فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان (٢٠٢٥)
هەینی ۳۰-۰۸-۱۴۰۴   |  21-11-2025

٦٥ ساڵ بەسەر کوژرانی خوشکەکانی “میرابێل” بە دەستی جەنایەتکارانی ڕژیمی دیکتاتۆریی “رافائێل تروخیۆ” لە دۆمینیکەن تێدەپەڕێت. دوای ئەشکەنجە، دەستدرێژی و ئەو کوشتنە دڕندانەیە بوو کە “پاتریا”، “مینێرڤا” و “ماریاتێرێزا” میرابێل، وەک هێمای خەبات دژی دیکتاتۆری و توندوتیژیی دەوڵەتی و سیمبولی تێکۆشان لەپێناو ئازادیدا، بە ناسناوی “پەپوولە لەبیرنەکراوەکان” لە سەرتاسەری جیهاندا ناوبانگیان دەرکرد. ئەشکەنجە و کوشتنی سامناکی ئەم ژنە تێکۆشەرانە و کاردانەوەی بەربڵاوی ژنانی شۆڕشگێڕ و پێشڕەو و ڕێکخراوە فێمینسیتییەکانی جیهان دژی ئەم تاوانە، خەبات بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنانی لە جیهاندا خستە قۆناغێکی نوێوە و سەرەنجام ٢٥ی نۆڤەمبری وەک ڕۆژی جیهانیی خەبات بۆ سڕینەوەی توندوتیژی دژی ژنان تۆمار کرد.

٢٥ی نۆڤەمبر، وەبیرهێنەرەوەی ئەو توندوتیژییەیە کە ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا ڕۆژانە ئەزموونی دەکەن؛ توندوتیژییەک کە جێنۆساید لە غەززە لەلایەن دەوڵەتانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە، شەڕ و ئاوارەیی لە سوودان، هەژاری و برسییەتی و کۆچ لە ئەفغانستان، دژایەتیکردنی پەنابەران لە دڵی ئەورووپا و ڕەوتی هەڵکشانی توندوتیژیی دیجیتاڵی، ڕەهەندێکی کارەساتباریان پێ بەخشیوە. توندوتیژییەک کە ژنان لە ئێران لەژێر دەسەڵاتی سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەزیدا، هەموو ساتێک ڕووبەڕووی دەبنەوە. توندوتیژییەکی پێکهاتەیی و بەدامەزراوەییکراو کە بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لانیکەم یەک لەسەر سێی ژنانی جیهان لە ماوەی ژیانیاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە و لە ئێرانیش زۆرینەی هەرەزۆری ژنان بەهۆیەوە زیانیان بینیوە. ئەم توندوتیژییە، دیاردەیەکی تاکەکەسی یان بەڕێکەوت نییە؛ بەڵکو یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵگای چینایەتی و سەرمایەداری. توندوتیژی دژی ژنان پەیوەندییەکی پێکهاتەییە کە چینی دەسەڵاتدار، بە پشت‌بەستن بە فەرهەنگی باوک/پیاوسالاری، بۆ کۆنترۆڵکردنی جەستە و کاری ژنان بەکاری دەهێنێت.

لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، دژایەتیکردنی ژنان لە تەواوی بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بوونی هەیە. ئاستی نزمی بەشداریی ئابووریی ژنان، بێ‌مافی و هەڵاواردنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان کە بەپێی یاسا سەپێندراون، وە گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر ژنانی ناڕازی، وێنەیەکی ڕوون لە کارکردی توندوتیژیی پێکهاتەی دەسەڵات دەخەنە ڕوو. بوونی ملیۆنان ژنی سەرپەرشتیاری خێزان کە دەستەویەخەی هەژاری و نائەمنین، پەرەسەندنی هاوسەرگیریی منداڵان کە ژیان و ئاواتی منداڵانەیان پەڕ پەڕ دەکات، ڕەهەندە بەربڵاوەکانی توندوتیژیی خێزانی و ئەو تاوانە قێزەونانەی کە لەژێر ناوی قەتڵی نامووسیدا ئەنجام دەدرێن، هەر هەموویان دەریدەخەن کە توندوتیژی دژی ژنان تایبەتمەندیی پێکهاتەیەکە کە تێیدا نەزمی سەرمایەداری و یاساکانی شەریعەتی ئیسلامی تێکەڵ بە یەکتر بوون.

