە پەرەپێدانی شەپۆلی ئێعدامدا دەبینێ. ئەگەرچی ڕەشبگیریی چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، زیندان، ئەشکەنجە و ئێعدام هەر لە سەرەتاوە یەکێک لە پایەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بووە، بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا، لە کاتێکدا کە ڕژیم لە ژێر فشارە نێونەتەوەییەکاندایە و لە ناوەوەی ئێرانیش لەگەڵ مەترسیی تەقینەوەی کۆمەڵایەتی بەرەوڕووە، پەرەپێدانی سەرکوت و ئێعدام پێگەیەکی ستراتێژیکی لای سەرانی حکوومەت بۆ نەجاتدانی نیزامی ئیسلامی پەیدا کردووە.
بەڵام ئەم لاپەڕەیە دەبێ وەرگێڕینەوە و ئەم ستراتێژییە دەبێ تێکبشکێنین. دەتوانین بیساتی تەنافی دار و ئێعدام بەسەر سەریاندا وێران بکەین. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانی مەرگ واتە گەورەترین ترسی بەرەوڕووە. لەئاستی نێونەتەوەییدا بۆ کۆکردنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی، ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیک، کۆتایی هێنان بە ناردنی چەک و یارمەتیی دارایی بۆ هێزە نیابەتییەکان، لەژێر فشاری ئەمریکا و دەوڵەتانی ئورووپایی دایە. ئەوەش لە یەک کەلامدا یانی دەبێ لە بەرزەفڕییە ناوچەییەکانی دەست هەڵگرێ. لە ناوەوەی ئێران، قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری، ئاکامی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان، قەیرانی لە کۆنتڕۆڵ دەرچووی ژینگە، هەڵاوسان و گرانیی بێوێنە، حکوومەتیی ئیسلامیی خستووەتە پێگەیەکەوە کە تەنانەت ناتوانێ نان و ئاو، بەرق و هەوای پاک بۆ هەناسەکێشان دابین بکات. بارودۆخی نە شەڕ، نە ئاشتی لەژێر سێبەری هەڕەشەی شەڕی دەوڵەتانی ئیسرائیل و ئەمریکادا، ناکۆکی و کێشمەکێشی ناو باڵەکانی حکوومەتی بردووەتە قۆناغێکی چارەنووسسازەوە. ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لە ناوەوەی دەسەڵاتدا ئاڵای سازش و تەسلیم لە بەرامبەر ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی ئورووپایان بەرز کردووەتەوە و مانەوەی نیزامی ئیسلامی لە گرەوی سازش لەگەڵ ئەمریکا و لابردنی گەمارۆکان دەبینن. لەڕاستیدا دەزگای ڕووحانییەت تووشی قەیرانی ناوخۆیی بووە و دەسەڵاتەکەی توانای پاساوکردن و مەشرووعییەت دان بەو بارودۆخە ئاڵوز و شڵەژاوەی لەدەست داوە. هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە شەڕی ناوخۆیی، نەبەردی چینایەتی لە ناوەوە بەردەوام درێژەی هەیە و داماویی ڕژیم لە وڵامدانەوە بە داخوازیی کرێکاران، خانەنشینان و پەرستاران و بێبەشانی کۆمەڵگا، درێژە و پەرەسەندنی ئەم بزووتنەوانەی کردووەتە بابەتێکی حەتمی.
