ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی مانگی خەرمانان (٥ی سێپتامبەر)، بەشێک لە ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەتی عێراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کە دوو ساڵ لەمەوبەر واژۆ کرابوو، لەلایەن “دەزگای ئاسایشی” حکوومەتی هەرێمەوە، بە گواستنەوەی زۆرەملێی ئۆردووگاکانی “زڕگوێز” و “زڕگوێزەڵە” بۆ ئۆردووگای “سوورداش” بەڕێوەچوو. ناوەرۆکی ئەم ڕێککەوتنە هێستا ئاشکرا نەکراوە بەڵام یەکێک لە بڕگەکانی چەکداماڵین و ڕاگواستنی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی تر بووە کە لەم ماوەیەدا بەینابەین لەلایەن ڕژیمی ئیسلامییەوە بەدواداچوونی بۆ کراوە. پێویستە بوترێ کە ئەم ئۆردووگایانە لەماوەی زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردوودا شوێنی جێگیربوونی حیزبە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی بووە.
بەدوای بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە یەکەمین چەخماخەکەی لە شاری سەقزەوە لێدرا و بەخێرایی هەموو ئێرانی گرتەوە و پایەکانی ڕژیمی ئیسلامیی خستە لەرزە، حکوومەتی ئیسلامی فریوکارانە و بەئامانجی تەفرەقەنانەوە و بەئامانجی ئەوەیکە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری جیا بکاتەوە و بەستێنەکانی سەرکوتی خوێناویی ئەم بزووتنەوەیە ئامادە بکات، هەوڵی دا وای نیشان بدا کە سەرچاوەی ئەم بزووتنەوە مەزنە کۆمەڵایەتییە لە دەرەوەیە و حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستانی بە هۆکارێکی سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە پێناسە کرد. حکوومەتی ئیسلامی لە کاتێکدا بەمجۆرە خۆی لە نەزانی و گێلی دەدات کە بزووتنەوەی ژینا بێ پێشینە و لەناکاو نەبووە و بەر لەم بزووتنەوەیەش ڕژیم لەگەڵ بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ ڕووبەڕوو بووە. ئەم بزووتنەوانە بەرهەمی ئەو قەیرانە هەمەلایەنانەیە کە سەرتاپێی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەی داگرتووە. تووڕەیی پەنگخواردووی دەیان ساڵەی کرێکاران و بەشمەینەتانی کۆمەڵگا دژبە هەژاری و برسیەتی، گرانی و بێکاری، چەوسانەوە، سەرکوت و دیکتاتۆری بووە. لەم ڕووەوە حکوومەتی ئیسلامی تەنیا بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لەئاست پێگەی یەکجار لاوازی ناوخۆیی و ناوچەیی خۆی، ئەم هەوڵانە دەدات. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە بووەتە هۆی گۆڕانکاریی گەورە لە بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، هەروا زیندوویە و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیی کردووەتە ئامانجی سەرەتایی خۆی.
کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، وێڕای ئیدانە کردنی سیاسەتی تاوانکارانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتانە، حکوومەتی هەرێم و هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی لە قەباڵ ئەمنیەت و پاراستنی گیانی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نیشتەجێ لە کوردستانی عێراق بە بەرپرس دەزانێت و لە خەڵکی تێکۆشەر و هێزە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان لە کوردستانی عێراق چاوەڕوانی ئەوە دکات بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زەمانەتکردنی ئەمنیەتی گیانی کادر و ئەندامانی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان بخەنە ژێر گوشارەوە. کۆمەڵە داوا لە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان و سەرتاسەری ئێران دەکات کە بە هەر شێوەیەک بۆیان دەگونجێ دژبە پیلانگێرییەکانی ڕژیمی تاوانکار و ئیفلاسهێناوی کۆماری ئیسلامی ناڕەزایەتی دەربڕن. بێگومان کۆماری ئیسلامی کە لەژێر گوشاری مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و بزووتنەوەی جەماوەریدایە، لە جەریانی شانۆکانی هەڵبژاردندا چەندین جار مۆری نامەشرووعبوونی لە نێوچاوانی دراوە و بەرەوڕووی قەیرانی حکوومەتییە، بە وەها هەوڵێکی داماوانە و دژەئینسانی ناتوانێ خۆی لەو قەیرانە هەمەلایەنانەی کە سەرتاپێی داگرتووە، دەرباز بکات.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٦ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی
٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٤ی زایینی