لە ئێران تەنانەت ئامارەکانی دامودەزگا حکوومەتییەکانیش پشتڕاستی دەکەنەوە کە ڕێژەی بەشداریی ئابووریی ژنان لەژێر ١٥ لەسەدە، واتە لە ئاستی مامناوەندی جیهانی زۆر خوارترە. ئەم بارودۆخە لە کاتێکدایە کە حەشیمەتی ژنانی خوێندەوار و دەرچووی زانکۆ سێ هێندە زیادی کردووە. سیاسەتی خستنە دەری ژنان لە مەشاغڵ و کارە فەرمییەکان و ناچارکردنیان بە خانەنشینی و یان کارە نافەرمییەکان بە شێوەی دوورکاری لە ماڵەوە، پەرستاریی منداڵان، ئاشپەزی و کاری هاوشێوە لە ماڵی دەوڵەمەندەکان، دوای ڕاپەڕینە ئینقلابییەکانی ساڵانی ڕابردوو و ڕۆڵگێڕانی ژنان لەم ڕاپەڕینانەدا، توندتر بووەتەوە. حکوومەتی ئیسلامی بەم پاساوە کە “کاری سەرەکیی ژنان پەروەردەکردنی منداڵ، خزمەتکردنی هاوسەر و کار لە ماڵەوەیە”، ژنان لە کارە فەرمییەکان و لە فەزای کراوەی کۆمەڵگا دەخاتە دەرەوە. بەڵام وەها بیانووگەلێکی پیاوسالارانە، لۆژیکێکی سەرمایەدارانەی لەپشتە. سەرمایەدارانی دەوڵەتی و کەرتی تایبەت لە کۆماری ئیسلامیدا، دەیانەوێت هێزی کار و بەرهەمهێنانەوەی ئەو هێزە هەرچی زیاتر هەزران بکەن. ئەم ژنانە و هەروەها ژنانێک کە لە کارگە بچووکەکانی خوار ١٠ کەسدا کار دەکەن، لە وەرگرتنی لانیکەمی حەقدەست، جۆرەکانی بیمە و ئەو مافانەی لە هەمان یاسای دژی کرێکاریشدا هاتوون، بێ‌بەشن. ئەم دۆخە لە پاڵ توندبوونەوەی دەرئەنجامی گەمارۆ ئابوورییەکان، بووەتە هۆی پەرەسەندنی هەژاری و بێ‌دەرەتانیی ژنان و سەرهەڵدانی دیاردەی ژنانی مۆعتاد و کارتۆنخەو، دابەزینی تەمەنی لەشفرۆشی و هاوسەرگیریی پێشوەختەی کچانی منداڵ، کە ئەمانەش توندوتیژی دژی ژنانیان پەرەپێداوە و بێگومان بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنانیشیان زیاتر خستووەتە مەترسییەوە.

بەڵام سەرەڕای ئەو هەلومەرجە سەختەی ژنانی تێدایە، ڕۆڵی پێشەنگانەی ژنان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” و بەشداریی بەرچاوی ژنان لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو و ڕۆڵگێڕانیان لە ناڕەزایەتییەکانی خانەنشینان، مامۆستایان، خوێندکاران، پەرستاران، کەمپەینی “نا بۆ سێدارە” و بزووتنەوەی دادخوازی، نیشانی داوە کە ژنان کۆڵەکەیەکی سەرەکیی هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتین لە ئێران. ژنان لە ڕەوتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا بە کردەوەی نمادینی وەک فڕێدانی ڕووسەری و لەچکە لەسەر شەقام و ئاگرتێبەردانیان و سەما و هەڵپەڕکێ لە دەوری ئاگر، جوانترین دیمەنەکانیان دژی ڕژیمی ئاپارتایدی ڕەگەزی خوڵقاند، یاسا دژەژنەکانی حکوومەتی ئیسلامییان پێشێل کرد و لە پانتايی ئێراندا تۆوی ئازادی و بوێرییان چاند و بە خوێنی خۆیان ئاوییان دا. ژنان بەم ئازایەتییە، دیواری حیجابی ئیسلامی و ناوەندەکانی “بەرەنگاربوونەوەی بێ‌حیجابی”ـیان بەسەر حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران و ئاخوندە مێشک‌وشکەکاندا وێران کرد. ئەوان نەتەنیا سیمای شەقام و شارەکانی ئێرانیان گۆڕیوە، بەڵکوو بە بەشداریی خۆیان سیمای بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی ئێرانیشیان گۆڕیوە.

ئەم گیانفیدایی و پێشڕەوییانە لە کاتێکدایە کە بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن، هێشتا هەموو هێز و لەشکری خۆی نەهێناوەتە مەیدانی نەبەردەوە. پێویستە هەڵسوڕاوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی ژنان بە چڕبوونەوە لەسەر خواستەکانی ژنانی ناو ماڵ، ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە گەڕەکە هەژارنشین و پەراوێزی شارەکان، ئەم بەشە لە هێزە مەزنەکەیشیان بێننە مەیدانەوە. بە هاتنەمەیدانی ڕێکخراوی ئەم بەشە لە هێزی بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن و بە ستراتیژیی یەکگرتوویی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، دەکرێت نەک تەنها ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی شۆڕشگێڕانە، بەڵکوو لەناوبردنی سیستەمی سەرمایەداری، هەڵوەشاندنەوەی خاوەنداریەتیی تایبەت بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، بنبڕکردنی فەرهەنگی پیاوسالاری و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد، یەکسان و خۆشگوزەران بکرێتە ئاسۆی ڕوون و مسۆگەری خەبات.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی ئەو ژنانەی بوونەتە قوربانیی توندوتیژی و تەواوی ئەو مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانی‌خوازانەی لە ڕێگای ڕزگاریی ژناندا خەباتیان کردووە و گیانیان بەخت کردووە، بانگەوازی سەرجەم کرێکاران و خێڵی مەزنی چەوساوەکان دەکات بۆ یەکێتی و هاوپشتی لە خەباتدا لەپێناوی پاشەکشەپێکردنی دەستێوەردانی ئایین لە ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی ژنان، لەپێناوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سیستەمی پیاوسالاری و سەرمایەداری و لەپێناوی دامەزراندنی کۆمەڵگایەک کە تێیدا هیچ مرۆڤێک بەهۆی ڕەگەز، نەتەوە، ئایین، ڕەنگی پێست و… تووشی هەڵاواردن نەبێت.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
مەرگ و نەمان بۆ سەرمایەداری و پیاوسالاری
بژی ئازادی، یەکسانی، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
خەزەڵوەری ١٤٠٤
نۆڤەمبری ٢٠٢٥

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv