فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە لە مەحکوومکردنی پەلامارە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئۆردوگای سازمانی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە زڕگوێزەڵە
هەینی ۲۶-۰۴-۱۴۰۵   |  17-07-2026

ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی، لە درێژەی پەلامارە مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر ئۆردوگاکانی حیزب و هێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کاتژمێر ٦ی بەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥، ئۆردوگای سازمانی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە زڕگوێزەڵەی سەر بە شاری سلێمانیشی دایە بەر پەلاماری مووشەکی. لەم پەلامارە مووشەکییانەدا، بەداخەوە تا ئێستا ٩ پێشمەرگەی ئەم سازمانە بە ناوەکانی: ساوان نیکیخا، یاسین کیانپوور، زەکەریا فەقێ حەسەن ئاوا، سینا سەفەری، سرووش نەسری، ئەحمەد مەحموودی، فەرهاد قەمەری، ڕەزا سادقی و کەسرا ڕەحمان‌نژاد، گیانیان لە دەست داوە و سێ پێشمەرگەی دیکەش بە سەختی بریندار بوون و چارەنووسی دوو کەسی دیکەشیان نادیارە. بەهۆی ئەم پەلامارانەوە، زەوی و لەوەڕگەکانی دەوروبەریش ئاگریان تێبەر بووە و زیانی دارایی بە خەڵکی مەدەنیی ناوچەکە گەیشتووە.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە خۆی یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی هەڵگیرسانی شەڕێکی کۆنەپەرستانە و تاوانکارانەیە لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا لە ئاستی ناوچەکەدا، و لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا کەوتووەتە ژێر گوشاری شەپۆلێکی نوێ و قورسی پەلامارە ئاسمانی و مووشەکییەکانی ئەرتەشی ئەمریکا، دەیەوێت بە پەرەپێدانی ئەم شەڕە وێرانکەرە بۆ ئاستی ناوچەکە، بەرەنگاری ئەم دۆخە ببێتەوە. لەم نێوەندەدا ئەگەرچی بۆردومان و پەلامارە مووشەکی و درۆنییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئۆردوگاکانی حیزب و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان بابەتێکی نوێ نییە، بەڵام لەم قۆناغەدا ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی، سیاسەت و هەڵوێستگەلی شەڕخوازانەی هێزەکانی هاوپەیمانیی شەش هێزی سیاسیی کوردستانیشی کردووەتە بیانوو بۆ درێژەدان و پەرەپێدانی پەلامارە مووشەکییەکان بۆ سەر ئۆردوگاکانی ئەم هێزانە و نائەمنکردنی شارەکانی کوردستانی عێراق، و هەموو ڕۆژێک تاوانێکی نوێ دەخوڵقێنێت. بە جۆرێک کە لە ئاکامی پەلامارەکانی چەند مانگی ڕابردوودا تا ئێستا، زیاتر لە ٣٠ کەس لە پێشمەرگەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ناوچەی هەرێمی کوردستان گیانیان لە دەست داوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. ئەم کردەوە تاوانکارانەیەی ڕژیم، نیشانەی ئەوپەڕی داماویی و قووڵیی ئەو قەیرانەیە کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی تێیدا گیری خواردووە و هیچ ڕێگەیەکیشی بۆ دەربازبوون لێی نییە و وەها پەلامارگەلێکیش ناتوانن ببنە زامنی درێژەدان بە دەسەڵاتە نگریسەکەی.

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، وێڕای مەحکوومکردنی پەلامارە مووشەکی و درۆنییەکانی ڕژیمی ئیسلامی بۆ سەر ئۆردوگاکانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کوردستانی عێراق، پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکار و هاوسەنگەرانی ئەو پێشمەرگانە دەکات کە بوونەتە قوربانیی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە درێژەدان بە وەها پەلامارگەلێک، ئەمنییەت و ئاسایشی خەڵکی کوردستانی عێراقیشی خستووەتە مەترسییەوە و تا ئێستاش زیانێکی زۆری پێ گەیاندوون. بێگومان ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە سیاسەتە شەڕانگێزییەکانی و بە پەرەپێدانی شەڕیشەوە، ناتوانێت درێژەی دەسەڵاتە نگریسەکەی مسۆگەر بکات.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥

١٧ی جوولای ٢٠٢٦