خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
بەگوێڕەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لانیکەم ١٢٣ کەس لە هاووڵاتییانی ئێران کە ناسنامەیان پشتڕاستکراوەتەوە، لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و ئینتزامییەکانی ڕژیمی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون. ئەم ئامارە ژمارەی ئەو کەسانە لەخۆناگرێت کە دەستبەسەرکردنیان میدیایی نەکراوەتەوە. لەم ماوەیەدا، جگە لە دەستبەسەرکراوان، سەدان و تەنانەت هەزاران تێکۆشەری دیکەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان لە لایەن دامەزراوە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە بانگکراوان و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە. لەو ١٢٣ کەسە دەستبەسەرکراوە ٨٨ کەسیان خەڵکی شار و ناوچەکانی کوردستانن. پێویستە بوترێ کە زۆربەی دەستبەسەرکردنەکان وێڕای توندوتیژی و ئەزیەت و ئازاری دەستبەسەرکراوان و بنەماڵە و کەسوکاریان ئەنجام دراوە و زۆربەی دەستبەسەرکراوان لە کاتی لێپرسینەوەدا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕژیمەوە ئەشکەنجە و ئازار دراون و دەزگای قەزایی ڕژیمیش حوکمی قورسی زیندان و جەریمە و شەللاقی بۆ دەرکردوون. پەروەندەسازی و دروست کردنی موزاحمەت بۆ خەڵک لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی و قەزاییەکانی ڕژیم گەیشتووەتە ئاستێک کە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە پیرانشار بۆ ٥٨ کەس لە بەشداربووانی مەراسمی زەماوەندێک بە تاوانی دەربڕینی شادی و هەڵپەڕین پەروەندەی قەزایییان پێکهێناوە و ئەوانیان بۆ دادگا بانگ کردووە. لەئێستادا ٥٤ کەس لە بەندکراوانی سیاسی لەژێر حوکمی قیزەون و دژەئینسانیی ئێعدامدان.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکدا دەستیکردووە بە پەرەپێدانی سەرکوتگەری و دەستبەسەرکردنی بەرینی خەڵک و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە ستراتێژی “شەڕی پێشگرانە” و دەستتێوەردانی لە ناوچەکە و میحوەری موقاومەتەکەی بەرەوڕووی شکست و لێکهەڵوەشان بووەتەوە. شکستی یەک لە دوای یەکی هێزە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە لۆبنان، غەززە و سووریە زیاتر لە هەموو کاتێک ئاراستەی سازان و نەرمشی قارەمانانەی لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا بەسەر حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا سەپاندووە. لەوەش گرینگتر گەلێک قەیرانی پێکهاتەیی قووڵ لە بواری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و هیتر بەرۆکی ڕژیمیان گرتووە و حکوومەتی ئیسلامی ڕێگایەکی بۆ خۆدەربازکردن لەم قەیرانانە نییە. لە وەها بارودۆخێکدا شەپۆلی تازەی بانگکردن و دەستگیرکردنی چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەتایبەت لە کوردستان نیشانەی ترس و وەحشەتی ڕژیم لە پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا و سەرهەڵدانی ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانەیە کە گشت دەسەڵاتی ئیسلامی تێکەوەپێچێت.
ئێستا ئیتر لە کەس شاراوە نییە کە ئامانجێکی سەرەکیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە پەرەپێدانی ڕەشبگیرییەکان، خوڵقاندنی کەشوهەوای ترس و تۆقاندنی زیاتر و لەم ڕێگەوە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئاخێزە کۆمەڵایەتییەکانە. ڕژیمی ئیسلامی دەزانێ کە زۆرینەی ڕەهای کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەمدیدەی ئێران و کوردستان ئەم ڕژیمەیان ناوێ و خوازیاری ڕووخانی ئەم دەسەڵاتەن. کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ شکستە قورسەکانی یەک ساڵی ڕابردووی خۆی لە ناوچەکە بە کردەوەی سەرکوتگەرانەی زیاتر لە ناوەوە قەرەبوو بکاتەوە و بە وەڕێخستنی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردن و حوکمی زیندان، کەشوهەوای ترس و وەحشەت بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بکات. بەڵام مێژووی چل و پێنج ساڵەی دەسەڵاتی نگریس و سەرکوتگەری ڕژیمی ئیسلامی سەلمێنەری ئەم حەقیقەتەیە کە خەڵکی تێکۆشەر و خەباتکار نەتەنیا بە کردەوەی سەرکوتگەرانەی ڕژیم چاوترسێن نەبوون بەڵکوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ حزووری ئیعتڕازیی بەهێزتریان لە مەیدانی خەباتدا نیشان داوە و چاوەڕوانی ڕووخانی هەرچی زووتری ئەم ڕژیمەن.
کرێکاران، زەحمەتکێشان، خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
کۆمەڵە وێڕای مەحکووم کردنی هەوڵی سەرکوتگەرانەی ڕژیمی ئیسلامی و شەپۆلی بەرینی دەستگیرییەکان، داوا لە هەموو خەڵکی ستەملێکراو و خەباتکاری کوردستان دەکات هەروەک ڕابردوو لە زیندانیانی سیاسی پشتیوانی بکەن و هاوڕێ لەگەڵ کەسوکاری زیندانیانی سیاسی و هەموو دەستبەسەرکراوانی ئەم دواییە خوازیاری ئازادی بێ شەرت و مەرجی زیندانیانی سیاسی بن؛ بۆ پشتیوانی لە زیندانیان و بنەماڵەکانیان بەهەر شێوەیەک کە دەگونجێ، بۆ نموونە لەڕێگەی کۆبوونەوە، ناڕەزایەتی، پێکهێنانی “کۆمیتەکانی دیفاع لە زیندانیانی سیاسی” هاوئاهەنگ و هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیان و دەستبەسەرکراوان، تێبکۆشن.
زیندانیی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت!
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی!
کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٨ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی
٧ی ژانویەی ٢٠٢٥ی زایینی