فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە مەسموومکردنی زنجیرەیی لەلایەن حکوومەتی ئیسلامی لە کوردستان
پێنجشەممە ۱۸-۱۲-۱۴۰۱   |  09-03-2023

لە درێژەی مەسموومکردنی کچانی مەدرەسەکانی ئێران کە یەکەمین نموونەی ڕۆژی ٩ی مانگی سەرماوەز لە قۆم بیندرا و هەروا ئیدامەی هەیە، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی ڕەشەممە ژمارەیەکی زیاتر لە شارەکانی ئێران و کوردستان لەوانە کرماشان، سنە، مەهاباد، مەریوان، دیواندەرە، تیکاب، ئیلام، دێهلۆڕان، ورمێ، ماکۆ، سەڵماس، ئیسلام ئابادی غەرب، سەراوڵە هێرشی شیمیاییان کرایە سەر. بەپێی ڕاپۆرتەکان ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی ئەم شارانە مەسمووم بوون. یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامی ڕژیم دانی بەوە داناوە کە ئەم کردەوە وەحشیانەیە لە ٢٣٠ مەدرەسە و لە ٢٥ ئۆستانی ئێران ئەنجام دراوە و بەهۆیەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ٥ هەزار خوێندکار کە زۆربەیان کچن، مەسمووم بوون. لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا تەنیا لە مەدرەسەکانی خووزستان زیاتر لە ٧٠٠ خوێندکار تووشی مەسموومیەت بوون و بەداخەوە هەتا ئێستا لە ئێران دوو کەس بەم هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە.

ناتەباوێژی و درۆ و قسەی بێ ناوەرۆکی بەرپرسانی ڕژیم بۆ تەوزیحدان و پاساو کردنی درەنگ وەختی ئەم جەنایەتە زنجیرەییە، ئینتخابی دۆزی سەمی بەکارهاتوو بەپێی ئامانجەکانی هێرشی ڕژیم، ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی پێوەندیدار و هەڕەشەکردن و دەستبەسەرکردنی هەواڵنێران، هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بۆسەر کۆبوونەوەی بنەماڵەی مەسموومبووان لەبەرامبەر نەخۆشخانەکان و ئاماژەی کورتی خامنەیی نزیک بە سەد ڕۆژ دوای ڕوودانی ئەم جەنایەتە ئەویش بەشێوەی فەرعی و لە حاشیەی مەراسیمی “نەمام چاندن”، هەموویان نیشانەی ئەوەن کە ئەم مەسموومیەتانە تەرحێکی ئاگاهانە، سازماندراو و بەرهەمی ژووری فکریی دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامییە. ئەم هێرشانە لەلایەن ئاتەش بە ئیختیارانی خامنەیی و باقی ڕێبەرانی کۆنەپەرست و جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی و بە ئامانجی زاڵکردنی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن بەسەر کۆمەڵگە و هەڕەشە و تۆڵەکردنەوە لە ژنان و کچانی ئازادیخواز و پێشڕەوی “بزووتنەوەی ژینا” ئەنجام دەدرێت کە حیجابەکانیان لەسەر کردەوە و سووتاندیان و هێرشیان کردە سەر یاسا و بنەمای ئایدیۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی. سەرانی ڕژیم ئەم هێرشە شیمیاییە زنجیرەییان سازمان داوە تا بە خەیاڵی خاوی خۆیان بتوانن بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەراسەریی خەڵکی ئێران ناچار بە پاشەکشە بکەن و دەستکەوتەکانی لە ژنانی کۆمەڵگە بستێننەوە. ئەم جەنایەتە سازماندراوەی ڕژیم شەپۆلێکی لە تووڕەیی و ناڕەزایەتیی بنەماڵەکانی خوێندکاران و موعەلیمان و بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە لێ کەوتووەتەوە و سەرانی ڕژیمی زیاتر لە هەموو کاتێک ڕسوا کردووە.

بێگومان بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و پێشڕەوی ئێران بە پێشەنگایەتیی ژنان، کە دژبە داسەپاندنی زیاتر لە چوار دەیە ستەم و هەڵاواردنی ڕەگەزیی کۆماری ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگا، شکڵی گرتووە و درێژەی هەیە، ڕێگە نادات ڕژیم بە ئامانجی بگات. سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەیان و بۆ چاوترسێن کردنی کۆمەڵگا تەنانەت دەستیان بردووە بۆ هێرشی شیمایی زنجیرەیی بۆ سەر مەدرەسەکانی کچان، بەڵام خەڵکی خەباتکار نەتەنیا ئیجازە نادەن ئەم ڕژیمە تاوانکارە بەم کردەوە وەحشیانە و دژەئینسانییەی دەستکەوتەکانیان لێ زەوت بکات، بەڵکوو لێبڕاوانە خەباتی یەکگرتوو و ڕێکخراوی خۆیان هەتا ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە درێژە دەدەن.

موعەلیمان، خوێندکاران و ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی کوردستان، یەکگرتووانە و هاوهەنگاو لەگەڵ جەماوەری وەگیانهاتوو لە سەرانسەری ئێران دژبە جەنایاتی زنجیرەیی مەسموومکردنی مەدرەسەکان لەلایەن حکوومەتی ئیسلامی، بەشێوەی گونجاو بەرەنگاری بنەوە و بۆ ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە دژەژن و منداڵکوژە هیچ فرسەتێک لەدەست مەدەن. بڕیاردەران و ئەنجامدەرانی پڕۆژەی جەنایەتکارانەی مەسموومکردنی لاوانی خوێندکار بێجگەلە ڕێبەران و بەرپرسانی دز و گەندەڵی حکوومەتی ئسیلامی کەسی تر نییە. بێگومان لەگەڵ درێژە و گەشەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری کە لە شەش مانگی ڕابردووەوە بە ئامانجی ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامی وەڕێکەوتووە، ئەم بزووتنەوە بەسەرکەوتن دەگات و لە دواڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشدا، ئەم جەنایەتکارانە لە دادگای حکوومەتی بەرهەمی شۆڕشدا موحاکمە دەکرێن و سزا دەدرێن.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە ( ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

١٦ی ڕەشەممەی ١٤٠١

٧ی مارسی ٢٠٢٣