فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بۆ مەحکووم کردنی فشار، هەڕەشە و دەرکردنی مامۆستایانی تێکۆشەری کوردستان
یەکشەممە ۰۲-۰۶-۱۴۰۴   |  24-08-2025

ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی مانگی گەلاوێژ لەڕێگەی ڕاگەیاندنێکەوە هەواڵی دەرکردنی حوکمی قورس و نامرۆڤانەی لەلایەن دەستەی پێداچوونەوەی وەزارەتی پەروەردە لەدژی مامۆستایانی تێکۆشەر لە شارەکانی سەقز و دیواندەرە و سنە ڕاگەیاند. بەپێی ئەم ڕاگەیاندنە، چوار کەس لە مامۆستایانانی دڵسۆز و بەئەزموونی ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لە دیواندەرە و سێ مامۆستای فیداکار و شەریفی سەقز لەلایەن دەستەی پێداچوونەوە، کە ئامرازی سەرکوت و باسکی هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی لەدژی مامۆستایان و خوێندکارانی خەباتکارە، بە حوکمی قورسی دەرکران و دوورخستنەوە، خانەنشین کردنی زۆرەملێ و هێنانەخواری گرووپ و پایەی پیشەیی مەحکووم کراون. ئەم ئینسانە شەریف و دڵسۆزانە لە مامۆستایانی بەسابقە و بەئەزموونی کوردسانن. ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لە بەیاننامەکەی خۆیدا باسی لەوەش کردووە کە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حەوت مامۆستا و چالاکی پیشەیی لە شاری سنە حوکمی هاوشێوەیان بۆ دەرکراوە.

ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان یەکێک لە سەرەکیترین ڕێکخراوەکانی مامۆستایانی سەرتاسەری ئێران بە حیساب دێت کە هەتا ئێستا لە خەبات بۆ وەدیهێنانی داخوازییەکانیان بەهای زۆریان داوە. لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژیناشدا ڵەگەڵ خوێندکارانی تێکۆشەر دەورونەخشێکی بەرچاوی بینی. ئەم ئەنجومەنە لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە: ” بەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی دەورەیی ئەنجومەنی سنە لە مانگی گوڵانی ١٤٠٣، فشار و هێرشی توند لەدژی بەڕێوەبەرانی ئەم هەڵبژاردنە بەڕێوەچوو و دەستبەجێ دەستەی پێداچوونەوەی وەزارەتی پەروردە، بۆ حەوت کەس لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری هەڵبژێردراو، پەروەندەسازیی کرد”.

حکوومەتی دژەزانستی ئیسلامی لە ئێران، کە لە ئیدارەی هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگادا شکستی خواردووە و تووشی قەیران بووە، تەنانەت لە دابین کردنی ئاو و بەرق و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان زەبوون و بێتوانایە، لەپێناوی درێژەی دەسەڵاتە نەکبەتبارەکەیدا فشار و سەرکوتی مامۆستایانی تێکۆشەری کوردستانی پەرەپێداوە. ئەم هێرشەی کۆماری ئیسلامی بۆسەر کۆمەڵگەی مامۆستایانی کوردستان نیشانەی ترس و وەحشەتی ڕژیمێکە کە پایەکانی دەسەڵاتەکەی کەوتووەتە لەرزە و بوونی هەر جۆرە ڕێکخراوێکی کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، پەرستاران و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا بە هێزێک بۆ لاوازکردنی زیاتری دەسەڵاتە گەندەڵ و جنایەتکارەکەی خۆی دەبینێت. ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان بەشێک لە بزووتنەوەی سەرتاسەریی مامۆستایانی ئێرانە کە هیچ کات تەسلیمی یاسای کۆنەپەرستانە و دژەزانستی حکوومەتی ئیسلامی نەبووە و لەئاستی سەرتاسەری ئێرانیشدا خاوەن ئیعتبار و خوشەویستە. ئەم ئەنجومەنە هەر لە سەرەتاوە خوازیاری ڕاگرتنی بەکاڵاکردنی پەروەردە، مافی خوێندن بە زمانی دایک، باشترکردنی بارودۆخی ژیانی مامۆستایان، وە کۆتایی هێنان بە پەروەندەسازیی بێبنەما بۆ چالاکانی پیشەیی و هاوکارانیان بووە.

زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی مامۆستایان لە سەرانسەری ئێران هەمیشە پاڵپشتی و پشتیوانییان لە هەوڵ و خۆبەخشی مامۆستایانی کوردستان کردووە. ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای فارس لە ئیدانەکردنی حوکمی دەرکراو بۆ مامۆستایانی کوردستان لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە وێڕای ڕاگەیاندنی هاوپشتی لەگەڵ مامۆستایانی کوردستان، ئەوانیان بە هێمای هوشیاری، بەرپرسبوون و دەنگی دادخوازیی پەرورەدەی ئێران پێناسە کرد. وە هەڵسووکەوتی حکوومەتی ئیسلامی بەرامبەر ئەوانیان بایەخ نەدانی ئاشکرا بە داخوازیی ڕەوای خوێندکاران و بنەماڵەکان و کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران زانی و خۆڕاگریی مامۆستایانی کوردستانیان سەلمێنەری ئەم حەقیقەتە وەسف کرد. ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای فارس خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەم ئەحکامە زاڵمانەیە، گەڕاندنەوەی هەموو مامۆستایان بۆسەر پیشەکانی خۆیان و خوازیاری کۆتایی هێنان بە ڕەوتی پەروەندەسازیی لەدژی فەرهەنگیان بووە.

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، فشار، پەروەندەسازیی ئەمنیەتی و دەرکردنی ئەحکامی نامرۆڤانەی کاربەدەستانی حکوومەتی ئیسلامی لەدژی مامۆستایانی شەریف و تێکۆشەری کوردستان بەتوندی مەحکووم دەکات و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی هەموو ئەم ئەحکامە نامرۆڤانەیە. داوا لە کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و سەرتاسەری ئێران دەکەین بە حمایەت و پشتیوانیی لێبڕاوانەی خۆیان، حکوومەتی ئیسلامی ناچار بە هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەم ئەحکامە زاڵمانەیە بکەن. پێویستە بە هێزی هاوپشتی و خەباتی خۆمان بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، کە لە گێژاوی قەیرانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی ناوخۆیی و نێونەتەوەییدا گرفتارە، نیشانی بدەین کە بە دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بە دەرکردنی حوکمی ئیخراجی مامۆستایانی تێکۆشەر ناتوانێ درێژە بە دەسەڵاتە نگریسەکەی بدات.

سەرکەوێ یەکگرتوویی و خەباتی مامۆستایانی ئازادیخواز

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی دەسەڵاتداریەتی شۆرایی خەڵکی کوردستان

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٣٠ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی

٢١ ئاگۆستی ٢٠٢٥ی زایینی

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv