فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بۆ مەحکوومکردنی سیاسەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە کۆڵبەران
هەینی ۰۱-۰۳-۱۴۰۵   |  22-05-2026

لەم ڕۆژانەی دواییدا، بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەرکردنی مۆڵەت بۆ گواستنەوەی کەرەستەی خاوی پترۆشیمی و پۆلیمەری لەلایەن وەزارەتی سەنعەت، مەعدەن و تجارەتی ڕژیمی ئیسلامییەوە لە ڕێگەی کۆڵبەرانەوە، بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ دابینکردنی کەرەستەی خاوی یەکە بەرهەمهێنەرەکان، جارێکی دیکە سەرنجی ڕای گشتیی خستووەتەوە سەر بارودۆخی کارەساتباری کار و بژێوی و ئاسایشی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان. کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات ئەم هەنگاوە وەک «ڕێکخستنی کۆڵبەری» و هەنگاوێک لەپێناو کەمکردنەوەی گوشاری بژێوی لەسەر خەڵکی زەحمەتکێش پێناسە بکات، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەم سیاسەتە، هەنگاوێکی دیکەیە لەپێناو بەدامەزراوەییکردن و توندترکردنەوەی چەوساندنەوەی ئەو مرۆڤانەی کە چەندین دەیەیە قوربانیی هەڵاواردن، بێبەشبوون، کوشتار و سەرکوتکردنن.

کۆڵبەری نە «پیشە»یە و نە «دەرفەتێکی ئابووری». لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا، لاوازیی ژێرخانە ئابوورییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، نەبوونی بەرنامەی درێژخایەن بۆ پێکهێنانی هەلی کاری پایدار و هەڵاواردنی بەرین لە تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ پارێزگاکانی ناوچە کوردنشینەکان، بووەتە هۆی پەرەسەندنی هەژاری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری. لە ئاکامی ئەم سیاسەتەدا نە تەنیا بۆشایی نێوان هەژاری و سەروەت قووڵتر بووەتەوە، بەڵکوو دیاردەی کۆڵبەری کە دەرهاویشتەی ڕێژەی بەرزی بێکاری و نەبوونی هەلی کاری پایدارە، پەرەی سەندووە. سەرەڕای ستەمی چینایەتی، سیاسەتە شۆڤێنیستی و پڕ لە هەڵاواردنەکان و ڕوانگەی ئەمنیەتی بۆ کوردستان بووەتە هۆی ئەوەی کە حەشیمەتێکی زۆر لە خەڵکی ئەم ناوچانە بەتایبەت لە شارە سنوورییەکان، جگە لە کۆڵبەری هیچ ڕێگەیەکی دیکەیان بۆ دابینکردنی لانیکەمی تێچووە قورسەکانی ژیان لەبەردەمدا نەمێنێت.

لەڕاستیدا کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە بەهۆی هەژاری و بێکارییەوە ئەم مرۆڤە زەحمەتکێشانە پاڵ پێوەدەنێت بەرەو کۆڵبەری و لە لایەکی دیکەشەوە هەمان ئەو مرۆڤە بێبەشانە بە گولـلە، ئەشکەنجە، زیندان و مینە بەجێماوەکانی شەڕ، قەتڵوعام دەکات. بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ساڵانی ڕابردوودا سەدان کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە و سەدانی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش ئامارێکە کە تەنیا بەشێک لە ڕاستییەکان نیشان دەدات، چونکە زۆرێک لە ڕووداوەکان هەرگیز تۆمار ناکرێن و لە میدیاکاندا بڵاو نابنەوە. ئێستا هەمان ئەو حکوومەتەی کە کۆڵبەرانی بە «قاچاخچی» ناوزەد دەکرد، دەیەوێت لە لایەکەوە بەشێک لەم هێزی کارە بێمافە بۆ گواستنەوەی کەرەستەی خاوی پیشەسازییەکانی پترۆشیمی و پۆلیمەری لەپێناو دابینکردنی بەرژەوەندیی تۆڕە گەورە بازرگانییەکان و سەرمایەدارانی سەر بە حکوومەت بەکار بهێنێت، و لە لایەکی دیکەشەوە تێدەکۆشێت بە دەرکردنی مۆڵەتی گواستنەوەی کاڵا، سیمایەکی یاسایی و ئاسایی بە کارەساتێکی مرۆیی ببەخشێت؛ کارەساتێک کە خۆی خوڵقێنەریەتی. لە ڕاستیدا ئەم سیاسەتە هەوڵێکە بۆ تێکەڵکردنی کۆڵبەری لەگەڵ میکانیزمی فەرمیی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامیدا؛ سیستمێک کە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی مانەوەی خۆی لەسەر بنەمای چەوساندنەوەی هێزی کاری هەرزان، سەرکوتی ڕێکخراو و بێبەشکردنی جەماوەری زەحمەتکێش دامەزراندووە.

کۆمەڵە، هەروەک چۆن تا ئێستا شێلگیرانە کوشتار و ڕەنج و ئازاری کۆڵبەرانی لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە مەحکووم کردووە و بەرگریکردن لە گیان و کەرامەتی کۆڵبەرانی بە بەشێک لە ئەرکە حاشاهەڵنەگرەکانی خۆی زانیوە، جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە کە ڕێگەچارەی قەیرانی کۆڵبەری نە لە «ڕێکخستن» و بەدامەزراوەییکردن و ئاساییکردنەوەی یەکێک لە نامرۆڤانەترین شێوەکانی چەوساندنەوەی هێزی کار، بەڵکوو لە کۆتاییهێنان بەو دۆخەدایە کە مرۆڤەکان بەرەو کۆڵبەری و هەنگاونان لە جادەی مەرگدا پاڵ پێوە دەنێت. تەنیا بە کۆتاییهێنان بە سیاسەتە هەڵاواردنکارانە و ئەمنیەتییەکان، پێکهێنانی هەلی کاری پایدار، دابینکردنی بیمەی بێکاری و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، و ئازادیی ڕێکخراوە کرێکارییەکانە کە دەتوانرێت کۆتایی بە «پیشە»ی پڕمەترسیی کۆڵبەری بهێنرێت. خەبات بۆ کۆتاییهێنان بە کۆڵبەری، خەباتە بۆ مافی بەهرەمەندبوونی سەرجەم مرۆڤەکان لە ژیانێکی شایستە، کاری ئەمن، خۆشگوزەرانی و ئازادی.

کۆمەڵە لە سەرجەم هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران چاوەڕوان دەکات، کە ئاشناکردنی هەرچی زیاتری کرێکاران و ڕای گشتی بە بارودۆخی پڕمەترسیی «پیشە»ی کۆڵبەری و دەرد و ڕەنج و خەباتی مافخوازانەی کۆڵبەران بە ئەرکی خۆیان بزانن و لەدژی کوشتاریان و لەپێناو بەرگریکردن لە مافە مرۆییەکانی ئەم هاوچینانەی خۆیان، درێغی لە هیچ هەوڵێک نەکەن.

بڕووخێ کۆماری ئیسلامی

بژی دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی خەڵک لە کوردستان

بژی سۆسیالیزم

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانیی حزبی کۆمۆنیستی ئێران

٣١ی گوڵانی ١٤٠٥ی هەتاوی

٢١ی مەی ٢٠٢٦ی زایینی