فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە لەدژی حوکمی ئێعدامی شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری
سێشەممە ۲۸-۰۵-۱۴۰۴   |  19-08-2025

هەواڵی پەسندکرانی حوکمی ئێعدامی شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری، لەلایەن دیوانی باڵای ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تووڕەیی و بێزاری و ناڕەزایەتیی هەموو چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبی دژبەم حوکمە نامرۆڤانە و دژەکرێکارییە لە سەرتاسەری ئێران لێکەوتووەتەوە. ئەم حوکمە بۆ جارێکی دیکە سرووشتی کۆنەپەرستانە، سەرکوتگەر، دژەژن و دژەکرێکاریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە چینی کرێکار و ژنانی ستەملێکراو و ئازادیخوازی ئێران نیشاندا. شەریفە محەممەدی ژنێکی تێکۆشەر و ئازادیخوازە کە بێجگەلە دیفاع لە مافی کرێکاران و ژنانی ستەمدیدەی ئێران هیچ تاوانێکی تری نییە. تەنیا تاوانی ئەو لە نیزامی دژەژن و دژەکرێکاری کۆماری ئیسلامیدا، بەرگری کردن لە مافی کرێکاران و زەحمەتکێشانە.

لقی یەکی بێدادگای دژەئینقلابی ئیسلامی لە ڕەشت لە ڕێکەوتی ١٤ی مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٣، دوای حەوت مانگ ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی لە وەزارەتی ئیتلاعات، شەریفە محەممەدی چالاکی کرێکاریی بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە “کۆمیتەی هاوئاهەنگیی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان” و بە تۆمەتی درۆینەی ئەندامیەتی لە کۆمەڵە، کە لە یاسای کۆنەپەرستانەی فێقهیدا پێی دەوترێ “بەغی”، موحاکمە و بە ئێعدام مەحکووم کرد. دوای ئەوە، حوکمی ئێعدامی شەریفە لە لقی ٢٩ی دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٣دا هەڵوەشایەوە. بەڵام بە وتەی ئەمیری ڕەئیسیان پارێزەری شەریفە محەممەدی “لقی ٣٩ی دیوانی باڵا کە پێشتر حوکمی شەریفەی محەممەدیی هەڵوەشاندبووەوە، ئەمجارە سەرەڕای هەموو ناڕوونی و ئیراداتی ئەو پەروەندەیە، حوکمی ئێعدامی پەسەند کردووە”.

هێزە ئەمنیەتییەکانی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیمی ئیسلامی لە بارودۆخێکدا لەڕێگەی پەروەندەسازیی ئەمنیەتییەوە شەریفەی محەممەدییان بە ئەندامیەتی لە کۆمیتەی هاوئاهەنگی تۆمەتبار کردووە و ئەم ڕێکخراوە عەلەنی و سەربەخۆیەیان سەربە کۆمەڵە ڕاگەیاندووە کە کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هەتا ئێستا گەلێک جار لێبڕاوانە ئەم ئیدیعا بێ بنەما و ئەساسەی ڕەت کردووەتەوە.

لێدانی تۆمەتی “بەغی” لە شەریفەی محەممەدی نەتەنیا هیچ پەیوەندییەکی بە چالاکییەکانی ئەوەوە نییە، بەڵکوو نیشانەی هەوڵی نەخشەمەندی دەزگای سەرکوتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ کوشتنی هەڵسووڕاوانی کرێکاری و چاوترسێن کردنی هەموو چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە کە لە ڕێکخستن و پەرەپێدانی ئەم بزووتنەوانەدا دەورونەخشیان هەیە. حوکمی ئێعدامی شەریفە محەممەدی بڕیارێکی سیاسی و ئەمنیەتییە کە بە تەئیدی دەزگای ئەمنیەتی و قەزایی حکوومەتی سەرمایەی ئیسلامی دەرکراوە. سەرانی کۆماری ئیسلامی دەیانهەوێ ڕیسوایی و شکستی زەلیلانەیان لە شەڕی دوازدە ڕۆژە بەرامبەر ئیسرائیل، بە ئێعدامی چالاکانی کرێکاری و بە پەرەپێدانی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگا قەرەبوو بکەنەوە. بەڵام ئەزموون نیشانی داوە کە ستراتێژی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی وەک ڕەمزی مانەوەی ئەم ڕژیمە جنایەتکارە نەیتوانیوە کۆمەڵگا چاوترسێن بکات. درێژەی کەمپەینی شکۆمەندی نا بۆ ئێعدام لە ناو زیندان و ئەشکەنجەخانەکانی ڕژیم، دەرخەری ئەم حەقیقەتە سادەیەیە. بزووتنەوەی کرێکاری و ئازادیخوازی لە ئێران و بزووتنەوەی خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی لە حاڵی تێپەڕین لە ستراتێژی سەرکوتی کۆماری ئیسلامیدایە.

دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ شەریفەی محەممەدی نیشانەی ئەوەیە کە ڕژیمی داماوی کۆماری ئیسلامی کەوتووەتە لێواری هەڵدێرێک کە بۆ دەربازکردنی خۆی پێویستی بە گرتنی گیانی ئەم ئینسانە ئازادیخوازەیە. بێگومان بە حوکمی ئێعدامی شەریفە، ئەمجارە دروشمی سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە، کرێکاری زیندانی، زیندانیی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ بەهێزتر لە ڕابردوو لە ناوەوە و دەرەوەی زیندان و ئەشکەنجەخانەکانی ڕژیم هاوار دەکرێت. کۆمەڵە، هاوڕێ لەگەڵ هەموو ئەحزاب و ڕێکخراوە سیاسی و شۆڕشگێڕەکان داوا لە هەموو ئنیسانێکی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب دەکات کە لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران بە بەڕێوەبردنی هەڵمەتی بەرینی سیاسی – تەبلیغی بۆ کۆبوونەوەی ئیعتڕازی و بە وتنەوەی دروشمی سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە، کرێکاری زیندانی، زنیدانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ئازادیی بێ شەرت و مەرجی شەریفە محەممەدی و سەرجەم زیندانییانی سیاسی و کرێکاران و موعەلیمانی بەندکراو، بخەنە ژێر فشارەوە.

زنیدانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ

سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی دەسەڵاتداریەتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی

١٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٥ی زایینی

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv