فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەبارەت بە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکان؛ خەڵکی تێکۆشەری کوردستان شکست بە شانۆی هەڵبژاردنەکانی دەسەڵاتی ئیسلامی دێنن
پێنجشەممە ۱۰-۱۲-۱۴۰۲   |  29-02-2024

سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی داوا لە خەڵک دەکەن کە لە شانۆی ئینتخاباتی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و مەجلیسی خبرگان لە ڕۆژی ١١ی ڕەشەممە بەشداری بکەن تا لە بەشداریکردنی خەڵک بەڵگەی مەشرووعیەتیان وەربگرن. ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە لە بارودۆخێکدا داوا لە خەڵک دەکات کە لەم گاڵتەجاڕییەدا بەشداری بکەن کە هێستا زامی کوشتنی ژیناکان و کوێرکردنی چاوەکان و ئێعدامکردنی ڕۆڵەکانیان لە جەریانی ئاخێزی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا سارێژ نەبووەتەوە. هێستا داغی کوشتاری خەڵکی زاهیدان و سەدان کەس لە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە جەریانی ئەم ئاخێزە سەرتاسەرییە ساڕێژ نەبووەتەوە. هەژاری و برسیەتی و گرانی زیاتر لە ڕابردوو ژیان و گوزەرانی خەڵکی خستووەتە ژێر گوشارەوە. لە وەها بارودۆخێکدا حکوومەتی ئیسلامی لەوپەڕی بێشەرمیدا داوا لە خەڵک دەکات کە لە نمایشی ئینتخاباتی ڕژیمدا بەشداری بکەن تا وەک سەنەدی پشتیوانی و حمایەتی خەڵک لە خۆی ڕوو بە بیروڕای گشتی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران لە جاڕی بدات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ چوونی خەڵک بۆ پای سندووقەکانی دەنگدان وەک تەئید و پشتیوانیی خەڵک لە سیاسەت و جەنایەتەکانی لە زیندان، ئەشکەنجە، کوشتار، ئێعدام، زەوتکردنی ئازادی و ئەمنیەت لە کۆمەڵگا نیشان بدات. دەیهەوێ دەنگی خەڵک بەمانای پشتیوانییان لە سیاسەتی دژی ژن و کۆنەپەرستانەی داسەپاندنی حیجابی ئیسلامی بەسەر ژنان نیشان بدات. کۆماری ئیسلامی داوا لە خەڵک دەکات لە پای سندووقەکانی دەنگدان بەڕیز بن تا بە حیسابی خەڵک سالاری و هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتیی ئەم ڕژیمە ئیسلامییە لە سات و سەوداکانی لەگەڵ زلهێزەکانی سەرمایەداریدا بیفرۆشێ. داوا لە خەڵک دەکات بڕۆنە پای سندووقەکانی دەنگدان تا وەک پشتیوانی و بەڵگەی ڕەوابوونی خۆی لە سەرکوتکردنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، خوێندکاران، پەرستاران و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا نیشانی بدات.

بەڵام بێگومان ئەمە هەوڵێکی سەرشۆڕانەیە و هیچی تر. خامنەیی باش دەزانێ کە یەکدەست کردن و پادگانی کردنی هەموو ئۆرگانەکانی حکوومەتیش نەیتوانی چاری قەیرانە قووڵ و هەمەلایەنەکانی ڕژیم بکات و دەشزانێ کە نمایشی ئینتخاباتی ئەمساڵ سەرشۆڕانەتر لە ئینتخاباتەکانی ڕابردوو دەبێتە بەڵگەیەکی دیکە بۆ ڕیسوایی حکوومەتی ئیسلامی. هەربۆیە لەماوەی یەک دوو مانگی ڕابردوودا گەلێک جار بە بیاووی جۆراوجۆرەوە چووەتە سەر مەنبەر و داماوانە داوای لە خەڵک کردووە کە بێنە پای سندووقەکانی دەنگدان. ئەو کە دەبینێ مەوعیزەکانی لەم بوارەدا کڕیارێکی نییە، شڵەژاو و ڕق هەستاو هەڕەشە لە خەڵک دەکات و کەسانێک کە گاڵتەجاڕی ئینتخابات بایکۆت دەکەن بە دوژمن و دەست و پەیوەندی بێگانە پێناسەیان دەکات و بەمجۆرە دەیهەوێ خەڵک لە دەربڕینی دژایەتییان لەگەڵ شانۆی ئینتخابات پاشگەز بکات. باقیی سەران و کارگێڕانی ڕژیم لە باڵی ئۆسولگەراکانیش هەتا ئێستا زەبوونانە دانیان بەوە داناوە کە فەزای ئەم هەڵبژاردنە بێ ڕەونەقتر لە ڕابردوو دەبێت. بەڵام چاوەڕوانیی ڕژیمی دەرماندەی کۆماری ئیسلامی لە خەڵک بۆ بەشداری کردنیان لە شانۆی هەڵبژاردنەکان بێهوودەیە. جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ستەملێکراو، ژنانی ژێر ستەمی جنیسیەتی، لاوانی بێبەری لە نیعمەت و شادیی ژیان کە هیچ ئاسۆیەکی ڕوونیان بۆ داهاتووی خۆیان لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەدا نابینن، خانەنشینانێک کە لە قۆناغی بەساڵاچووییدا مەجبوورن هەموو ڕۆژێ بێنە سەر شەقامەکان و هاوار بکەن “زوڵم و ستەم کافیە سفرەمان خاڵیە”، “عەداڵەتێکمان نەبینی ئیتر ئێمە دەنگ نادەین”، بۆچی دەبێ بڕۆنە پای سندووقەکانی دەنگدان و مۆری تەئید لە مەشرووعیەتی حکوومەتی ئیسلامی بدەن. ئەم دەسەڵاتە دژەئینسانە بێجگەلە هەژاری و گرانی، برسیەتی و بێمافی، سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام و داسەپاندنی زەبروزەنگ چ دیارییەکی دیکەی بۆ ئەوان هەبووە.

