فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بۆ پشتیوانی لە بانگەوازی مانگرتنی گشتیی ١٠ی ڕێبەندان بەدژی سزای ئێعدام
دوشەممە ۰۹-۱۱-۱۴۰۲   |  29-01-2024

سەرەنجام ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی بە بێ بایەخدان بە کاردانەوەی بیروڕای گشتی، بەندکراوانی سیاسی موحسین مەزلووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتحیی بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٩ی مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٢ لە زیندانی قزڵحەسار ئێعدام کرد. کارگێڕانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕۆژێک بەر لە ئەنجامدانی ئەم جەنایەتە دوای زیاتر لە یەک ساڵ و نیو بێ خەبەری، بە خانەوادەی ئەم زیندانییانە ئیجازەی چاوپێکەوتنیان دا و پێیان ڕاگەیاندن کە ئەمە دوادیداری ئێوە لەگەڵ ئازیزانتان دەبێت. کوشتنی ئەنقەستی ئەم چوار بەندکراوە لە حاڵێکدا ئەنجام دەدرێ کە پارێزەرەکەیان زۆر جار ڕایگەیاندبوو کە ڕەوتی دادگاییکردن و پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییانە دادپەروەرانە نەبووە.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە قەیرانی قووڵ و هەمەلایەنەدا دەست و پێ لێدەدات، کەوتووەتە پێگەیەکەوە کە بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی هەموو ڕۆژێ ژمارەیەکی تر لە لاوانی ئێران بە پەتی سێدارەوە دەکات. ئێعدامی ئەم زیندانییە سیاسییانە و شەپۆلی ئەو ئێعدامانەی کە ڕژیم لە سەرتاسەری ئێران خستوویەتە ڕێ ئەحکامی سیاسین و بێجگەلە گیانی ئەم بەندکراوانە، کرێکاران و جەماوەری ناڕازیی لە کوردستان و لە سەرانسەری ئێران کردووەتە نیشانە. ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بە خەیاڵی خۆی دەیهەوێ لەم ڕێگەیەوە کۆمەڵگا چاوترسێن بکات. بەڵام ئەم تاکتیک و سیاسەتەی ڕژیمیش هەر لە زووەوە بەرەوڕووی شکست بووەتەوە. ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتنە کرێکارییەکان، دەنگی ڕەسای کرێکارانی فوولاد لە خەیابانەکانی ئەهواز، مانگرتن لە خواردنی زیندانییانی سیاسیی ژن و بەیاننامەی دەیان ڕێکخراوی کرێکاری و خوێندکاری و نووسەران بەدژی ئێعدام و ناڕەزایەتی و کۆبوونەوەی جەماوەری سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە کرێکاران و خەڵکی ئێران بە ماشێنی سەرکوت و کوشتاری ئەم ڕژیمە چاوترسێن نابن.

خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان!

نابێ لەوە زیاتر چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدامی لاوانی ئەم وڵاتە و تەحویل وەرگرتنی جەستەی بێ گیانیان بین. نابێ ڕێگە بدەین کە ژمارەیەکی دیکە لە لاوانمان بکەونە بەر چەرخ دەندەی ماشێنی کوشتن و ئێعدامی ڕژیمی ئیسلامی و نابوود بن. نابێ بهێڵین هەموو ڕۆژێ دایک و باوک و خوشک و برایەکی دیکە داغدیدە و جەرگسووتاو بکەن. پێویستە بەرانبەر بەم شەپۆلەی کوشتن و ئێعدام یەکپارچە و یەکڕیز ڕاپەڕین.

کۆمەڵە وێڕای مەحکوومکردنی ئێعدامی زیندانیانی سیاسی موحسین مەزلووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتحی و وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی قووڵی خۆی لەگەڵ بنەماڵەکانیان داوا لە هەموو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەکات کە هاوئاهەنگ و یەکگرتوو و یەکپارچە لە مانگرتنی گشتیی ڕۆژی سشەممە ١٠ی مانگی ڕێبەندان کە لەلایەن کۆمەڵێک لە لاوانی شۆڕشگێڕ، چالاکانی بزووتنەوەی خوێندکاری، چالاکانی کۆمەڵایەتی و ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤەوە بانگەوازی بۆ کراوە چالاکانە بەشداری بکەن. پێویستە پرسەی ئەم ئازیزانە بکەینە کۆبوونەوەی جەماوەری لە ناڕەزایەتی بەدژی ئەم جەنایەتەی کۆماری ئیسلامی. تەنیا بە ئیعتڕازاتی یەکگرتووانە و یەکپارچە لە شارەکانی کوردستان و سەرتاسەری ئێران دەتوانین ماشێنی ئێعدامی ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی ڕابگرین و نەهێڵین لەوە زیاتر ئازیزانمان ببەنە ژێر تیغی ئێعدامەوە.

سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە

زیندانیی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ

بژی دەسەڵاتی شۆراییی خەڵک لە کوردستان

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢

٢٩ی ژانویەی ٢٠٢٤