فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە: بە یەکریزی و هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی خەباتکاری کوردستان پیلانگێڕییەکانی دەسەڵاتی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی تێکبشکێنین!
یەکشەممە ۲۹-۰۸-۱۴۰۱   |  20-11-2022

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سێ ڕۆژە بە بۆنەی ساڵوەگەڕی کوشتاری مانگی خەزەڵوەری ٩٨، شاهیدی تەشەنەسەندنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی لە سەرتاسەری ئێران و بە تایبەت لە هەموو شارەکانی کوردستان بووین. توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک بە ڕیزەکانی خەبات دژ بە کۆماری ئیسلامی زیاتر پەیوەست دەبن و هەرکام لەوان بە شێوەی جۆراوجۆر بەشداری لەم خەباتانەدا دەکەن. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ژنان و پیاوانی شۆڕشگێڕ لە بەرگریی ڕەوای خۆیان لە دژی هێزە بەکرێگیراو و سەرکوتگەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامی، هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندە نیزامییەکان و دامەزراوە دژە خەڵکییەکانی ڕێژیم و مۆرە بەکرێگیراوەکانی.

لەم ماوەیەدا هێزە بەکرێگیراوە چەکدارەکانی حکوومەتی داماوی ئیسلامی لە کوردستان، زیاتر لە ٣٠ کەس لە خەڵکی خەباتکار لە منداڵ و تازەلاو و بەساڵاچوویان بەتەقەی ڕاستەوخۆ کوشتووە و ژمارەیەکی زیاتریشیان بریندار کردووە. بەڵام سەرکوت و زاڵکردنی کەشوهەوای ئەمنییەتی و نیزامی نەتەنیا نەبووەتە هۆی ترسان و تۆقانی خەڵک و نەیتوانیوە ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵکی وەگیانهاتوو دامرکێنێت بەڵکوو زیاتریشی گەشاندووەتەوە. لەئێستادا ڕێژیمی ئیفلاس هێناوی ئیسلامی بە بێ دەرس وەرگرتن لە ڕابردوو، لە مەهاباد بێجگەلە کۆکردنەوەی هێز و پێکهێنانی فەزای نیزامی و دامەزراندنی چەندین تانک و زرێپۆش لە دەوری مەقەڕی سەدا و سیما و سووڕاندنەوەی چەندین هێلیکۆپتەر بەسەر ئاسمانی شاردا، لە هەوڵی ئەوەدایە کە بە پیلانگێڕی و بە سازماندانی بەکرێگیراوانی لە قالبی گرووپی چەکدار و بە کوشتنی زیاتری خەڵکی ناڕازی، ئەم بزووتنەوە مەزن و ڕەسەنە کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕانەیە خەڵتانی خوێن بکات. ئەم ڕێژیمە داماوە غافڵە لەوەیکە خەڵکی خەباتکاری کوردستان لە بەرامبەر تەفرەقەنانەوە، شەپۆلی سەرکوتگەری و تاوان و کوشتن، ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی ئازیزانی گیان بەختکردووشیان کردووەتە مەیدانی ناڕەزایەتیی پڕ گوڕوتین دژبەم تاوانانە و کردوویانەتە ڕەمزی یەکگرتوویی و هاوپشتی.

کۆمەڵە وێڕای هوشداردان بە کۆماری ئیسلامی و بەکرێگیراوانی چەکداری مەحەلی لەئاست ئەنجامدانی تاوانی زیاتر دژبە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، تەنیا ڕێگای پاشەکشە پێکردن بە ڕێژیمی هاری ئیسلامی، پەرەپێدانی هەرچی زیاتری ناڕەزایەتی و مانگرتن، هاتنە مەیدان و پەیوەست بوونی هەرچی زیاتری جەماوەری خەڵک لە باقیی شارەکانی کوردستان و سەرانسەری ئێران بۆ پشتیوانی لە خەڵکی خەباتکاری مەهاباد و باقیی شارەکانی کوردستان دەزانێت. بۆ جارێکی دیکە هۆشدار بە ڕیزەکانی خوارەوەی هێزی چەکدار و بەکرێگیراوی مەحەلی دەدەین کە ڕیزی دژی شۆڕش و سەرشۆڕانەی کۆماری ئیسلامی جێ بهێڵن و خۆیان نەکەنە قوربانیی بەرژەوەندی مافیای سپای پاسداران و ڕووحانییەتی گەندەڵی دەسەڵاتدار. سەرکەوتنی حەتمی هی بەرەی جەماوەری خەڵکی خەباتکارە. بێگومان ڕەمزی سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوە شکۆدارە شۆڕشگێڕە لە یەکگرتوویی و هاوپشتیی خەڵکی خەباتکاری کوردستان لەگەڵ خەڵکی ڕاپەڕیو لە سەرانسەری ئێراندایە.

بڕووخێت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی شۆرایی

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١

٢٠ی نوامبری ٢٠٢٢