
دوای ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد لە سووریە، نزیکەی مانگێکە هێزە میلیشیاکانی سەربە دەوڵەتی تورکیە قۆناغێکی تازەیان لە هێرش بۆسەر شار و گوندەکانی کوردستانی سووریە “ڕۆژاوا” دەستپێکردووە و ئەرتەشی تورکیە بە تۆپخانەی قورس و درۆن لە بنکەکانی ئەم هێزانە پشتیوانی دەکات. دەوڵەتی تورکیە لە هەمان کاتدا بە نفووزێک کە لەناو حاکمانی هەیئەتی تەحریری شامدا هەیەتی دەیهەوێ ئەزموونی “ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژاوا” لەناوبەرێت و هێزەکانی سووریەی دیموکرات چەک بکات و لەگەڵ ئەرتەشی حکوومەتی ئیسلامیی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو تێکەڵیان بکات. ئەم سیاسەتە فاشیستییەی دەوڵەتی ئەردۆغان دژبە خەڵکی کوردستان و هێرشی نیزامیی جەنایەتکارانەی بۆسەر کوردستانی سووریە بە بیانووی بێبنەما و ناڕاستی “بەرقەرارکردنی ئاسایش لە ناوەوەی تورکیە” لە کاتکێدا بەڕێوەدەچێت کە ڕێبەریی “ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژاوا” و هێزەکانی سووریەی دیموکرات (هەسەدە)، گەلێک جار ڕایانگەیاندووە کە هیچ کات لەدژی تورکیە لە سنوورەکانی ئەم وڵاتە چالاکییان ئەنجام نەداوە و حازرن لەم پەیوەندییەدا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیە گفتوگۆ و دانوستان بکەن.
لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حکوومەتی تورکیە گرووپە چەکدارە بەکرێگیراوەکانی بۆ داگیرکردنی منبیج و کۆبانی پڕچەک کردووە و بە پشتیوانی ئاسمانی و تۆپخانەی قورس هێرشێکی بەرینی بۆسەر گوندەکانی دەوروبەری بەنداوی ستراتیژی تەشرین لە “قەرەقوزاخ” لە نێوان کۆبانی و منبیج دەستپێکردووە. بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتی فەرماندەیی هێزەکانی سووریەی دیموکرات، ئەرتەشی تورکیە ناوچەکانی دەوروبەری پردی قەرەقوزاخ و باشووری کۆبانیی بە چڕی تۆپباران کردووە و زیانێکی زۆری بە خەڵکی ناوچەکە گەیاندووە. بەپێی هەر ئەم ڕاپۆرتە شەڕ لە ناوچەکە هەروا بەردوامە و هەتا ئێستا گرووپە بەکرێگیراوەکانی دەوڵەتی تورکیە نەیانتوانیوە بەرەو هیچ گوندێک پێشڕەوی بکەن. هێرشەکانی هەتا ئێستایان تووشی شکست بووە و دەیان تیرۆریست کوژراون. ژمارەیەک تانک و زرێپۆش تێکشکێندراون و سەکۆیەکی هاویشتنی مووشەکیشیان لەناوبردووە.
دەوڵەتی فاشیستی تورکیە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەت لەم چەند مانگەی دواییدا بە بۆمبارانی قورسی ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی بەرق، سووتەمەنی، ئاو و ژێرخانە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ناوەندە سەنعەتییەکان و کارگاکان لە شار و گوندەکانی کوردستانی سووریە بۆ نموونە بۆمبارانی ناوەندی پۆمپاژی ئاو لە دەوروبەری شاری “حەسەکە” لە مانگی سەرماوەزی ڕابردوو، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە خەڵکی شار و گوندەکانی دەوروبەری بێ ئاو و بێ بەرق کردووە و زەرەر و زیانێکی زۆری لە خەڵکی ئەم ناوچەیە داوە. دەوڵەتی تورکیە بەم هێرشە وەحشیانەیە سرووشتی شوڤنیستیی خۆی بۆ جارێکی تر نیشان دا. ئەم تاوانانە کە لەلایەن ئەرتەشی ئەندامی پەیمانی ناتۆوە ئەنجام دەدرێ، نموونەی ئاشکرای “تاوانی شەڕ لەدژی مرۆڤایەتی”یە و لەبەرچاوی هێزە ئەمریکاییەکانی نیشتەجێ لە ناوچەی کۆبانی کە گۆیا “هاوپەیمانی ڕۆژاوا”ن بەڕێوەدەچێت. بەرینایی هێرشی بەکرێگیراوانی دەوڵەتی تورکیە و پشتیوانی تۆپخانەی قورس و هێزە ئاسمانییەکانی ئەرتەشی تورکیە، نیشانەی ئەوەیە کە ئەم هێرشانە لە ڕێککەوتنێکی کردەوەیی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکادا ئەنجام دراون.
لە بارودۆخی ئێستادا بەلەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییانەی کە لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکیە، هەیئەتی تەحریری شام و ئەمریکا هەڕەشە لە بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵکی کوردستان دەکەن، تەنیا بەشداریی چالاکی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و پیاوانی ستەملێکراوی کوردستانی سووریە لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگا و جێخستنی دەستکەوتە دیموکراتیکەکانی هەتا ئێستا، چەکدارکردنی گشتی بۆ بەرگری لەم دەستکەوتانە و هەوڵدان بۆ پێکهێنان و قامکردنی پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە سەرتاسەری سووریە دەتوانێ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ تێپەڕین لەم قۆناغە بەڕووی کۆمەڵگادا بکاتەوە. لەم بارودۆخەدا تەنیا ئەو هێزە دەتوانێ خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لەم دەربازگەیە تێپەڕێنێ و بەرژوەندیان نوێنەرایەتی بکات کە باوەڕی بە دەورونەخشی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە بەڕێوەبردن و دیاریکردنی چارەنووسی کۆمەڵگا بە پراتیک سەلماندبێ و هەموو ڕاستییەکان سەبارەت بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و بەرژەوەندە ستراتێژیکەکانی لە هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی تورکیە بۆ خەڵک باس بکات.
کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هێرشی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە بۆسەر خەڵکی کوردستانی سووریە بەتوندی مەحکووم دەکات. ئەم شەڕە داگیرکەرانەیە لە بارودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە دەوڵەتی ئەردۆغان کە لە ناوەوەی تورکیە بەرەوڕووی گەلێک قەیرانە، ماوەیەکە فریوکارانە باسی ئاشتی لە نێوان کورد و تورکی هێناوەتە گۆڕێ. کۆمەڵە لە هەموو جەماوری کرێکار و زەحمەتکێش، لە بیروڕای پێشڕەو و ئازادیخواز و بەرابەریتەڵەب و لە ناوەندە مرۆڤدۆستەکان داواکارە کە هێرشەکانی حکوومەتی تورکیە بۆسەر “ڕۆژاوا” مەحکووم بکەن. داوا لە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان دەکەین بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن هاوپشتیی خۆیان لە بزووتنەوەی موقاومەت و بەرخۆدانی کوردستانی سووریە ڕاگەیەنن. پێویستە لە دەرەوەی وڵات بە بەڕێوەبردنی هەڵمەتی سیاسی و تەبلیغی هێرشی فاشیستی دەوڵەتی تورکیە ئیدانە بکەین. پێویستە لە بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵکی کورستانی سووریە بەرامبەر بە هێرشی دەوڵەتی تورکیە و پیلانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی سووریە بۆ چەک کردن و تێکشکاندنی ئەم بزووتنەوەیە، لێبڕاوانە پشتیوانی بکەین.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٦ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی
٥ی ژانویەی ٢٠٢٥ی زایینی