بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ڕایدەگەیەنین کە هاوڕێ فواد زەمانی لە ئەندامان و کادرەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەرەبەیانیی ١٩ی ژوئەنی ٢٠٢٤ بەرابەر بە ٣٠ی مانگی جۆزەردانی ١٤٠٣ بەهۆی ڕاوەستانی دڵەوە لە ماڵی خۆی لە شاری مەنچێستێری ئینگلیس، لە تەمەنی ٤١ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
هاوڕێ فواد لە مانگی ڕێبەندانی ١٣٦٢ی هەتاویدا لە بنەماڵەیەکی کرێکاری لە شاری سنە لە دایک بوو. هەر لە سەردەمی منداڵییەوە لەگەڵ ڕەنج و ژانی کرێکاران و زەحمەتکێشان ئاشنا بوو. شوێنی ژیان و ئاشنایی لەگەڵ ژیانی بەشمەینەتانی کۆمەڵگا کاریگەریی بەرینی بوو لە شکڵدان بە بیروباوەڕی سیاسیی فواد لە تەمەنی تازەلاویدا. ئەو هەر لەو سەردەمەوە لەژێر کاریگەریی فەزای خانەوادە و فەزای سیاسیی کۆمەڵگا هۆگری بیری خەباتکارانە بوو و خۆی بە هەواداری کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دەزانی. فواد کە خوێندنی لە ڕشتەی حقووقدا تەواو کردبوو ئەمجارە زۆر هۆشیارانەتر، لە ئامانجەکانی کۆمەڵە و سیاسەتەکانی لە کۆڕی لاوانی هاوتەمەنی خۆی دیفاعی دەکرد. هاوڕێ فواد زەمانی لە ساڵی ٢٠١٤دا لە حاڵێکدا کە مەسیری سیاسیی خۆی ئاگاهانە هەڵبژاردبوو، بۆ پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی پێشمەرگە و تەشکیلاتی عەلەنیی کۆمەڵە سەردانی فێرگەی کۆمەڵەی لە کوردستانی عێراق کرد و دوای تەواوکردنی سەرکەوتووانەی دەورەی ئامووزشی، لە یەکێک لە واحدە نیزامییەکانی کۆمەڵەدا سازماندرا. فواد بەهۆی تواناکانی و بەهۆی خۆشەویستبوونی لەناو پێشمەرگەکان، زۆر زوو بەرپرسایەتی یەکێک لە واحدە نیزامییەکانی وەعۆهدە گرت. فواد بە گڕوتینەوە چالاکییەکانی بەڕێوەدەبرد. لە دەورەیەکدا بەرپرسی ئیجرایی ڕادیۆ کۆمەڵە بوو و هاوکات لە کەناڵی تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەرپرسی ئامادەکردن و ئیجرای بەرنامەکانی تەلەڤیزیۆن بوو و لە هەموو ئەم بەشانەدا کارەکانی بەباشی بەڕێوەدەبرد. فوادی لاو کە هەر لە سەرەتای منداڵی و تازەلاوییەوە لەگەڵ ژیان و کار و ڕەنجی کرێکاران و زەحمەتکێشان ئاشنا ببوو ئەمجارە لە تریبوونی دەنگی شۆڕشی ئێران و لە کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی حیزب و کۆمەڵەوە بۆ ئەم جەماوەرە ڕەنجدیتووەوە لە زەروورەتی چینایەتیی یەکگرتن و هاوپشتی و لە ئاسۆی سەرکەوتن دەدوا. فواد بەهۆی ئەم پێشینەیە و بەهۆی میهرەبانی و دڵسۆزییەوە ببووە سیمایەکی سەمیمی و جێگای متمانە لەناو هەموو هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی و ببووە کەسایەتییەکی ئاشنا و خۆشەویست لەناو خەڵکدا.
فواد دوای زیاتر لە چوار ساڵ چالاکیی سەختکۆشانە و شەو و ڕۆژی لە بەشە جۆراوجۆرەکانی تەشکیلاتی عەلەنیی کۆمەڵە لە ساڵی ٢٠١٨دا بەرەو ئورووپا سەفەری کرد و دوای تەحەمولی سەختییەکانی ئەم مەسیرە، لەوانە دەستگیری و مەترسیی دیپۆرتکردانەوە بۆ ئێران لە تورکییە و پاشان لە یونان، سەرەنجام لە ساڵی ٢٠٢٠دا گەیشتە وڵاتی ئینگلیس و لە شاری مەنچێستێر نیشتەجێ بوو. فواد پاش تێپەڕاندنی ماوەی نیشتەجێبوون و کاروباری پەنابەری، ئەمجارە وەک ئەندامی ڕێکخراوی دەرەوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران درێژەی بە چالاکییەکانی خۆی دا.
بە مەرگی ناوادەی هاوڕێ فواد زەمانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان یارێکی دڵسۆز و بەوەفای خۆیان و کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش هاوڕەزمێکی ڕۆشنبین و باوەڕپێکراویان لەدەستدا. بەبۆنەی کۆچی دڵتەزێنی هاوڕێ فوادەوە پڕ بە دڵ سەرەخۆشی دەکەین لە ئەندامانی بنەماڵە و کەسوکار و دۆستانی لە شاری مەنچێستێر، لە کرێکاران و زەحمەتکێشان و لە هەموو هاوڕێیانی ڕیزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران.
یادی فوادی ئازیز بەڕز و بەڕێز بێت
کۆمیتەی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٣
٢٠ی ژوئەنی ٢٠٢٤