فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی کرێکارانی کوورەخانەکانی ساروقامیش – بۆکان
دوشەممە ۱۸-۰۱-۱۴۰۴   |  07-04-2025

بەپێی هەواڵی گەیشتوو کرێکارانی زیاتر لە ٩٠ کوورەخانەی سەربە ناوچەی ساروقامیشی بۆکان ڕۆژی دووشەممە ١٨ی مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٤ بە ئامانجی وەدیهێنانی خواستەکانیان دەستیان داوەتە مانگرتن. دەست لە کار کێشانەوە و مانگرتنی کرێکاران بەهۆی بایەخ نەدانی خاوەنانی کوورەکان و خاوەنکاران و ناوەندە بەرپرسیارەکان بە داخوازیی کرێکاران، وە بە هیمەتی چالاکانی کرێکاری، ڕێکخراوە و شکڵی گرتووە. داخوازیی سەرەکیی کرێکاران لەم مانگرتنەدا دابین کردنی هەزینەی هاتوچۆ، دابین کردنی پاک و خاوێنی و بێهداشتی شوێنی کار بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سەخت و پیسبوونی شوێنی کاری کوورەخانەکان، ئیمەنیی شوێنی کار، بۆ ڕێگری لە  دووپاتبوونەوەی ڕووداوەکانی کار و پاراستنی گیانی کرێکاران و بەهرەمەندبوون لە مافی بیمە کۆمەڵایەتییەکانە. جێگەی ئاماژەیە کە کرێکاران لە ناوەندە جۆراوجۆرەکانی کوورەخانەکاندا بە هاوئاهەنگی و ڕاوێژ و تەگبیر لەگەڵ یەک، هەیئەتێکیان بۆ وتووێژکردن لەگەڵ خاوەنکاران و خاوەنی کوورەکان بە مەبەستی بەدواداچوونی داخوازییەکانیان هەڵبژاردووە.

خواستی بردنەسەری حەقدەست و ئەو خواستانەی کە کرێکارانی کوورەخانەکانی ناوچەی ساروقامیشی بۆکان تەئکیدیان لەسەر کردووە، هەموو ساڵێ لە وەرزی بەهار و لە کاتی بەستنی قەراردادە جەمعییەکانی کاردا بەشێک لە داخوازییەکانی کرێکاران بووە. ماوەی کاری کرێکارانی کوورەخانەکان ٧ یان ٨ سەعات کار لە ڕۆژدا نییە. بەڵکوو لە شەو و ڕۆژدا ١٢ بۆ ١٤ سەعات لە گەرمای تاقەت پڕووکێنی هاویندا کار دەکەن و ئارەق دەڕێژن تا بتوانن خەرجی ژیانی خۆیان لە دەورەی بێکاری پاییز و زستان و وەرزی بەفر و باراندا دابین بکەن. لەم ڕووەوە، کرێکاران ناتوانن خەرجی هاتوچۆکەشیان لە حەقدەستە کەمەکانیان بدەن بەتایبەت لە بارودۆخی تەوەرۆم و گرانیی بێسنووری ئێستادا. شوێنی کار لە هەمان کاتدا شوێنی ژیانی کرێکارانە. کرێکاران زۆربەی کاتیان لە شوێنی کاردا بەسەر دەبەن. کەوابوو خاوەنکاران ئەرکی سەر شانیانە پاک و خاوێنی و ئیمەنیی شوێنی کار بە بێ کەموکوڕی دابین بکەن. خاوەنکار و دەوڵەت ئەرکی سەر شانیانە حەقی بیمەی بێهداشت و دەرمان و بیمەی ئیجتماعیی کرێکاران بدەن.

تاکە ڕێگا بۆ بەدیهێنانی ئەم داواکارییانە، مانگرتنی یەکپارچە و یەکگرتوویی و یەکڕیزیی کرێکارانە. هەر ئەو ڕێگایەی کە کرێکارانی زیاتر لە ٩٠ کوورەخانەی ناوچەی ساروقامیشی بۆکان گرتوویانەتە بەر. پێویستە هەوڵ بدرێت کرێکارانی بەشەکانی دیکەش بەم مانگرتنە پەیوەست بن. بێگومان خاوەنکاران و خاوەن کوورەکان ناچار دەبن لە بەرامبەر ئیرادەی بەکۆمەڵ و یەکگرتووی کرێکاراندا تەسلیم بن.

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە مانگرتن و داخوازیی کرێکارانی کوورەخانەکانی ساروقامیش پشتیوانی دەکات و لە کرێکارانی کوورەخانەکانی دیکە و لە باقیی بەشەکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە کوردستان و سەرتاسەری ئێران داوا دەکات بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن پشتیوانی و هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ ئەو کرێکارە مانگرتووانە ڕاگەیەنن.

سەرکەوێ مانگرتنی کرێکارانی کوورەخانەکانی ناوچەی ساروقامیش – بۆکان

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی خەڵک لە کوردستان

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی

٧ی ئاوریلی ٢٠٢٥ی زایینی