ڕۆژی هەینی ١٩ی مانگی ڕەشەممە یەک مانگ دوای کۆبوونەوەی کۆنفڕانسی جۆرج تاون لە واشنگتۆن مەنشووری ڕەزا پەهلەوی و پێنج کەسی تر لە هاوپەیمانانی لەوانە عەبدوڵڵای مۆهتەدی وەک نوێنەری خۆداناوی خەڵکی کوردستان بڵاوبووەوە. ئەم مەنشوورە کە فریوکارانە ناوی کورتکراوەی “مەهسا”ی لەسەر داندراوە، نەتەنیا پەیوەندییەکی بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ڕاستەقینەی ژینا (مەهسا)وە نییە بەڵکوو ڕێک بۆ بەرەنگاربوونەوە و بەرەو شکست بردنی ئامادە کراوە. ناوەرۆکی ئەم مەنشوورە، بێ ڕەبتە بە هەموو ئامانج و دروشم و داخوازییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی ئێران و بۆ تێکشکاندنیەتی. ئەم مەنشوورە لە خزمەت ئامانجەکانی ئەمریکا و باقیی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکاندایە. واژۆکارانی ئەم مەنشوورە و پەیڕەوانیان، بەرژەوەندی تاکەکەسییان لە داهاتوویەکی خەیاڵیدا لەبەرچاوە، بەڵام هەر لەئێستاوە مۆری دژەشۆڕشبوونیان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا لەناوچاوانی خۆیان داوە.
پێشەکی و هەموو بڕگەکانی مەنشووری موعامەلەی ڕەزا پەهلەوی هیچ پەیوەندییەکی بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەریی شەش مانگی ڕابردووی ئێرانەوە نییە. هێزی سەرەکیی ئەم بزووتنەوە ڕەسەنە کۆمەڵایەتییە کرێکاران، خوێندکاران، خانەنشینان و باقیی توێژەکانی تر بە پێشەنگایەتیی ژنانە کە لەم فاسلەیەدا لەسەر شەقام، لە کارخانە، لە زانکۆ و لە مەدرەسە و لە هەموو شوێنێک، بەرانبەر بە ڕژیمی تاوانکار و پڕچەکی کۆماری ئیسلامی سینگیان کردووەتە قەڵغان، قوربانییان داوە، بریندار و کەم ئەندام بوون، کەوتوونەتە زیندان و ئەشکەنجە دراون و بە دەنگی ڕەساوە خواست و موتالباتی خۆیان هاوار کردووە و لەسەر وەدیهاتنی داخوازییەکانیان کە تەنها بە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی دێتە دی، سوورن. مەنشووری ڕەزا پەهلەوی و یارانی بە ئامانجی خەیاڵیی ڕاکێشانی سەرەنجی ئەمریکا و باقی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری و موعامەلە کردن لەگەڵیان، لەڕاستای خزمەت بە وەدیهاتنی ئامانج و بەرژەوەندی ئەوان لەپێوەند لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئامادە کراوە. ئەم دەوڵەتانە ئەوەڵەن دەیانهەوێ بە ئامانجی لاوازکردن و تێکشکاندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری، بۆ کاتی پێویست ڕەزا پەهلەوی و مەنشوورەکەیان لە بەر دەست بێت. دووەمەن لەئێستادا وەک ئامرازی گوشارێکی تر لە پەنا باقیی گوشارە دیپلۆماتیک و گەمارۆ ئابوورییەکان کەڵکی لێ وەردەگرن، تا زێدەخوازی و ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی چ لە گفتوگۆی ئەتۆمی و مووشەکی و چ لە پێوەند لەگەڵ سیاسەتی دەخاڵەتگەرانەی ڕژیمی ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت نزیکبوونەوەی لە دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان و شەڕی ئۆکراین کۆنتڕۆڵ بکەن. ئەگینا باش دەزانن کە لە بارودۆخی شۆڕشگێڕانەی ئێستای ئێراندا و لە ڕوانگەی چالاکانی ئەم بزووتنەوەیە لە مەیدانی خەبات، ڕەزا پەهلەوی و یارانی بێ پایەتر لەوەن کە وەک بەدیلی دەسەڵاتی ئیسلامی بە حیساب بێن.
