ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی مانگی ڕەزبەری ١٤٠١ بەرابەر لەگەڵ ٢٨ی سێپتامبری ٢٠٢٢ دەورووبەری کاتژمێری ١٠ و نیوی پێش نیوەڕۆ بنکە و بارەگای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نزیک شاری کۆیە، سازمانی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران هەڵکەوتوو لە ناوچەی سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کەوتنە بەر هێرشی مووشەکی و درۆنی خۆتەقێنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. هەتا ئێستا هەواڵێکی ورد سەبارەت بە زیانەکانی ئەم هێرشە بڵاونەکراوەتەوە.
ئەم هێرشە جەنایەتکارانەیە لە باروودۆخێکدا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام دەدرێت کە دوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، دوازدە ڕۆژە شەقامەکانی زیاتر لە سەد شاری ئێران بوونەتە مەیدانی دەربڕینی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران دژبە گشت ئەم ڕێژیمە. ڕەنگدانەوەی ئەم قەتڵە حکوومەتییە و ناڕەزایەتیی جەماوەری لەئاستی جیهاندا، ڕێژیمی زیاتر لە هەموو کاتێک ڕسوا و بێ ئیعتبار کردووە. دەخاڵەتگەریی نیزامیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە عێراقیش لەگەڵ شەپۆلی بەرینی ناڕەزایەتیی خەڵک بەرەوڕوو بووەتەوە و خەڵکی عێراق ئەم ڕێژیمە بە هۆکاری گەندەڵی و نائەمنی و هەژاری و نەهامەتیی خۆیان دەزانن. خەڵکی کوردستانی عێراقیش کە لەگەڵ پێشینەی سیاسەت و دەخاڵەتگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی و بۆمبارانی ناوچە سنوورییەکان لەلایەن ئەم ڕێژیمەوە ئاشنان، بەردەوام کۆماری ئیسلامییان بە هۆکاری ناسەقامگیری و نائەمنیی ئەم ناوچەیە زانیوە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە باروودۆخێکدا لە قەیرانی قووڵی ئابووری و سیاسیدا دەست و پێ لێدەدات کە لە ناوخۆ و لەئاستی ناوچەکەدا بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی جەماوەریی خەڵک بووەتەوە و لەڕێگەی بۆمبارانکردنی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەنیازە سەرەنجی بیروڕای گشتی لە تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران دژبە جەنایاتی ئەم ڕێژیمە و شەپۆلی هاوپشتیی جیهانی لەگەڵ خەڵکی ئێران، بەلاڕێدا بەریت. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە خەیاڵی خاوی خۆی دەتوانێ لەڕێگەی هێرشی نیزامی بۆسەر هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نیشتەجێ لە کوردستانی عێراق زەربە لە ڕووحیەی خەباتکارانەی خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان بدات. بەڵام بێگومان خەڵکی خەباتکاری کوردستانی ئێران بە درێژەدانی خەباتی یەکگرتووانەی خۆیان ئەم ئامانجەی ڕێژیم بەرەوڕووی شکست دەکەنەوە. کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای ئیدانەکردنی توندی هێرشی داگیرکەرانە و جەنایەتکارانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆسەر بنکە و بارەگای هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نیشتەجێ لە کوردستانی عێراق، لە خەڵکی خەباتکاری کوردستانی عێراق چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە وێڕای مەحکووم کردنی ئەم هێرشە جەنایەتکارانەیە بۆ جارێکی دیکە هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ خەباتی خەڵکی کوردستانی ئێران دژبە تاوانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیەنن.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٦ی ڕەزبەری ١٤٠١
٢٨ی سێپتامبری ٢٠٢٢