کرێکاران جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستان! لە بارودۆخێکدا کە بە گۆشت و پێستی خۆتان سرووشتی دژەئینسانیی حاکمانی کۆماری ئیسلامی و ئاکامی وێرانگەری سیاسەتە ئابوورییەکانی ڕژیم لەسەر سفرەی بەتاڵ و بێ ڕەونەقتان هەست پێ دەکەن. لە بارودۆخێکدا کە ڕۆژانە هەواڵی دزی، ئیختلاس و ڕانتخۆریی سەدان و هەزاران ملیارد تمەنیی ڕێبەران و بەرپرسان و کارگێڕانی ڕژیم دەبیستن. لە حاڵێکدا کە باش دەزانن ئەم پووڵانە بەرهەمی ڕەنج و کاری ئێوە و هاوچینەکانتانە کە دەچێتە ناو گیرفانی فەرماندەکانی سپای پاسداران و باقیی دزان و گەندەڵانی دەسەڵاتداری ڕژیمی ئیسلامی و دەچێتە ناو حیسابە بانکیەکانیان لە ناوەوە و دەروەی ئێران. هەروەک هەتا ئێستاش گاڵتەجاڕییەکانی ئیتخاباتی ڕژیمتان لە کوردستان شکست پێهێناوە، ئەم جارەش دەبێ لێبڕاوانەتر لە ڕابردوو ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە گەیشتنی بە ئامانجەکانی نمایشی ئینتخابات، ناکام و ڕیسوا بکەن.

بەشداری کردن لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕژیم و دانی هەر تاکە دەنگێک بەمانای دەنگدانە بە زیاتر لە چوار دەیە هەژاری و برسیەتی و بێکاری. بەمانای دەنگدانە بە هەڵاواردن و بێمافی و یاسای کۆنەپەرستانە و دژی ژن. دەنگدانە بە بێبەری بوونی لاوان لە ژیانێکی ئارام و شیاوی ئینسان. دەنگدانە بە کێشە و گرفتی ژیانی مامۆستایان و خانەنشینان. بەمانای دەنگدانە بە کوشتاری دەیان هەزار کەس لە منداڵان و لاوان لەسەر شەقامەکان لە جەریانی ئاخێزە ئینقلابییەکان بۆ ڕزگاری. دەنگدانە بە زیندان و ئەشکەنجە و قەتڵی ناو زیندانەکان. دەنگدانە بە دەخاڵەتی حکوومەتی ئیسلامی لە بەرپاکردنی شەڕ و کوشتار و وێرانی لە وڵاتانی ناوچەکە و دەنگدانە بە تیرۆریزم و نائەمنی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران لەلایەن ئەم ڕژیمەوە.

ژنان و پیاوان، لاوانی تێکۆشەر! چالاکانی چەپ و سۆسیالیست، ئێوە کە ئەرکی ڕۆشنگەری و لەقاودانی سرووشتی ئەم ڕژیمە دژەئینسانەتان لەناو جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ستەملێکراو وەئەستۆیە، بە چالاکیی ڕۆشنگەرانە و ماندوویینەناسانەی خۆتان، هەوڵی دامودەزگاکانی پڕوپاگەندا و فریو و خورافەی ڕژیمی ئیسلامی بۆ ڕەوانەکردنی خەڵک بەرەو سندووکانی دەنگدان بۆ جارێکی تر بەرەوڕووی شکست بکەنەوە و ڕژیمی ئیسلامی لەم گاڵتەجاڕییەی هەڵبژاردنەشدا شەرمەزار و ڕیسوا بکەن.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵکی کوردستان

بژی سۆسیالیزم

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی

١٦ی فێوریەی ٢٠٢٤ی زایینی