فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەبارەت بە شکستی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکان؛ شکستی حکوومەتی ئیسلامی، سەنگەرێک بۆ پێشڕەوییەکانی داهاتوو
سێشەممە ۱۵-۱۲-۱۴۰۲   |  05-03-2024

هەروەک لە پێشترەوە ڕوون و ئاشکرا بوو، ڕۆژی هەینی ١١ی مانگی ڕەشەممە خەڵکی تێکۆشەر لە سەرتاسەری ئێران و بەتایبەت لە کوردستان سەرەڕای هەموو هەوڵێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو و هەڕەشەکانی سەرانی حکوومەت و دەزگا ئەمنی و سەرکوتگەرەکانی ڕژیم، نەچوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئاشکرادا دەسەڵاتی ئیسلامییان شکست دا. زانیاریی بەرچاو و مەیدانی نیشانی دا کە لە سەرتاسەری ئێران و بەتایبەت لە کوردستان، ناوەندەکانی دەنگدان زۆر لە ڕابردوو چۆڵتر بوون و بێجگەلە دەست و پێوەندەکانی ڕژیم و ژمارەیەکی کەمی دیکە کە بەهۆکاری جۆراوجۆر چووبوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، خەڵکی ئازادیخوازی ئێران لە ئاستی جەماوەریدا گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانی حکوومەتی ئیسلامییان بەرەوڕووی شکستێکی سەرشۆڕانە کردەوە. خەڵکی تێکۆشەر بەم کردەوە سیاسییە نیشانیان دا کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەلایانەوە هیچ مەشرووعیەتێکی نییە. زۆرێک لە ڕێکخراوە کرێکارییەکان و باقیی ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان ڕاشکاوانە و بێباکانە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندن و بەیاننامەی سیاسی ڕایانگەیاند کە لە شانۆی ئینتخاباتی ڕژیمدا بەشداری ناکەن و دەنگی ئەوان ڕووخاندنی گشت دەسەڵاتی ئیسلامییە. ناوەندە ئامارییەکان باس لەوە دەکەن کە ١٦ لەسەدی خەڵک لەم نمایشە ئینتخاباتییەدا بەشدارییان کردووە. هەڵبەت ناوەندە حکوومەتییەکان پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە ٣٠ تا ٣٥ لەسەدی خاوەن مەرجەکانی دەنگدان لەم شانۆیەدا بەشدارییان کردووە. پێویستە بوترێ کە بەپێی هەواڵی گەیشتوو ئاستی بەشداریی خەڵک لە کوردستان زۆر کەمتر لە ١٦ لەسەد بووە. هەڵبەت بەلەبەرچاوگرتنی گەشەی مانگرتنە کرێکارییەکان و پێشڕەویی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لەماوەی ساڵانی ڕابردوو، وەها شکستێکی سەرشۆڕانە بۆ ڕژیمی ئیسلامیش قابیلی پێشبینی بوو.

ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە و بەشداری نەکردنی جەماوەری خەڵک لەم شانۆیەی هەڵبژاردن، “نا”یەکی گەورەی دیکە بوو بە حکوومەتی ئیسلامی و بۆ جارێکی دیکە نیشانی دا کە هاوسەنگیی هێز لە کۆمەڵگادا بەتایبەت لەدوای بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژینا” بەقازانجی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بێبەشی کۆمەڵگا و بەزیانی حکوومەتی ئیسلامی گۆڕاوە. نیشانی دا کە ڕەوتی خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی چووەتە قۆناغێکی نوێوە. نیشانی دا کە یەکدەستکردنی پادگانیی ئورگانەکانی ڕژیمی ئیسلامی بەئامانجی پەرەپێدانی سەرکوت و زەبروزەنگ بۆ ڕاگرتنی دەسەڵات، ئاکامێکی نەبووە. نیشانی دا دەسەڵاتێک کە گەندەڵی و دزی ڕیشەی لەناو هەموو ئۆرگانەکانی داکوتاوە و بەرەوڕووی قووڵبوونەوە و پەرەسەندنی بەردەوامی قەیرانە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانە، نەیتوانیوە و ناتوانێ وڵامدەرەوەی خواست و داخوازیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بێت و تەمەنی کۆتایی هاتووە و دەبێ بەشێوەی شۆڕشگێڕانە بڕووخێت. بێگومان لەدوای ئەم گاڵتەجارییە ئینتخاباتییەش حکوومەتی ئیسلامی ناتوانێ ئاڵوگۆڕێک لە بارودۆخی فەلاکەتباری ژیان و گوزەرانی کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگادا پێکبێنێت. کردەوەی حکوومەتی ئیسلامی لە ڕەدی سەلاحیەتی مۆرەکانی ڕژیم لە دوایین شانۆی هەڵبژاردنیدا، نیشانەی ئەوەیە کە خامنەیی و کادری ڕێبەریی سپای پاسداران بەوە گەیشتوون کە بە فریوکاری و تەماع وەبەرنان و هەڕەشە ناتوانن جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە بەرانبەر داسەپاندنی ئەم بارودۆخە سەخت و دژوارەدا بێدەنگ و تەسلیم بکەن. لەم ڕووەوە، بژاردەیەکی دیکەیان بێجگەلە پەرەپێدانی سەرکوت و ئێعدام بۆ درێژەدانی دەسەڵاتەکەیان لەبەر نییە. لەلایەکی دیکەوە کرێکاران و خەڵکی تێکۆشەری کوردستان کە ساڵەهایە نەچوون بۆسەر سندووقەکانی شانۆی هەڵبژاردنی حکوومەتی ئیسلامیان کردووەتە بابەتێکی ئاسایی، بەردەوام لەو باوەڕەدابوون کە ڕێگای چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانەی ئێستا، نەک چوونە پای سندووقەکانی نمایشی ئینتخابات بەڵکوو هەوڵدان و تێکۆشانە بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامی.

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، شکستی سەرشۆڕانەی کۆماری ئیسلامی لەم گاڵتەجارییە ئینتخاباتییە و سەرکەوتنی شکۆمەندی کرێکاران، ژنانی ئازادیخواز و ماندوویی نەناس، زیندانیانی سیاسی، مامۆستایان و خانەنشینانی خەباتکار، خوێندکاران، هونەرمەندان و باقیی توێژەکانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان و سەرتاسەری ئێران لە نەبەرد و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامی پیرۆزبایی دەکات. بێگومان هەر کام لەم سەرکەوتنانە بەرانبەر بە حکوومەتی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی ئاکامی گەشەی وشیاری و پێگەیشتوویی سیاسی خەڵکی خەباتکار و هەوڵی ماندوویی نەناسانەی هەڵسووڕاوانی پێشڕەو و سۆسیالیست لە کۆمەڵگادایە. هەر کام لەم سەرکەوتنانە لە پاشەکشەکردن بە ڕژیم و لە ڕەوتی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامیدا، هەنگاوێکی گرینگن. پێویستە شکستی شەرمەزارکەری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەم گاڵتەجارییە ئینتخاباتییە بکەینە سەنگەرێک بۆ پێشڕەوی لەپێناو دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە.


بڕووخێ حکوومەتی کۆماری ئیسلامی

بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵکی کوردستان

بژی سۆسیالیزم

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١١ی ڕەشەممەی ١٤٠٢ی هەتاوی

یەکی مارسی ٢٠٢٤ی زایینی