فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەبارەت بە گیانبەختکردنی سێ تێکۆشەری ژینگەپارێز لە شاری سنە
سێشەممە ۰۷-۰۵-۱۴۰۴   |  29-07-2025

بەپێی هەواڵی گەیشتوو، بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٦ی مانگی گەلاوێژ خەبات ئەمینی و شەوی ڕابردوو چیاکۆ یوسفی نەژاد، لە تێکۆشەرانی ژینگەپارێز، کە لە جەریانی هەوڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەی بەرین لە بەرزاییەکانی ئاویەری سنە لە ڕۆژی پێنجشەممەدا بریندار ببوون، گیانیان لەدەستدا. ڕۆژی هەینی ٣ی مانگی گەلاوێژیش، حەمید مورادی لە چالاکوانانی ئەم بوارە و لە قوربانییانی ئەم ئاگرکەوتنەوەیە گیانی بەختکرد. بریندارەکانی دیکەش هەروا لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانەی کەوسەردا لەژێر دەرمان و چارەسەردان.

حەمید و خەبات و چیاکۆ لەو لاوانە بوون کە لە خەبات بۆ ئامانج و بیروباوەڕە کۆمەلایەتییە بەرزەکانیان و بۆ بەرگری و پاراستنی ژینگە لە گیانی خۆیان دەریغیان نەکرد. خەلکی تێکۆشەری شاری سنە لەم ڕۆژانەدا کە خەم و پەژارە سێبەری بەسەر شاردا کێشابوو، بە بەشداریی بەرینیان لە مەراسمی بەخاکسپاردنی ئەم ئازیزانە و بە پێشکەشکردنی وتاری پڕگڕوتین وێڕای دەربڕینی هاوپشتی و هاوسۆزیی قووڵ لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری گیانبەختکردووان و ڕێزگرتن لەم ئازیزانە، ئەوەپەڕی نەفرەت و بێزاریی خۆیان لە ڕژیمی جنایەتکاری کۆماری ئیسلامی نیشاندا. خەڵکی هوشیار و تێکۆشەری سنە دەزانن کە ئەوە ڕژێمی کۆماری ئیسلامییە کە منداڵەکانیانی بە دەستی بەتاڵ لە گەمارۆی ئاگردا ڕەها کردووە. لەو ئاگرکەوتنەوەدا جگە لە کوژرانی سێ گەنجی تێکۆشەری شاری سنە، ٢٠ هێکتار زەوی سووتا. ئەمە یەکەم جار نییە دارستان و لەوەڕگاکانی کوردستان  دەسووتێن و لە کاتی هەوڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ئاگرانەدا چالاکوانانی بەرگری لە ژینگە دەبنە قوربانی. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە سەدان ملیارد دۆلار لە سەروەت و سامانی کۆمەڵگا و بەرهەمی ڕەنج و کاری کرێکاران و زەحمەتکێشان بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکان و بۆ دابین کردنی  گرووپە ئیسلامییە کۆنەپەرستەکان لە ناوچەکە و بۆ دەستێوەردان لە ناوەندەکانی قەیرانی  ناوچەکە تەرخان دەکات، لە هەمان کاتدا، بە تەرخان نەکردنی بوودجە و ئیمکاناتی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئاگرکەوتنەوە و وێرانکردنی سرووشت بەکردەوە هەلومەرجی ڕوودانی ئەم کارەساتە سرووشتی و ئینسانییانەی فەراهەم کردووە.

لەلایەکی دیکەوە هەڵسووکەوتی سەرکوتکەرانەی دەزگای سەرکوتی ڕژیم بەرامبەر چالاکوانانی ژینگە لەماوەی چوار دەیەی ڕابردووشدا سەلمێنەری سیاسەتە دژە مرۆییەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە تێکدانی ژینگەدا بووە. لەماوەی هەموو ئەم ساڵانەدا ڕژیمی ئیسلامی بۆ زۆربەی ئەم ئینسانە شەریف و فیداکارانە بە تاوانی پشتیوانی و پاراستنی ژینگە، بە بێ هیچ بەڵگەیەک و بە بیانووی بێبنەما، پەروەندەی ئەمنیەتیی پێکهێناوە و ئەحکامی قورسی زیندانی بۆ دەرکردوون. ژمارەیەکیشیانی لە پیلانگێرییەکانیدا لەناوبردووە. شەریف باجوەر، ژینگە پارێز و ئەندامی هەیئەت مودیرەی “ئەنجومەنی سەوزی چیا” لە مەریوان کە ساڵەها لەلایەن هێزە ئەمنیەتییە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە تاوانی چالاکی بۆ پاراستنی ژینگە دەستبەسەر و ئەشکەنجە و ئەزیەت و ئازار درابوو، سەرەنجام ساڵی ٩٧ی هەتاوی، لەگەڵ ئومێد کۆنەپوشی، ڕەحمەت حەکیمی و محەممەد پەژووهی لە جەریانی هەوڵ بۆ کووژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریواندا بەشێوەیەکی گوماناوی گیانیان بەختکرد. لەم ڕووەوە، چالاکانی ژینگەپارێزیش بە ئەزموون دەبێ بۆیان دەرکەوتبێ کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هۆکاری سەرەکیی وێرانکردنی ژینگەیە و داکۆکی و پاراستنی ژینگە ڕاستەوخۆ لە مەسیری خەبات دژبەم ڕژیمە جنایەتکارەوە تێدەپەرێت.

کۆمەڵە، بەبۆنەی گیان بەختکردنی حەمید مورادی، چیاکۆ یوسفی نەژاد و خەبات ئەمینی، ئەم تێکۆشەرە بەگوڕوتین و ئازادیخوازانە، سەرەخۆشی دەکا لە بنەماڵە و کەسوکاریان، لە خەڵکی تێکۆشەری شاری سنە و لە هەموو خەڵکی کوردستان و سەرتاسەری ئێران. خۆمان لە غەم و پەژارەی لەدەستدانی ئەم ئازیزانەدا بە شەریک دەزانین.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی

٢٨ی جولای ٢٠٢٥ی زایینی