مەنشووری ڕەزا پەهلەوی و هاوپەیمانانی بەڕواڵەت ئاماژە بە دامەزراندنی نیزامێکی دیموکراتیک لەڕێگەی هەڵبژاردنی ئازاد بەبەشداریی هەموو هاووڵاتییان دەکات، بەڵام لە هەمان حاڵدا “لەسەر یەکپارچەیی وڵاتی ئێران” تەئکید دەکات. مەبەست لە پاراستنی یەکپارچەیی وڵات هەمان پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێرانە و ناوی ڕەمزی دژایەتی لەگەڵ مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە کورستانی ئێرانە و ناوی ڕەمزی دژایەتییە لەگەڵ هەر جۆرە خەباتێک لەپێناو نەمانی ستەمی نەتەوەیی لەژێرناوی موخالفەت لەگەڵ جیاییخوازی. مەنشووری ڕەزا پەهلەوی و یارانی لە ڕوانگەی ناسیۆنالیسمی پاوانخوازی ئێرانییەوە نەتەنیا لەسەر “پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران” تەئکید دەکات، بەڵکوو تەنیا ئەرکی ئەرتەش و سپای پاسدارانی تێکەڵبوو لەگەڵی، دیفاع لە یەکپارچەیی وڵات پێناسە کردووە. میراتگری بنەماڵەی گەندەڵی پەهلەوی هێستا هیچ نەبووە بە یارمەتیی عەبدوڵڵا مۆهتەدی گۆپاڵی ئەرتەش و هێزی چەکداریان لەسەر سەری خەڵکی کوردستان و هەر نەتەوەیەک ڕاگرتووە کە ئیحتمالەن لە ڕێفڕاندۆمێکی ئازاددا بیانهەوێ لە ئێران جیا ببنەوە. پاراستنی یەکگرتوویی و هاوپشتیی خەڵکی ستەمدیدەی ئێران نەک لەڕێگەی سەرکوت و کوشتارەوە بەڵکوو لە مەسیری بەڕەسمی ناسینی مافی یەکسان لە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کلتووری، بەڕەسمی ناسینی ئازادی بێ شەرت و مەرجی سیاسی و مافی نەتەوەکان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان تا ئاستی جیایی و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ تێدەپەڕێت. مەنشووری ڕەزا پەهلەوی لە بەرامبەر خواست و خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان هەمان ڕێگای دیکتاتۆری سەڵتەنەتی پەهلەوی و حکوومەتی ئیسلامی درێژە دەدات و مەحکووم بە شکستە.
مەنشووری ڕەزا پەهلەوی و یارانی، سپای پاسداران و دەزگای پان و بەرینی بوروکراسیی دەوەڵەتی گەندەڵی ڕژیمی ئیسلامی هەڵناوەشێنێتەوە، بەڵکوو بۆ بەهێزکردنی ئەرتەش، سپای پاسدارانی تیرۆریستیشی تێکەڵ دەکات، تا لەم ڕێگەوە و بە پشتیوانیی دەزگای بوروکراتیکی گەندەڵی حکوومەتی ئیسلامی، یەکپارچەیی وڵاتی ئێران و بەڕێوەبردنی کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکان زەمانەت بکات.
تا جێگەیەک کە پەیوەندی بە کوردستانەوە هەیە، عەبدوڵڵا موهتەدی، کە وەک هەمیشە لە تەوەهومی گەیشتن بە دەسەڵات، ئامادەی بەشداریکردنە لە هەرجۆرە بەند و بەستێکدا، لە باندبازیی ڕەزا پەهلەویدا، بووەتە نوێنەری خودخاندەی خەڵکی کوردستان و کۆمەڵە. ئێمە ڕایدەگەیەنین کە کردەوەی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردووی ئەو و حیزبەکەی، کە بە ناڕەوا ناوی کۆمەڵەی بەکار هێناوە، هیچ پەیوەندییەکی بە بنەما، سیاسەت، ستراتێژ و سوننەتی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵەوە نییە. ئێمە دڵنیاین هەروەک چۆن کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و ستەمدیدەی کوردستان هەتا ئێستا عەبدوڵڵا موهتەدییان بە درێژەدەری سوننەتی ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستی کۆمەڵە نەزانیوە، لەمەش بەدوا ئیجازە نادەن کە مێژووی پڕ لە شانازیی کۆمەڵە بکاتە دەست مایەی سیاسیی بەند و بەستی حەقیرانە لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی، ناسیۆنالیستی پاوانخوازی ئێرانی و دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢١ی ڕەشەممەی ١٤٠١
١٢ی مارسی ٢٠٢٣
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە