٨ی مانگی پووشپەڕ شانۆی هەڵبژاردنی “سەرۆک کۆمار” بەمەبەستی دیاریکردنی جێنشین بۆ ڕەئیسیی جەنایەتکار بەڕێوەدەچێت. شەش کاندیدە پەسندکراوەکەی شۆرای نیگەهبانی ڕژیم، لە مۆرە ئەمنیەتییەکان و سپای پاسداران و کەسانی گوێڕایەڵ و جێگای متمانەی خامنەیی و دەزگای ناوەندیی سپای پاسداران پێکهاتوون. ئەوان پێشینەیەکی دوورودرێژیان لە گەندەڵی، ڕانتخۆری و فریودانی خەڵک هەیە. ئەم شەش کەسە لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامییەوە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە سەرکوتی ناڕەزایەتیی کرێکاران، خوێندکاران، ژنان، موعەلیمان، خانەنشینان، زیندانییانی سیاسی، ڕۆژنامەوانان دەورونەخشیان بووە. ئەوان بەرپرسن لە سەرکوتکردن و کوشتاری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و خەڵکی بەلووچستان، بەرپرسن لە سەرکوت و کوشتاری ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی ٩٦ و ٩٨ی هەتاوی و بزووتنەوەی ژینا.
جگە لەوەش سرووشتی ڕاستەقینەی گاڵتەجاڕییەکانی هەڵبژاردنی ڕژیمی ئیسلامی بۆ کرێکاران و خەڵکی ئێران ئاشکرایە و گەلێک ئەزموون و زانیارییان هەیە سەبارەت بە دەستێوەردانی ڕژیم لە هەڵبژاردنەکانی چوار دەیەی ڕابردوودا. خەڵک لەبیریانە کە چۆن سەرۆک کۆمارەکانی پێشووی حکوومەتی ئیسلامی بە فەرمانێک لەسەر کار لابردراون و یان لەگەڵ سەرهەڵدانی چکۆلەترین ناکۆکی لەگەڵ دەزگای ڕێبەریی سپای پاسداران و خامنەیی، خراونەتەوە پەراوێزەوە. خەڵک دەزانن کە ڕێبەرانی دەسەڵاتی ئیسلامی هەتا ئێستا بە بێ لەبەرچاوگرتنی دەنگی ناو سندووقەکان، ناوی کەسانی خوازراوی خۆیان لە سندووقەکان دەرهێناوە و وەک سەرۆک کۆمار ڕایانگەیاندوون.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکدا شانۆی هەڵبژاردنی ڕۆژی ٨ی پووشپەڕ بەڕێوە دەبات کە خۆی دەزانێ لەسەر چ دەریایەک لە تووڕەیی و بێزاریی خەڵک حکوومەت دەکات. ئاخێزە کۆمەڵایەتییەکانی حەوت ساڵی ڕابردوو لەدژی کۆماری ئیسلامی بەباشی ئەم واقعییەتەیان بە ڕژیم نیشان داوە کە چ دوژمنایەتییەکی قووڵ و ئاشتیهەڵنەگر لە نێوان کۆماری ئیسلامی و کرێکاران و زۆرینەی خەڵکی ئێراندایە. لە حاڵێکدا کە کردەوەی ڕژیم بەرامبەر بەم ئاخێزانە، کوشتن و سەرکوت و ئێعدام و ئەشکەنجە بووە، سەرانی ئەم دەسەڵاتە خۆشیان باش دەزانن کە ئەم گاڵتەجاڕییەش ئاکامێکی باشتری لە هەڵبژاردنەکانی چوار مانگی ڕابردوو نابێت و ناتوانن لەم ڕێگەوە مەشرووعییەت بۆخۆیان بتاشن. لەلایەکی دیکەوە بەلەبەرچاوگرتنی درێژە و پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێستا، شکستێکی سەرشۆڕانەتر چاوەڕوانیان دەکات.
