فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەبارەت بە هێرشی نیزامیی ئەرتەشی تورکییه بۆسەر کوردستان
پێنجشەممە ۳۰-۰۴-۱۴۰۱   |  21-07-2022

دوای نیوەڕۆژی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی مانگی پووشپەڕ بەرابەر لەگەڵ ٢٠ی ژووئیه تۆپخانەی ئەرتەشی داگیرکەری تورکییە (ئەندامی پەیمانی ناتۆ)، بە تۆپبارانکردنی گوندی تووریستیی “پەرخ” لە ناحییەی “دەرکا”ی سەربە شاری زاخۆ، لە هەرێمی کورستانی عێراق جەنایەتێکی تری خوڵقاند. بەپێی میدیا ناوخۆییەکان بەهۆی ئەم هێرشە وەحشیانەوە هەتا ئێستا لانیکەم ١٠ کەس لە خەڵکی بێ تاوان لەوانە منداڵ و ژن و پیاو کوژراون و نزیکەی ٥٠ کەسیش بریندار بوون. بەرپرسی ئیدارەی تووریستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زاخۆ ڕایگەیاند کە: زۆربەی ئەم کەسانە ئەندامی “گرووپێکی تووریستیی ٢٠٠ کەسی بوون کە لە شارەکانی باشوور و ناوەندی عێراقەوە هاتبوون”.
لەلایەکی ترەوە ئەنجومەنی سەربازیی شاری “مەنبج” هەر لە ڕۆژی چوارشەممەدا ڕایگەیاند کە “گرووپێکی بەکرێگیراوای سەربە دەوڵەتی تورکییە لە باکووری سووریە، هێرشێکی لەژێرناوی “قەڵغانی فەرات” بەئامانجی داگیرکردنی گوندی “محسینلی”ی هەڵکەوتوو لە باکووری شاری “مەنبج” ئەنجام داوە. بەڵام ئەم هێرشە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی ئەم ئەنجومەنەوە تێکشکاوە و پاش دانی تەڵەفات مەجبوور بە پاشەکشە و هەڵاتن بوون.
ئەم دوو هێرشە تۆڵەسێنەرانەیەی حکوومەتی فاشیستیی تورکییە بۆسەر کوردستانی عێراق و سووریە لە کاتێکدا ئەنجامدرا کە ڕۆژێک پێشتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە دەستی بەتاڵ لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی سەرۆکانی “ڕووسیە – تورکییە – کۆماری ئیسلامی” لە تاران گەڕابووەوە . تورکییە ساڵەهایە بە بیانووی بوونی پەکەکە هەم بەشێک لە کوردستانی عێراق و سووریەی بەزەبری هێزی نیزامی داگیر کردووە و هەم بەردەوام ئەم ناوچانەی تۆپباران و بۆمباران کردووە. هەوڵی ئەرۆدغان لەم کۆبوونەوەیەدا بۆ بە قەناعەت گەیاندن و چرای سەوز وەرگرتن لە پووتین و خامنەیی بەئامانجی هێرشکردنەسەر ناوچە ستراتێژیکەکانی “مەنبج” و “تەل ڕەفعەت” کە لە مەسیری ڕێگای نێونەتەوەیی “ئێم ٤” دان، لە حاڵێکدا ناکام مایەوە کە پێشتر ئەمریکاش بە ڕواڵەت سەبارەت بە هێرشی نیزامی بۆسەر ئەم ناوچانە هۆشداری بە دەوڵەتی تورکییە دابوو. جێگەی ئاماژەیە کە ئەم دوو شارە لەژێر کۆنتڕۆڵی “هێزەکانی سووریەی دیموکراتیک” دان کە هێزە سەرەکییەکەی لە “یەکینەکانی پاراستنی گەل”، یەپەگە، واتە هێزی نیزامیی خۆبەڕێوەبەرایەتیی “ڕۆژاوا” پێکهاتوون. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت لەماوەی دوو مانگی ڕابردوو، ئەردۆغان و باقیی سەرانی ملهوڕی تورکییە گەلێک جار باسیان لە هێرش و داگیرکردنی نیزامیی ئەم ناوچانە کردووە بەئامانجی ڕێگری لە سەقامگیربوونی هەر ناوەندێکی حکوومەتی لەلایەن خەڵکی کورستانەوە. لەم پێوەندەدا سەدان تانک و زرێپۆش و هەزاران سەرباز و میلیشییای چەکداریان لەژێرناوی “ئۆپۆزیسیۆنی سووریە” ڕەوانەی ئەم ناوچەیە کردووە و لە ئەنجامدانی هیچ جەنایەتێک دەریغ ناکەن. هەتا ئێستاش بە بۆمباران و تۆپباران و لەشکرکێشی بۆسەر کوردستانی عێراق و سووریە زەرەر و زیانی گیانی و ماددیی فراوانیان لە خەڵکی ستەملێکراو و زەحمەتکێشی کوردستان داوە.
کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)، هێرشی نیزامیی دەوڵەتی تورکییە بۆسەر هەر بەشێک لە کوردستان مەحکووم دەکات. پێویستە نەخشە و پیلانەکانی حکوومەتی تورکییە و سات و سەودای دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان و دەوڵەتە سەرمایەدارییەکانی ناوچەکە بە ناڕەزایەتیی بەرینی جەماوەری خەڵک لە هەموو بەشەکانی کوردستان و بە هاوکاری و پشتیوانیی مرۆڤە خەباتکار و ئازادیخوازەکان لە ئاستی ناوچەکە و لە دەرەوەی وڵات، پووچەڵ و بەرەوڕووی شکست بکرێتەوە.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠١
٢٠ی ژووئیەی ٢٠٢٢