فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بەبۆنەی سەرکەوتنی مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان لە کوردستان
یەکشەممە ۲۵-۰۶-۱۴۰۳   |  15-09-2024

ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی دووهەمین ساڵڕۆژی دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژینا”ش بە مێژووی پڕ لە شانازیی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان پەیوەست بوو. خەڵکی ئازادیخواز و تێکۆشەری زۆربەی شارەکانی کوردستان لە کردەوەیەکی سیاسی، هاوئاهەنگ و شکۆداردا، پاشەکشەیان بە کەشوهەوای توندی ئەمنیەتی کرد و بە مانگرتنی گشتییان وڵامێکی بەهێزیان بە سەرکوتگەرییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی پزیکشیان دایەوە. مانگرتنی ٢٥ی خەرمانان بۆ جارێکی تر عەزم و ئیرادەی پۆڵایینی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانی بۆ درێژەدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا هەتا ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و کۆتایی هێنان بە هەموو جۆرەکانی هەڵاواردن و نابەرابەری نیشان دا.


خەڵکی کوردستان بە ڕێزگرتن لە ساڵڕۆژی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرتاسەریی ژینا و یادی گیانبەختکردووانی ئەم بزووتنەوەیە، نیشانیاندا کە ڕەمزی سەرکەوتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و وەدیهێنانی خواستی ئازادیخوازانە و بەرابەری تەڵەبانەیان، نەک لە هاوپەیمانی و هاوکاری لەگەڵ سەڵتەنەتخوازەکان و ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی پاوانخوازی ئێرانی، نەک لە هاوئاراستەیی لەگەڵ ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی، نەک لە سات و سەودا و دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، نەک لە ئۆمێد بەستن بە دەستتێوەردانی دەسەڵاتەکانی دەرەوە، بەڵکوو لە هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری و لە هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێراندا دەبینن. مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ لەڕاستیدا هێمای ڕێزلێنان لە یەکگرتوویی و هاوپشتیی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی سەرتاسەری لە ئێران بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە.


مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ بۆ جارێکی دیکە نیشانی دا کە سیاسەتی جەنایەتکارانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە هاودەستی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و بە هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چەککردنی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان و ڕاگواستنی زۆرەملییان بۆ کەمپەکانی پەنابەری، هیچ بۆشاییەک لە ئیرادە و خەباتی خەڵکی کوردستان بەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پێکناهێنێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادییەوە هەوڵی دا بە گرێدانی ناڕەزایەتیی خەڵکی کوردستان بە دەخاڵەتی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دەرەوەی سنوورەکان، لە نێوان خەباتی خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی سەرتاسەریدا تەفرەقە دروست بکات و بەستێنی سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە کوردستان فەراهەم بکات. لاوانی شۆڕشگێڕ، ژنانی ئازادە، خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بە گیانفیدایییان ئەم پیلانگێڕی و تەفرەقەنانەوەیەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیشیان بەرەوڕووی شکست کردەوە. مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان لە هەمان کاتدا وڵامێکی بەتەوژم و ددانشکێن بوو بە سیاسەتی تەفرەقەنانەوەی حکوومەتی ئیسلامی و نیشانی دا کە سەرچاوەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان حەقیقەتە ماددییەکانی ئەم کۆمەڵگایەن.


مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان، و عەزم و ئیرادە و گڕوتینی ژنان و پیاوانی لاو و شۆڕشگێڕی شارەکانی کوردستان بۆ ڕێکخستنی سەرکەوتووانەی ئەم مانگرتنە نیشانی دا کە تەنیا بە باوەڕ بە هێزی جەماوەر، بە پشت بەستن بە هێزی ئەوان دەتوانین پاشەکشە بە فەزای ئەمنیەتیی زاڵ بەسەر شارەکان بکەین و لە جەرگەی کەشوهەوای پۆلیسی و میلیتاریزەکردن و ڕەشبگیریدا ئومێد بە سەرکەوتن زیندوو ڕابگرین و هێزی یەکگرتوویی و هاوپشتی لە ناو خەڵکدا بەهێز بکەین.  بێگومان دوژمنیش ئەم سەرکەوتنە لە لێکدانەوەکانی خۆیدا دەگونجێنێت.
خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان بە مانگرتنی شکۆمەندی خۆیان لە ٢٥ی خەرمانان نیشانیان دا کە نەتەنیا بە ستراتێژی پەرەپێدانی سەرکوت، بە گرتنی بەردەوامی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بە  شەپۆلی ئێعدامەکان چاوترسێن نابن، بەڵکوو بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، ئازادیی بەندکراوانی سیاسی، هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام، کۆتایی هێنان بە هەڵاواردنی ڕەگەزی، نەتەوەیی و ئایینی و بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەرابەر لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک دەریغ ناکەن.


کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ئەم سەرکەوتنە شکۆمەندە، سەمیمانە لە خەڵکی خەباتکاری کوردستان و سەرتاسەری ئێران پیرۆزبایی دەکات و دەستی هەڵسووڕاوان و ڕێکخەرانی بە گەرمی دەگوشێت.

پیرۆر بێ یادی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی 
١٥ی سێپتامبەری ٢٠٢٤ی زایینی