فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەبارەت بە شەڕخوازی و کوشتاری کۆماری ئیسلامی لە کوردستان
شەممە ۲۳-۰۷-۱۴۰۱   |  15-10-2022

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

سەبارەت بە شەڕخوازی و کوشتاری کۆماری ئیسلامی لە کوردستان

سەرەڕای تێپەڕینی ٢٤ ڕۆژ لە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی “مەهسا”، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵک لە کوردستان و سەرانسەری ئێران دژبە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەروا درێژەی هەیە. ئەم ئاخێزە سەرانسەرییە کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت، پایەکانی حکوومەتی ئیسلامیی سستتر و لاوازتر کردووە و ڕێژیمی خستووەتە مەسیری ڕووخانەوە.

لە حاڵێکدا کە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو بەهۆی هێرشی هێزە بەکرێگیراو  و سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر ڕیزی ناڕازییانی ئازادیخوازی گەڕەکە جۆراوجۆرەکان، شاری سنە بووەتە مەیدانی شەڕ و تێکهەڵچوون، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی مانگی ڕەزبەر ڕێژیمی ئیسلامی، پاسدار ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ڕەوانەی سنە کرد تا بەڵکوو بتوانێ  لە نزیکەوە پیلانێکی جەنایەتکارانەی تر  دژبە خەڵکی خەباتکاری کوردستان بەڕێوەبەرێت. ئەم مۆرە تیرۆریستەی ڕێژیم کە لە ئاستی نێونەتەوەییشدا وەک یەکێک لە مۆرەکانی کوشتار و پێشێلکاری مافی مرۆڤ سزای خراوەتە سەر، هەمان ڕۆژ لە ستادی فەرماندەیی هێزی ئینتزامیی ڕێژیم لە سنە، بە وتنی هێندێک هەڵیت و پڵیت هەوڵی دا تا ئاخێزی ئێستا دژبە دەسەڵاتی ئیسلامی بە دەست و پەیوەندی دەرەکی نیسبەت بدات. لەپێناو بەکردەوە دەرهێنانی  ئەم پڕۆژەیەدا هێزێکی  زۆریش لە سنوورەکانی دەورووبەر جێگیر کراون.

خەڵکی خەباتکار و زەحمەتکێشی کوردستان!

کۆماری ئیسلامی کە ئێستا بە درێژەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا تووشی سەرلێشێواوی بووە، لە هەوڵی ئەوە دایە تا کوشتار و تاوانێکی دیکە لە سنە هاوشێوەی کوشتاری هەفتەی ڕابردوو لە زاهیدان بخوڵقێنێت. تا بە خەیاڵی خۆی بە تۆمەتی بێ بنەما و ڕسوای “وابەستە بوونی ناڕەزایەتییەکان  بە دەسەڵاتەکانی دەرەکی و جیایی خوازان” بتوانێ ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانە و سەرانسەرییە کە گشت دەسەڵاتی ئیسلامیی کردووەتە نیشانە، بەرەو شکست بەرێت و بۆ چەند ساتێکی تر دەسەڵاتە دژە ئینسانییەکەی درێژە پێبدات.  هەڵبەت هەتا ئێستاش زیاتر لە ٣٣ کەس لە خەڵکی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی بەکرێگیراوانی ئەم ڕێژیمە گیانیان بەخت کردووە و سەدان کەسی تریش برینداربوون. حکوومەتی ئیسلامی بەوپەڕی وەحشیگەری و بەربەرییەتەوە گازی فرمێسکڕێژ تەنانەت دەخاتە ناو ماڵەکانەوە، لاوانی تەنیا بە تاوانی لێدانی سیگناڵی ئۆتۆمبێلەکانیان کوشتووە و ژمارەیەکیانی لەژێر  ئەشکەنجەدا کردووەتە قوربانی. بەڵام ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە هەروا درێژەی هەیە و ئەم ڕێژیمە جەنایەتکارە هێستاش نایهەوێ تێ بگات کە بۆ ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش و لاوانی پڕگوڕوتین و شۆڕشگێڕ  لە کوردستان و سەرانسەری ئێران ڕێگایەکی دیکە بوونی نییە بێجگەلە درێژە و پەرەپێدان و بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە لەپێناو ڕزگاری لە ژیانی فەلاکەتبار و نیزامی هەڵاواردنی ڕەگەزی و بێ مافیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی داسەپاو لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە.

کرێکاران، خەڵکی خەباتکاری ئێران!

پیلانگێڕیی ڕێژیم دژبە خەڵکی خەباتکاری سنە و کوردستان تەنیا بە پشتیوانیی ئێوەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە سەرانسەری ئێران و بە پەرەپێدان و بەرەوپێش بردنی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە شکست دێنێت. ئێستا کە کرێکارانی سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمی لە پێترۆپاڵاوگەی هێنگام، دەماوەند و کاویان  لە عەسەلوویە و لە کەنگان و ئابادان بە بەڕێوەبردنی مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و بە ڕاگەیاندنی هاوپشتیی خۆیان، توانایەکی تازەی بەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە بەخشیوە، نابێ دەرفەت بە ڕێژیمی ئیسلامی بدرێت تا کوشتار و جەنایاتی زیاتر دژبە خەڵک ئەنجام بدات. بێگومان بە درێژەی خەباتی یەکگرتووانە و یەکپارچە دەتوانین پاشەکشە بە دەستدرێژیی جەنایەتکارانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بکەین و تێکی بشکێنین.

سەرکەوێ ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا

بڕووخێ کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، دەسەڵاتی شۆرایی

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠١

١٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