ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی مانگی پووشپەڕ ئەرتەشی داگیرکەری تورکییە لە هێرشێکی ئاسمانیی بەریندا بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن، ٣٧ خاڵی لە دەوروبەری شارەکانی “ئامێدی”، “پشدەر”، “شارباژێر”، “پێنجوێن و بەرزاییەکانی چیای “قەندیل”، “مەتینا”، “گارە”، “خواکورک”، “ئاسۆس” و گوندەکانی دەوروبەریانی بەتوندی بوردومان کرد و ئاگری تێبەردا. هەتا ئێستا ئاماری تەڵەفات و خەساراتی ئەم بۆمبارانە ئاشکرا نەبووە. بەڵام بێگومان ئەم بۆمبارانە بەتایبەت لەم وەرزەدا کە خەڵکی زەحمەتکێشی ئەم ناوچانە خەریکی کار و کۆکردنەوەی بەرهەمی ڕەنج و کاری ساڵانەی خۆیانن، خەسارەتی زۆری لێدوان و خەڵک مەجبوور بوون شوێنی کار و ژیانی خۆیان لەو ناوچەیە بەجێبهێڵن. دەزگاکانی سیخوڕی و ئەمنیەتیی دەوڵەتی تورکییە ڕۆژی سێشەممە لەناو شاری سلێمانیش لە هێرشێکی تیرۆریستیدا ئۆتۆمبێلێکی سەربە یەکێک لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی عێراقیان تەقاندەوە و بەهۆیەوە دوو کەس بەتوندی بریندار بوون. هێرشی زەمینی و ئاسمانیی ئەرتەشی تورکییە ساڵەهایە بە بیانووی حزووری “گەریلاکانی پەکەکە”، ژیان و ئەمنیەت و ئاسایشی خەڵکی کوردستانی لە تورکییە، عێراق و سووریە خستووەتە مەترسییەوە. ئەرتەشی داگیرکەری تورکییە بەدرێژایی سنوور هەتا قووڵایی ٣٠ کیلۆمیتر هاتووەتە ناو هەرێمی کوردستانەوە و پایەگای نیزامیی جۆراوجۆری لە ناوچە سنوورییەکان دامەزراندووە و لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سەدان تانکی دیکەی لەم پایەگایانە جێگیر کردووە.
هێرشی ئاسمانی و زەمینیی تورکییە بۆسەر عێراق، نە بەرەوڕووی کاردانەوەی ئەمریکا بووەتەوە کە هێستا کۆنتڕۆڵی ئاسمانی عێراقی لە ئیختیار دایە و نە دەوڵەتی عێراق و تەنانەت حکوومەتی هەرێمی کوردستان دژبەم هێرشە نیزامییە هەڵوێستیان گرتووە. هێرشی بەرینی ئاسمانیی ئەرتەشی تورکییە بۆسەرهەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە ئەرتەشی داگیرکەری تورکییە ڕۆژی پێشتری لە شاری عەفرینی “ڕۆژئاوا” حەوت کەس لە ناڕازییانی بە تاوانی هێنانەخواری ئاڵای تورکییە و ئاگرتێبەردانی گولـلەباران کرد و کوشتنی. ئەوان دروشمی وەک چوونەدەری تورکییە لە سووریەیان دەوتەوە. ئەم جەنایەتەی دەوڵەتی تورکییە هاوشێوەی جەنایەتی جەنگیی دەوڵەتی ڕەگەزپەستی ئیسرائیل لە لێوارئاوی ڕۆژئاوایە. بەڵام ئاکامی ساڵەها هێرش و دەستدرێژیی نیزامی تورکییە بۆسەر کوردستان بێجگەلە وێرانی و ئاوارەیی و خەسارەت و تەڵەفاتی گیانی بۆ خەڵکی ناوچەکە، هیچ شتێکی تر نەبووە. هەڵبەت بۆ دەوڵەت و ئەرتەشی داگیرکەری تورکییەش لە هەمان حاڵدا کە هەزینەی زۆر و تەڵەفاتی گیانیی بەرینی بووە، نەتەنیا هیچ دەستکەوتێکی نەبووە بەڵکوو ئەم سیاسەتە داگیرکەرانەیە بەرەوڕووی شکست بووەتەوە.
هێرشی جەنایەتکارانەی ئەرتەشی تورکییە لە دەرەوەی سنوورەکان نیشانەی بنبەستی سیاسیی ئەردۆغان و شکستی سیاسەتەکانی حکوومەتی تورکییەیە. ئەم بۆمبارانە لە حاڵێکدا ئەنجام دەدرێت کە دەوڵەتی ئەردۆغان لە ناوەوەی تورکییە لەگەڵ قەیرانی قووڵی ئابووری و سیاسی ڕووبەڕوویە. هاتنەخواری بەردەوامی بەهای لیری تورکییە، هەژاری و گرانی و بێکاریی بەرین و شەپۆلی ناڕەزایەتی لەدژی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی ئەردۆغان، کۆتایی تەمەنی دەسەڵاتی سیاسیی ئەوی نزیک کردووەتەوە. ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی تورکییە، شکستێکی قورسی بۆ “ئاک پارتی” و شەخسی ئەردۆغان تۆمار کرد. لەئاستی ناوچەکەشدا، سیاسەتە ناتەباکانی دەوڵەتی تورکییە تووشی سکست بووە و پێگەی ناوچەیی ئەردۆغان لەئێستادا هێندە لاواز بووە کە بۆ دەربازکردنی خۆی دەست بە داوێنی بەشار ئەسەد بووە. ئەگەر دە ساڵ لەمەوبەر ئەردۆغان بەشار ئەسەدی بە جەنایەتکارێکی جەنگی و قاتڵی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی سووریە ناو لێدەبرد، ئەگەر بۆ ڕووخاندنی ڕژیمەکەی ئەحزاب و گرووپە تیرۆریستەکانی پێکدێنا و سەدان ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان دەکرد، لەئێستادا زەبوونانە داوا لە بەشار ئەسەد دەکات کە لەگەڵ تورکییە پەیوەندی دیپلۆماتیک دەست پێ بکاتەوە و تەنانەت ناڕاستەوخۆ ئامادەیی ئەوەشی دەربڕیوە کە مەرجەکانی بەشار ئەسەد بۆ چوونەدەر لە باکووری سووریە قەبووڵ بکات.
کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هێرشی نیزامیی بەرینی دەوڵەتی تاوانکاری تورکییە بۆسەر کوردستانی عێراق و درێژەی داگیرکارییەکانی لە کوردستانی سووریە بەتوندی مەحکووم دەکات. دەستدرێژییەکانی حکوومەتی تورکییە کە بە چرای سەوز و بە سات و سەودا لەگەڵ زلێهێزە ئیمپریالیستەکان و دەوڵەتانی سەرمایەداریی ناوچەکە ئەنجام دەدرێت، تەنها بە ناڕەزایەتیی بەرینی جەماوەری لە هەموو بەشەکانی کوردستان و بە پشتیوانیی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش، بیروڕای پێشکەوتنخوازی تورکییە، هێز و ئینسانە خەباتکار و ئازادیخوزەکان لەئاستی ناوچەکە و جیهان، بەرەوڕووی شکست دەبێتەوە.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی
٤ی جولای ٢٠٢٤ی زایینی