هەڕەشە و هوشدارە توندەکانی خامنەیی و دەزگا ئەمنییەکان و دەزگای قەزایی بە کاندیدەکان بۆ خۆبەدوورگرتن لە “لەجەن پەڕاکەنی” واتە لەقاونەدانی پەروەندەی گەندەڵی و دزیی یەکتر، هەڕشەکردن لە خەڵک بۆ پەروەندەسازی و سزا لە ئەگەری ئەنجامدانی ڕۆشنگەری سەبارەت بە گاڵتەجاڕی ئینتخابات، هەر هەموویان نیشانەی ترس و نیگەرانیی ڕژیمی ئیسلامییە لە شکستێکی یەکجار سەختتر. لەو نێوەدا هەوڵی زەبوونانەی بەرەی ڕێفۆرمخوازی حکوومەتی لە سواڵکردن و پاڕانەوەیان لە شۆرای نیگەهبان بۆ ڕەت نەکردنەوەی سەلاحیەتی یەک کاندید وەک مەرجی بەشداریکردنیان لە ئینتخابات، کە لەلایەن ڕژیمیشەوە قەبووڵ کرا، هەوڵێکە بۆ گەرمکردنی تەنووری ساردی ئینتخابات و نیشانەی ترس و نیگەرانیی حکوومەت و ڕێفۆرمخوازانە لەئاست چارەنووسی کۆماری ئیسلامی. کرێکاران و توێژەکانی تری کۆمەڵگا بەتایبەت لەماوەی چەند ئینتخاباتی ڕابردوودا نیشانیان داوە کە نە تەنیا لە ئینتخاباتی ڕژیم بەڵکوو لە گشت حکوومەتی ئیسلامی تێپەڕیون. تا ئەو جێیەی کە لەئێستادا بەرەیەکی بەهێز دژبە کۆماری ئیسلامی شکڵی گرتووە. لەم ڕووەوە پڕوپاگەندە و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی کاریگەرییەکی لەسەر بڕیاری لێبڕاوانەی خەڵک بۆ تێکشکاندنی گاڵتەجاڕی ئینتخابات نابێ.
ئێستا کاتی ئەوەیە کە تێکۆشەرانی چەپ و کۆمۆنیست و ڕێبەرانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەست بە کار بن و بە دەنگی ڕەسای خۆیان و جەماوەری خەڵک لە سەرتاسەری ئێران ڕایگەیەنن کە “لە شانۆی هەڵبژاردنی ڕژیمدا بەشداری ناکەین”. پێویستە هەوڵ بدرێت کۆماری ئیسلامی لە گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەم گاڵتەجاڕییە زیاتر لە ڕابردوو بێهیوا بێت. بێگومان بە لەقاودانی تاکتیک و فریوکارییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و شکستی حکوومەت لەم نمایشە ئینتخاباتییە، ڕەوتی ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە دز و گەندەڵە خێراتر دەبێتەوە. ڕژیمێک کە هەتا ئێستا جگە لە داسەپاندنی هەژاری و فەلاکەت، بێکاری و برسیەتی، سەرکوت و کوشتار، هەڵاواردنی ڕەگەزی و نەتەوەیی، زەوتکردنی ئازادی لە کۆمەڵگا، بێجگە لە داسەپاندنی جەهل و خورافە و یاسای پرتووکاوی ئایینی بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا هیچ دەستکەوتێکی نەبووە، بۆچی دەبێ لەسەر کار بمێنێتەوە؟ لە کوردستان خەڵکی تێکۆشەر و خەباتکار هەر لە سەرتاوە هەتا ئێستا لە شکست پێهێنانی شانۆ ئینتخاباتییەکانی ڕژیمدا پێشەنگ بوون. بۆ جەماوەری کوردستان نە ئینتخابات و نە هاتنەدەری ناوی هیچ کام لەم مۆرانەی حکوومەتی ئیسلامی، کە هەر لە پێشترەوە بۆ پۆستی “سەرۆک کۆمار” دەستنیشان کراون، هیچ بایەخێکی نییە.
کۆمەڵە لە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، لە هەموو چالاکانی چەپ و کۆمۆنیست و لە ڕێبەران و پێشڕەوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان داواکارە کە بۆ شکستی هەرچی لێبڕاوانەتری کۆماری ئیسلامی لە شانۆی هەڵبژاردنی ٨ی مانگی پووشپەڕ، ئەم ڕۆژە بکەنە ڕۆژی نمایشی شکۆمەندی یەکگرتوویی و هاوپشتی و عەزمی یەکگرتووانەی خۆیان بۆ درێژەدانی خەبات لەپێناوی ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە. بێگومان شکستدانی کۆماری ئیسلامی لەم شانۆی ئینتخاباتییە دەتوانێ ببێتە دەرفەتێکی دیکە بۆ پشڕەوی و پەرەپێدانی خەبات لەپێناوی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم دەسەڵاتە دژەئینسانە.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی
١٩ی ژوئەنی ٢٠٢٤ی زایینی