فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی گیانبەختکردنی ٦ شاخەوان لە بەرزاییەکانی “حەوت تاش”ی بانە
شەممە ۱۱-۱۲-۱۴۰۳   |  01-03-2025

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بەدەستمان گەیشتووە، لە ئەنجامی هەڵمەتێکی شاخەوانی کە لە لایەن گرووپەکانی شاخەونی “پاژین” و “سوورکێو”ی بانە و هەروەها گرووپێکی شاخەوانی شاری بۆکان لە کوێستانەکانی حەوت تاش لە ٢٠ کیلومێتری جادەی بانەمەریوان ڕێکخرابوو، ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕەشەممە بەهۆی ڕنووی بەفر، بەداخەوە شەش کەس لە کەس لە شاخەوانان بە ناوەکانی “عومەر عەبدوڵڵایی، ڕووناک دانشمەند، کاروان ئەحمەدپوور، خالق محەممەدنژاد، شەهلا ڕەحمانی و یاسا سادقی” گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەکی دیکەش لە شاخەوانان برینداربوون. تەرمی قوربانیانی ئەم ڕووداوە لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتن و خەڵکی ناوچەکە، لەماوەی ڕۆژانی هەینی و ئەمڕۆ شەممە دۆزراونەتەوە و گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی شاری بانە. شایانی باسە، سەرەڕای ڕاگەیاندنی فەرمانداریی بانە و سپای پاسداڕانی ڕژیم سەبارەت بە ئامادەبوون بە ئاڕاستە کردنی یارمەتی بە شاخەوانانی قوربانی، بەڵام هیچ چەشنە یارمەتییەک لە لایەن ئەم دوو ناوەندەی ڕژیم ئەنجام نەدراوە و ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەو ناوچەیە کە ئەم ڕووداوە تێیدا ڕوویداوە، هیچ ئانتێنێکی مۆخابەراتی و هێڵی تەلەفۆنی نەبووە و لەئەگەری بەکار هێنانی ئیمکاناتێک کە ئەم دوو ناوەندە دەوڵەتییە لە ئێختیاریان بووە، قوربانیانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، خێراتر ڕزگاریان دەبوو. کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆی لەئاست ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیانی ئەم ڕووداوە کارەساتبارە و خەڵکی شاری بانە و کوردستان دەکات و هیوای چاکبوونەوە و تەندرووستی بۆ برینداربووانی ڕووداوەکە دەخوازێت. کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٤٠٣/١٢/١١