حکوومەتی ئیسلامی دروست لە وەها بارودۆخێکدا کە مۆتەکەی ڕووخان، خەوی لە چاوی دەسەڵاتداران تاراندووە، ڕوو بە دوژمنی ناوخۆیی واتە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی ڕاپەڕیو، شمشیری لە ڕووەوە بەستووە و هەموو ڕۆژێ ژمارەیەکی دیکە لە بەندکراوان ئێعدام دەکات. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم ڕژیمە جنایەتکارە لە ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵی زایینیدا زیاتر لە هەزار و ٤٠ کەسی لە زیندانەکاندا ئێعدام کردووە و لەدوای شەڕی دوازدە ڕۆژە بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سیخوڕی، ئاماری ئەم کوشتنە حکوومەتییانە ٤٠% زیادی کردووە. ئەم ئامارە و خێرایی ماشێنی سەرکوت و ئێعدامی ڕژیم، ئێرانی بە نیسبەت جەمعییەتەکەی، خستووەتە سەرووی لیستی ئەو وڵاتانەوە کە هێشتا ئێعدامیان تێدا بەڕێوەدەچێت. ئامانجی سیاسی سەرانی حکوومەتی ئیسلامی لەم شەپۆلەی ئێعدام ڕێگری لە ڕەوتی ڕوو لە گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان و چاوترسێن کردنی کۆمەڵگایە. ئەم ئێعدامانە کە لەژێر ناوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژی و ئاسایشی کۆمەڵگا و هێندێک جار لەبەرچاوی خەڵکدا بەڕێوە دەچن، چەرخەی توندوتیژی و تۆڵەکردنەوە پەرەپێدەدات و برینی قووڵی لەسەر جەستە و دەروونی کۆمەڵگا بەتایبەت بنەماڵەی ئێعدامکراوان و منداڵان بەجێ هێشتووە. بەڵام ئەزموونی ڕەوتی ڕوو لە گەشەی هەر ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییانە و بەڕێوەچوونی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام لە ناو زیندانەکان، سەلمێنەری ئەو حەقیقەتەیە کە پەرەپێدانی سەرکوت و شەپۆلی ئێعدام کاریگەریی ڕابردووی خۆی لەدەستداوە و کۆمەڵگا چاوترسێن نەبووە. چوونەسەری بەرچاوی قەتڵە حکوومەتییەکان لە قالبی حوکمی نامرۆڤانەی ئێعدامدا، نە نیشانەی هێز و دەسەڵات، بەڵکوو نیشانەی ترس و داماویی حکوومەتە لە بەرامبەر بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی جەماوەری ئێراندا. نیشانەی ئەوەیە کە ستراتێژی پەرەپێدانی سەرکوت و شەپۆلی ئێعدام وەک ڕەمزی مانەوەی نیزامی ئیسلامی، درزی گەورەی تێکەوتووە.
کەوابوو ئەگەرچی خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام بابەتێکە کە دەبێ بەردەوام لەئارادابێ، بەڵام گرینگیی ئەم خەباتە لە بارودۆخی ئێستادا لەپێناو تێکشکاندنی ستراتێژی سەرکوت و زەمانەت کردنی پێشڕەویی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان، وە لە بارودۆخێکدا کە هەر ئێستا هەزاران کەس لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە چاوەڕوانیی حوکمی دژەئینسانیی ئێعدامدا بەسەر دەبەن، چەند هێندە بووەتەوە. لە کاتێکدا کە کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” پێی ناوەتە ٨٨مین هەفتەوە و بەندکراوان لە زیاتر لە ٥٠ زینداندا هەموو هەفتەیەک سێشەممانە لە ناڕەزایەتی دژبە سزای دژەئینسانیی ئێعدام دەست دەدەنە مانگرتن، پێویستە ستایشی ئەم خەباتە بکرێت و بزووتنەوەی خەبات لەدژی سزای ئێعدام هەرچی زیاتر جەماوەری بکرێتەوە.
بۆنەی ١٠ی ئۆکتۆبر ڕۆژی جیهانیی خەبات دژبە سزای ئێعدام دەتوانێ دەرفەتێکی دیکە بۆ گەشەپێدانی خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام لە ئێران و سەرتاسەری جیهان بێت. پێویستە خواستی ئازادیی بەندکراوانی سیاسی و هەڵوشاندنەوەی سزای ئێعدام بکەینە خواستی بزووتنەوەی کرێکاری و هەموو بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان. سەرەنجام بە یەکگرتوویی و سەرتاسەری بوونەوەی مانگرتنە کرێکارییەکان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان ماشێنی ئێعدام و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی زەمینگیر دەبێت و ستراتێژی خۆپاراستنەکەی تێکدەشکێت و بیساتی پەت و سێدارە کۆدەکرێتەوە.
سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی
٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ی زایینی
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە