مانگرتنی شکۆداری سێ ڕۆژە هاوکات لەگەڵ خەباتی پڕ گوڕوتینی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی سەر شەقام لە کوردستان و سەرانسەری ئێران لەماوەی ڕۆژانی ٢٤ تا ٢٦ی خەزەڵوەر، بەبۆنەی کوشتاری زیاتر لە ١٥٠٠ ئینسان لەلایەن ڕێژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە جەرەیانی ڕاپەڕینی خەزەڵوەری ٩٨، ئەزموونێکی سەرکەوتووی دیکە بوو کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژینا”ی خستە قۆناغێکی نوێوە. لەم ڕۆژانەدا هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتی، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بەبۆنەی ڕێزگرتن لە یادی گیان بەختکردووانی ئاخێزی خەزەڵوەری ٩٨، زانکۆ، مەدرەسە، شەقام و مەیدانی شارەکانی ئێرانیان کردبە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی. ئەگەرچی بەرپاکردنی مانگرتنی گشتی بۆ خەڵکی کوردستان بێ پێشینە نەبووە و لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە جەرەیانی خەباتیان دژبە کۆماری ئیسلامی چەندین جار بەشێوەی سەرکەوتووانە مانگرتنی گشتییان تەجروبە کردووە، بەڵام سێ ڕۆژ مانگرتنی بەردەوام و ئاوێتە کردنی لەگەڵ ناڕەزایەتیی شەقام لە پانتایی سەرانسەریدا و بەشێوەی گشتی، دەرس و ئەزموونێکی سەرکەوتوو بوو کە لاوانی شۆڕشگێڕ و خەڵکی خەباتکاری کوردستان و سەرانسەری ئێران بەباشی بەڕێوەیان برد. ئەم مانگرتنە و ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام ئاڵقەیەکی دیکە بوو لە وێکخستنی شێوازە جۆراوجۆرەکانی خەباتی جەماوەری ڕاپەڕیوی ئێران دژبە نیزامی دیکتاتۆر و دژەئینسانیی کۆماری ئیسلامی. ئەم مانگرتنە کە بازاڕییان و ئەسنافیش تێیدا بەشداربوون، نیشانەی هەنگاو هەڵگرتنە بەرەو هەرچی جەماوەریتر بوونەوەی ئەم بزووتنەوەیە.
لە بەرامبەر ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییە بەرین و سەرانسەرییەدا، دەزگا ئەمنییەکان و هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی زەوینگیر و سەرلێشێواو بوون و بێجگەلە تەقەکردن لە هێندێک شوێن لە خەڵک کە بەداخەوە بوو بەهۆی گیان بەختکردنی ژمارەیەک لە خەڵکی خەباتکار، نەیانتوانی کاردانەوەیەکی وەها لەخۆیان نیشان بدەن. هاوکات بوونی ئەم مانگرتنە لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتیی خوێندکارانی هەموو زانکۆکان و خوێندکارانی مەدرەسەکان لە زۆرێک لە شارەکان، بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتیی شەقام بەشێوەی هاوئاهنگ لە چەندین شار و گەڕەکی تاران و باقیی شارە گەورە و چکۆلەکان، توانای مانۆڕی لە هێزی سەرکوتگەر گرت و ترسی مەرگی خستە ناو دڵی سەرانی ڕێژیمەوە. یەکێکی تر لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم قۆناغە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، مانگرتنی هاوکاتی کرێکارانی زەوبی ئاهەنی ئیسفەهان و کرێکارانی سەنایعی پێترۆشیمیی عەسەلوویە بوو کە بەرەی خەباتی خەڵکی بەهێزتر کرد و متمانەبەخۆیی و ڕووحیەی هێزە بەکرێگیراو و سەرکوتگەرەکانی ڕێژیمی زیاتر لاواز کرد.
بەپێچەوانەی ئیدیعای سەرانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی و ناسیۆنالیست لەئاستی سەرانسەری و کوردستان، ڕێکخەرانی ئەم ناڕەزایەتییانە کەس نەبوون بێجگەلە نەسلی نوێی ڕێبەران و چالاکانی مەحەلی کە ئەزموونی سازماندان و هیدایەتی خەباتی چەند ئاخێزی ناڕەزایەتی و مانگرتنیان هەیە. دوو مانگ درێژەی ئەم ناڕەزایەتییەش کە ڕیشەی لە قووڵایی کۆمەڵگەدایە، بەرهەمی دەورونەخش و گرتنەبەری سیاسەت و تاکتیکی گونجاوی هەمان ژنان و پیاوان و لاوانی شۆڕشگێڕە کە لە تۆڕەکانی پێکەوە پەیوەنددراوی چالاکاندا ڕێکخراون. بەرینایی ناڕەزایەتیی کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێران لەئاست بارودۆخی ژیان و گوزەرانێکی فەلاکەتبار کە ڕێژیمی ئیسلامیی سەرمایە بەسەریانیدا سەپاندووە، بووەتە هۆی خوڵقانی هەلومەرجێک کە توێژە زەحمەتکێش و بێبەشەکانی کۆمەڵگە بەئاسانی بە بزووتنەوەی ڕووخاندنی دەسەڵات پەیوەست دەبن.
وێکخستنی شێوازەکانی خەبات و مانگرتنی سیاسی گشتیی یەک لەدوای یەک لەئاستی سەرانسەری و ملیۆنی، کە مانگرتنی کرێکاران وەک بڕبڕەی پشتی وایە، دەتوانێ هێزی مانۆڕ لە ماشێنی سەرکوت وەک تەنیا ئامرازی درێژەی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامی بستێنێت و سەرنجام بیخاتە زبڵدانی مێژووەوە.
هەوڵی بەردەوام و لێبڕاوانە بۆ وەدیهێنانی ئەم بابەتە یەکێک لە ئەرکە سەرەکی و میحوەرییەکانی ئێستای هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی کۆمۆنیستە لەناو بزووتنەوەی کرێکاری و لەناو تۆڕەکانی لاوانی شۆڕشگێڕی گەڕەکەکان و زانکۆ و مەدرەسەکاندا. ئەم تۆڕانە دەتوانن بەردی بناغەی شۆراکانی گەڕەک و زانکۆ و مەدرەسە بن. ئەو شۆرایانەی کە لە بارودۆخی ئێستادا ئۆرگانی ڕێکخستن و ڕێبەریی خەباتی جەماوەری کۆمەڵگەن و لەگەڵ لاوازبوونی زیاتری ڕێژیم دەبنە ئۆرگانی ئیدارە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە.
بەرز و بەڕێز بێت یادی گیان بەختکردووانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەزەڵوەری ٩٨ و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا
بڕووخێ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی بەرابەری حکوومەتی شۆرایی
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١
١٧ی نوامبری ٢٠٢٢