کرێکاران، خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
خەڵکی ئازادیخوازی ئێران!
لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سەران و فەرماندەکانی سپای پاسدارانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکی تر بە ئیدیعای درۆیین و بێ پایە و ئەساس سەبارەت بە جموجۆڵی نیزامیی ئەحزاب و لایەنە سیاسییەکانی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستانی عێراق، لە ناوچە سنوورییەکان جار و جەنجاڵی تەبلیغی و جەنگی ڕەوانییان دژبە خەڵکی کوردستان خستووەتە ڕێ. سەرانی ڕژیم و فەرماندەکانی سپا لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا گەلێک جار هەڕەشەیان کردووە کە ئۆردووگای پەنابەران و شوێنی ژیانی بنەماڵەکانی سەربەم ئەحزابە سیاسییە بوردومان دەکەن. ئەوەش له حاڵێکدایە که هیچ هەڕەشەیەکی نیزامی له لایه ن پارته سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانەوە لەسەر ڕژیم نەبووه.
تەبلیغات و هەڕەشەکانی ڕژیم لەدژی ئەحزاب و جەریاناتی سیاسی و خەڵکی کوردستان لەحاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی لە ناوەوەی ئێران لەگەڵ درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری و قەیرانی هەمەلایەنە بەرەوڕووە. مانگرتنی یەک لە دوای یەکی کرێکاری و بەردەوامبوونی ناڕەزایەتیی ژنان، خوێندکاران، خانەنشینان و پەرستاران بە خواستی مافخوازانە و بنەڕەتی، پایەکانی دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیی خستووەتە لەرزە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەجیات وڵامدانەوە بە داخوازیی ڕۆژانەی جەماوەری خەڵک، بە پەرەپێدانی شەپۆلی ئێعدام و بەم هەڕەشانە و هێرشی نیزامیی جەنایەتکارانە بەنیازە کێشە و گوشارەکان لەخۆی دوور بخاتەوە تا بەڵکوو بتوانێ درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات.
کۆمەڵە، تەبلیغات و هەڕەشە و کردەوەی نیزامیی کۆماری ئیسلامی دژبە ئۆردووگاکانی پەنابەرانی سیاسی و ئەحزابی ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە هەرێمی کوردستان بەتوندی مەحکووم دەکات و لە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان و سەرانسەری ئێران، لە چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان داواکارە بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەگونجێ دژبە هەرجۆرە هێرشی نیزامی و کردەوەی تەخریبی کۆماری ئیسلامی بەرانبەربە چالاکانی سیاسی و پەنابەرانی نیشتەجێ لە کوردستانی عێراق ناڕەزایەتی دەربڕن. کۆمەڵە لە خەڵکی کوردستانی عێراق، کە لەگەڵ پێشینەی سیاسەت و دەخاڵەتگەریی کۆماری ئیسلامی و بۆمبارانی ناوچە سنوورییەکان لەلایەن ئەم ڕژیمەوە ئاشنان، چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هەڕەشە و تەبلیغاتە درۆیینە بۆ جارێکی تر هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ خەباتی خەڵکی کوردستانی ئێران دژبەم دەسەڵاتە تاوانکارە ڕاگەیەنن. بێگومان کردەوە و هەڕەشەی نیزامی و تیرۆریستی ناتوانێ کۆماری ئیسلامی لە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانە لەلایەن بزووتنەوە بەهێزە کۆمەڵایەتییەکان ڕزگار بکات.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١١ی جۆزەردانی ١٤٠٢
١ی ژۆئەنی ٢٠٢٣